زاراوەکانی پەیوەند بە بۆنی ناخۆش
1-بۆن گرمخای (بۆن گڵمخا): بۆن گنخای: ئەو بۆنەیە وەک شێداری خاکە، یان خواردنێک لەناو خاکێکی شێدار دانرابێت بۆنی گرتبێ، بۆنێکی ناخۆشە.
2-بۆنسۆ: (بۆکز) بۆن سووتای: ئەو بۆنەیە لە موو و شتی سووتای پەیدادەبێ، بۆنێکی ناخۆشە.
3-بۆن کەلاکی کەرێ: بۆنێک کە لە لەشی ئاژەڵی تۆپیو دێت، بۆنێکی یەکجگار ناخۆشە.
4-بۆن عەرنەعوت: عەرنەعوت (ئەڕنەئووت) کەسانێکی ئەلبانی بوون کاتی خۆی عوسمانییەکان هێنایانە کوردستان و ناوچەکانی بندەستی خۆیان، بۆ شەڕکردن، ئەو ئەلبانیانە پێیان دەگوترا عەرناوت، کەسانی بە لەشولار گەورە و بەتوانابوون، ناشیرین بوون ، پیس و چەپەڵ بوون، بۆنیان ناخۆش بوو، ئێستاش کەسە بەتەمەنەکانی هەولێر ئەگەر یەکەک بۆن ئارەقەی زۆربێ و خۆی کەم بشوات، پێی دەڵێن: دە لاکەوە بۆن عەرنەئوتت لێ دێ.
5-بۆندڕن: بۆنێ شتی نەگەیشتووە، بۆنێکی ناخۆشە. بۆنی تەگە کە ئاوی پەڕینی بە مووی وەدەمێنێ.
6- بۆن خاو: بۆنی خواردنی نەگەیوو، نەکوڵاوە، وەک دەڵێن بۆن شیری خاوی لێ دێت، واتە منداڵە.
7-بۆن چاڵ: بۆنی ئەو دانەوێڵەیەی کاتی خۆی لە چاڵیان دەکرد لەبەر شێی زۆر و کەمی ئۆکسجین، بۆنێکی تایبەتیی ناخۆشی لێ دەهات، بۆن شێی زۆرە.
8-بۆن کڕووز: بۆنی ئێسقانی سووتاو.
9- بۆن دووکەڵ: بۆنی دووکەڵی ئاگرە، کاتی خۆی مەشکەیان لەزستانان لە بنمیچی ماڵ هەڵدەواسی، کاتێ سۆبەیان پێ دەکرد لە ژووری ناو ماڵ یان لەناندینێ بۆنی ئەو دووکەڵەی لە مەشکەی دەدا، دوایی دۆوەکەی تامی خۆش دەبوو، تامەکە پەسند بوو.
10-بۆجەوت: کاتێ بەجەفت کوندەیان خۆش دەکرد و خاوێن دەکردەوە، بۆنەکەی پەسند بوو، دەیانگۆت کوندەکە بۆن جەفتی لێ دێ، بەکتریای زیان بەخشی ناو پێستەکەی لەناو دەبرد.
11- بۆن سارد: بۆنی گۆشت و هێلکەیە کە ماوەکی پێ چووبی بۆن سارد دەبێ بۆ هەرس بوون ناخۆشە.
12- بۆگەنی: بۆن بۆگەنی هەر شتێک، کە بۆنێکی ناخۆشە.
13-بۆن بڕ: بۆنێکی ناخۆشە. لەلووتی منداڵی نەخۆشییان دەدا، گوایە بۆنی گرتوو.
بۆن خۆشکە: بۆنی گوڵێکی خۆشە وەک ڕەیحان، بە پۆڵەکەی جوانیش دەڵێن بۆنخۆشکە، هەندێک بەجاترەش دەڵێن بۆن خۆشکە، بۆنێکی خۆشە.
بۆنگچی: بەو کەسە دەگوترا کە مەشکەیان خۆش دەکرد. (عەباس نادر)[1]
سەرچاوەی وێنە: تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان