ناونیشان: سیاسەتی ئێراق لەبەرانبەر نەوتی هەرێمی کوردستان؛ ڕێکخستنەوە یان کۆتاییپێهێنان؟
نووسەر: #مەحموود بابان#
ڕۆژی دەرچوون: #07-06-2023#
=KTML_Bold=بەرایی=KTML_End=
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی ئێراق لەبارەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان هەندێک لێدوانی نوێی داوە کە سەرەداوی گرنگی لەبارەی سیاسەتی ڕاستەقینەی ئێراق بۆ داهاتووی پیشەسازی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی تێدایە.
نزیکەی دوو مانگ و پانزە ڕۆژە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان ڕاوەستاوە، کە کۆی زیانەکانی بە سەروو دوو ملیار دولار دەخەمڵێنرێت، ئەمەش بەبێ ئەو بڕەی لەو ماوەیەدا بۆ پاڵاوگەکانی نێوخۆ بەرهەمهێنراوە. بۆ نموونە، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی سەرقەڵا و خۆرمەڵە و سەرسەنگ ئەترووش و هەندێک لە کێڵگەکانی دیکەش بە ئاستی جیاواز بەردەوامبووە، ئەوەش بۆ بازاڕەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان بووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە؛ ئێراق دەیەوێ لەمەودوا چۆن لەگەڵ پیشەسازیی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بجوڵێتەوە؟
لێرەدا لە ڕێی شیکردنەوەی گوتەکانی وەزیری نەوت بۆ تۆڕی میدیایی ڕووداو، لە چوار ڕووی جیاوازەوە، هەڵوەستە لەسەر سیاسەتی ئێراق بۆ پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە ئەوانیش بریتین لە: هۆکاری ڕازینەبوونی تورکیا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەکردووە، دانیشتنەکانی دادگەی پاریس (ICC) لەبارەی ماوەی دووەمی داواکەی ئێراق لەسەر تورکیا ڕاگیراوە. دووەمیان خواستی ئێراق بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان پێش هەناردەکردنەوەی نەوت و، سێیەمیان ناساندنی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی ناوچە کوردستانییەکان دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان یان ناوچە کیشە لەسەرەکان بە ناوچەی بێ کێشە و چوارەمیشیان و لە هەموویان مەترسیدارتر، خواستی ئێراق بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت بۆ بەکارهێنانی لەنێوخۆی ئێراق و هەرێمی کوردستاندا.
=KTML_Bold=بۆچی تورکیا ڕازی نییە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک؟=KTML_End=
هاوکێشەیەکی زۆر سادەیە ئەگەر بەگشتی و لە بڕیارەکەی دادگە (ICC) ەوە تەماشای ئەو پرسیارە بکەین، چونکە تورکیا پابەندکراوە بە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت بەبێ ڕەزامەندیی سۆمۆ. هەروەها تورکیا پابەندکراوە بەوەی کەی 1.4 ملیار دۆلار وەک پێبژاردن بە ئێراق بدات. هەڵبەت بەبێ سوودی ئەو ماوەیەی لەسەر ئەو بڕە پارەیە کەڵەکە بووە. وەزیری نەوت لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەیەکی ڕوون دەدات بەوەی، داوای تورکیا بۆ بەردەوامیدان بە ڕاگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک، دوورە لەوەی باسدەکرێت، کە گوایە کێشەی تەکنیکی بۆرییەکان بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتی 2023ەیە، چونکە ماوەی نێوان بوومەلەرزەکە و ڕاگرتنی نەوت، نزیکەی 47 ڕۆژ بووە. هەروەها دوو مانگ و نیویشە هەناردەی نەوت ڕاگیراوە، واتە بەگشتی زیاتر لە چوار مانگ بەسەر بوومەلەرزەکەدا تێپەڕ دەبێت. بۆ ماوەی 42 ڕۆژ، هیچ کێشەیەک نەبووە، دوو مانگ و نیویش زیاترە کە تورکیا پشکنینی بۆرییەکانی تەواو نەکردووە. ئا لێرەوە بەڕوونی دەردەکەوێت کە گرفتەکە تەکنیکی نییە، بەڵکوو شتێکی دیکەیە. هەرچەندە وەزیری نەوتی عێراش ئاماژە بەوەش دەدات کە تورکیا داوای لێخۆشبوونی لە 1.4 ملیار دولارەکە نەکردووە و ئێراق سکاڵاکەی نێوان ساڵانی 2018 بۆ ئاداری 2023 ڕاگرتووە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە؛ تورکیا بەدوای چییەوەیە؟ لەکاتێکدا سۆمۆ واژۆی گرێبەستەکانی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکانیش کردووە؟ بۆ زانینی وەڵامی ئەم پرسیارانە دەبێت چاوەڕوانی ڕۆژانی داهاتوو، بەتایبەت نیوەی دووەمی ئەم مانگە بێن، کە چاوەڕواندەکرێت بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەموو کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
لێرەدا پرسیارێکی دیکەی زۆر گرنگ دێتەئاراوە، کە ئەوەیە؛ ئەگەر بەغدا بەتایبەت چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان، لە ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە بودجەی 2023ی ئێراق هاتبوو، پەشیمان بووبێتنەوە وەک ئەوەی باسدەکرێت، ئایا هەرێمی کوردستان وەک 2014 پەنا دەباتەوە بۆ تورکیا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لەدەرەوەی ئەو ڕێکارانەی لە ماوەی 4ی نیسانی 2023 لەنێوان هەولێر و بەغدا گیراونەتەبەر یان نا؟ چونکە وادیارە بەغدا پابەندی ڕێککەوتنەکان و تەناتەت ڕێککەوتنی سیاسی پێکهێنانی حکومەتی محەمەد شیاع سوودانی نابێت، بۆیە لە ڕێگەی لیژنەی داراییەوە بەندەکانی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ئێراقی دەستکاریکرد و، ئێستاش باس لە پێویستیی ڕێککەوتنی نوێ دەکەن.
=KTML_Bold=پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت IOC=KTML_End=
پێشەکی، گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەجۆری هاوبەشیکردنە لە بەرهەمهێنانی نەوت (PSA) ، کە ئێراق تاوەکوو ئەم دواییانەش ڕەتیکردووەتەوە. هەرچەندە ئێراق لە خولی پێنجەم و خولی شەشەمی گرێبەستەکانی گەڕان، پەرەپێدانی نەوت و گازدا کە چاوەڕواندەکرێت کۆتایی ئەم مانگە بڵاوبکرێتەوە پەیڕەوی لەو جۆرە گرێبەستانە کردووە، بەڵام وەزیری نەوت ناوێکی دیکەی لێناوە و ناوی ناوە هاوبەشی لە قازانج، نەوەکو هاوبەشی لە بەرهەمهێنان. ئەمەش بەهۆی ئەو واقیعەی کە لە ئێراق کۆمپانیای سەر بە دەوڵەت و وەزارەتی نەوت وەک کۆمپانیای نەوتی بەسرە، کۆمپانیای نەوتی باکوور و هتد، بەڵام ئەم جۆرە کۆمپانیایانە لە هەرێمی کوردستان نییە تاوەکوو بەشداری بکات لە بەرهەمهێنان، هەر لەبەرئەوەش ئەو شێوازەی وەزیری نەوت باسی دەکات لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو نەکراوە.
هەروەها، بەڕوونی دەردەکەوێت کە خواستی ئێراق دژی خواستی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستانە کە داوای پابەندبوون بەنێوەڕۆکی گرێبەستەکانیان دەکەن لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش شێوازی گرێبەستەکان نەوەکو گۆڕانکاری لە دابەشکردنی ڕێژەی قازانجی بەرهەمهێنان. هەرچەندە ئێستا لیژنەیەکی ئێراقی لێکۆڵینەوە لە گرێبەستەکان دەکات و لیژنەی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی نەوتی ئێراق و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێداچوونەوە بەو گرێبەستانە، دەستبەکار بووە.
لەڕاستیدا، گرێبەستەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت، تەنیا ئەو گرێبەستە گشتگیرەی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێنان نین، بەڵکوو گرێبەستی دەرهێنانی نەوت، هەڵکۆڵینی بیری نوێ و پەرەپێدانی کێڵگەی نەوت و تەنانەت هەناردەکردن و نرخی نەوتیشە، چونکە زۆر بەسادەیی، بەرهەمی نەوتی کێڵگەیەک جیاوازە لە کێڵگەیەکی دیکەی نەوتی، ئەویش بەهۆی بڕ و کوالێتیی نەوتەوە.
تاوەکوو ئێستا لۆبی کۆمپانیاکانی سێکتەری نەوتیش لەنێوخۆی وڵاتەکانیان و لە ڕێگەی ناوەندەکانی بڕیار لەسەر ئێراق، بۆ پاراستنی نێوەڕۆکی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردوویانە بەرهەمێکی ئەوتۆی نەبووە. سەرەڕای دامەزراندنی ناوەندی هاوبەش وەک ئەوەی لە 27ی شوبات ڕایگەیاندووە، هەوڵەکانیان هیچی لەو ڕاستییە نەگۆڕی کە کارەکانیان ڕاگرت و ژمارەی کارمەندەکانیان بۆ نزمترین ئاست کەمکردەوە، سەرەڕای کەمکردنەوەی خەرجیی وەبەرهێنان بۆ نزمترین ئاست و، بەم دواییەش کەمکردنەوە و ناردنەوە ماڵەوەی کارمەندانی بەشی هەڵکەندنی بیری نەوت (drilling) وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی، کە ئەگەر هەناردەکردنیش دەستپێبکاتەوە، ئەوا کارکردنیان لە هەڵکەندنی بیرە نەوتییەکان بەردەوام نابێت.
ئێستا، پێداچوونەوەی گرێبەستەکان لەسەر مێزی گفتوگۆی لیژنە هاوبەشەکانە، لەکاتێکدا کۆمپانیا نەوتییەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان خەریکن بەرەو داڕمان دەڕۆن، ئەویش بەهۆی ڕاگرتنی کارەکانیان، سەرەڕای بەردەوامیی خەرجییە جیاوازەکان و کەمکردنەوەی هەموو خەرجییەکان بۆ نزمترین ئاست. پرسیارێک لێرەدا دێتە ئاراوە، کە ئەوەیە؛ ئایا ئەو پێداچوونەوەیەی بەغدا داوای دەکات کۆمپانیاکان و هەرێمی کوردستان دەچنە ژێر بارییەوە؟ چونکە زۆر بەسادەیی ئەو کۆمپانیانە لە سفرەوە وەبەرهێنانیان لەم کێڵگە نەوتیانەدا کردووە و هەندێکیان ملیۆنان دۆلاریان خەرجکرد و هیچ بەرهەمێکی نەبوو، ئەوەی ئێستاش لە کۆی 56 بلۆکی نەوتی کە 14 بلۆک و کێڵگە وەبەرهێنان و بەرهەمی نەوتی ڕاوەستاوی هەیە، چۆن پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت؟ لەکاتێکدا لە ئێراق بۆخۆی سەروو ملیارێک دۆلار بۆ گەڕان و پەرەپێدانی کێڵگەکان بەتەنیا لەبودجەی ئەمساڵدا (2023) خەرجدەکات!
=KTML_Bold=کێڵگە نەوتی و گازییەکانی ناوچەکانی ماددەی 140=KTML_End=
لێدوانەکانی وەزیری نەوتی ئێراق لەبارەی ناوچە کێشەلەسەرەکان جێی سەرنجن. بەشێوەیەک کە زۆر بەڕوونی لەبارەی گرێبەستەکانی گاز و نەوت کە لە گەڕی پێنجەمی گرێبەستەکانی وەزارەتی نەوتی ئێراق هاتووە، هەروەها چەند گرێبەستێکی دیکەی گەڕی شەشەمدا دێت، نەک پرس بە هەرێمی کوردستان ناکرێت، بگرە دەڵێت ئەوانە ئیدی ناوچەی کێشە لەسەریش نین! ئەمەش لەکاتێکدایە بەپێی ماددەی 140ی دەستوور، ئەم ناوچانە بە کێشەلەسەر دانراون و لە چەند خولی پەڕڵەمان و کابینەکانی ئێراق نەتوانراوە ئەو بڕگەیە کاری لەسەربکرێت، سەرەڕای پێکهێنانی لیژنەکان لە هەموو کابینە وەزارییەکان کە بۆ کورد ئێستا نەک تەنیا باسکردنی خاکە گازی و نەوتییەکان بڤەیە، بگرە زەوییە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانی کوردیش کێشەی تێکەوتووە و ڕۆژێک بەناوی موڵکی عەرەبی هاوردە و ڕۆژێک بەناوی موڵکی سوپاوە ڕێگری لە جووتیارانی کورد دەکرێت ڕەنجەکانیان بچننەوە. لێرەدا ئەو پرسیارەش دێتە ئاراوە؛ ئایا کەس هەیە داوا لەسەر وەزیری نەوت لە دادگەی فیدراڵی تۆمار بکات بەوەی پێشیلی ماددەی 140ی دەستووری کردووە؟
لەڕاستیدا ئەم پێشڤەچوونەی بەرپرسانی ئێراق لەبارەی ئەو ناوچانەوە لە لاوازی و دابەشبوونی نیوخۆی هەرێمی کوردستان سەرچاوە دەگرێت. ئەگەر دوو دەیە هەنگاوی کرداری بۆ جێبەجێکردنی ماددەیەکی دەستووری نەگیرێتەبەر، چۆن بە چوار ساڵی حکومەتێک و هەمواری یاسایەک و کۆمیسۆنێک، چارەسەر بکرێت!
=KTML_Bold=بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ نێوخۆی ئێراق=KTML_End=
قسەکەی وەزیری نەوت لەسەر کڕینەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕی نێوخۆ چەند پرسیارێکی زۆر سادە دەورووژێنن، ئایا ئێراق نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ نیوخۆ بە چەند دەکڕێتەوە؟ ئایا بەو نرخەی لە بودجەی 2023ی ئێراق هاتووە، کە هەندێک لە شیعەکان داوا دەکەن پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە ببەسترێتەوە بە هەناردەکردنی نەوتەوە، یان بەنرخی ئەو نەوتەی سۆمۆ هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی دەکات؟
لەڕاستیدا، هیچ نیازێک لەم نیازەی وەزیری نەوتی ئێراق بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان ناخوێندرێتەوە جگە لە داڕمانی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان، چونکە وەزیری نەوت بەڕوونی باس لە توانای ئێراق بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی ئێراق دەکات، کە دەتوانێت سەروو یەک ملیۆن بەرمیل زیاتر بکات، ئەگەر پابەندبوونی بڕیارەکانی ئۆپێک نەبێت، کەواتە چۆن بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ نیوخۆ ئێراق دەکڕێتەوە؟
لەڕاستیدا، هیچ نیازێک لەم نیازەی وەزیری نەوتی ئێراق بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان ناخوێندرێتەوە جگە لە داڕمانی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان، چونکە وەزیری نەوت بەڕوونی باس لە توانای ئێراق بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی ئێراق دەکات، کە دەتوانێت سەروو یەک ملیۆن بەرمیل زیاتر بکات، ئەگەر پابەندبوونی بڕیارەکانی ئۆپێک نەبێت، کەواتە چۆن بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ نیوخۆ ئێراق دەکڕێتەوە؟
هەروەها، لەکاتێکدا ئەوە زۆر ڕوونە کە نە لە ئێراق و نە لە هەرێمی کوردستان توانای پێویست بۆ پاڵاوتنی ئەم بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان نییە. هەر بۆیە هەر پێشڤەچوونێک لەم ڕووە مەترسییەکی گەورەیە لەسەر پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە پێویستە ئاماژە بەو دابەشبوونە نیوخۆیەش بکەین، بەڵام ئەوەش ڕاستییە کە ئێستا باری تەرازووەکەش هێندە بەلای ئێراقدا نییە وەک ڕۆژانی سەرەتای ڕاوەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
ڕاستییەکی دیکەش لەم پرسەدا پرسی نرخی نەوتە، بەتایبەت نەوتی هەرێمی کوردستان، کاتێک بۆ نێوخۆ دەبێت و دەدرێت بە پاڵاوگە نێوخۆییەکان. ئایا بە چ نرخێک دەبێت؟ بەو نرخەی هەناردەی دەرەوە دەکرێت، یان بەنرخی پاڵاوگەکان دەبێت؟ چونکە ئەگەر نرخی پاڵاوگەکان بێت ئەوا بەپێی ڕاپۆرتی دیلۆیت بۆ ساڵی 2022ی نەوتی هەرێمی کوردستان، دەردەکەوێت کە جیاوازییەکە دوو هێندەیە، ئەگەر واش بوو، کێ ئەم جیاوازە پڕدەکاتەوە؟ هەرچەندە وەک ئەوەی وەزیری نەوتی ئێراق لەم ڕووەوە باسی لێوەدەکات کە گفتوگۆکان ئەرێنین، بەڵام ئەگەر 400 هەزارەکەی هەرێمی کوردستان بۆ نێوخۆی ئێراق بێت، ئەی لەکوێ قەرەبووی ئەو کوورتهێنان دەکاتەوە، کە لە بودجەدا هاتووە و بۆ دەرەوەیە، ئێراق هەمان مامەڵەی پشکی هەرێمی کوردستان وەک خۆی دەکات؟
کۆتایی
لە ماوەی نزیکەی دوو دەیەدا، پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەم ئاستە گەیشتووە. هەرچەندە ئێستا وەزیری نەوت پەرەپێدانی کێڵگەکانی پارێزگەی دیالە، کەرکووک و دەشتی نەینەوا بەناوچەی کێشەلەسەر دانانێت، کە بۆخۆی پێشێلکردنی ماددەیەکی دەستوورییە، سەرەڕای ئەوەش نوێنەرانی شیعە داوای کێڵگەکانی دیکەی وەک خورمەڵە و پابەندیی هەرێمی کوردستان بەڕادەستکردنی بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان دەکەن، وەک ئەوەی لە بەندە هەموارکراوەکانی ماددەی 13 و 14ی پڕۆژە یاسای بودجەی هەموارکراوی لیژنەی داراییدا هاتووە. هیچ دێڕێکی ئەو مادانە لەگەڵ دێڕەکەی دیکەدا یەکناگرێتەوە، چونکە نزیکەی نیوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو کێڵگەوە دێت کە ئەوان بەهێ خۆیانی دەزانن، ئەی چۆن هەرێمی کوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکات؟ هەر بۆیە هەموو ئاماژەکان مەترسیدارن، بۆیە بە کوردی و کوورتی ئەمجارەش ئەگەر شیعە لە ڕێککەوتنی 4ی نیسان پەشیمان بووبێتنەوە، ئەوا دانووستاندنەکان درێژدەبنەوە و گەیشتنە ڕێککەوتن قوورسیش نەبێت، جێبەجێکردنی لەوانەیە وەک جارانی پێشوو بێت!
لەوانەیە لە ڕۆژانی داهاتوو و بەتایبەتی لە ڕۆژانی نێوەڕاستی ئەم مانگەدا، شێوازی هەناردەکردنەوەی نەوت بۆ دەرەوە یاخود بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ نێوخۆ یەکلاببێتەوە. هەروەها، کاردانەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانیش لەهەمبەر شێوازی پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانیان دەربکەوێت.
هەروەها، زۆر پێویستە ئاماژە بەوە بکەین، کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کاتێک وەبەرهێنانیان لەم سێکتەرەدا کردووە، هیچ داتایەک لەبارەی بوونی کێڵگە و بلۆکە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان نەبووە و، نەشزانراوە ئابووری بێت، بەڵام ئێستا کە زانیارییەکانی ئەو کێڵگانە بەردەستن/ چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت؟
لەکاتێکدا ئەگەر حکومەتەکانی پێشووتری ئێراق تەنیا سایزمیک 2D یاخود هەر جۆرە گەڕانێکی دیکە بۆ نەوت و گاز لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکرایە و پارەی بۆ تەرخان بکرایە، وەک ئەوەی ئێستا لە گەڕی پێنجەم و شەشەمی گرێبەستەکان بۆ کێڵگەکانی دیکەی ئێراق دەکرێت، ئەوا هەرێمی کوردستان بەدڵنیاییەوە شێوازی گرێبەستەکانی بەو شێوەیە نەدەبوو کە ئێستا کراون.
لە کۆتاییدا، با چاوەڕوان بین بزانین لیژنە هاوبەشەکان لەم ڕووەشەوە بەکوێ دەگەن، چونکە ئیتر ئەمە پەیوەستە بە ئێستا و داهاتووی ئەم پیشەسازییەوە. [1]