ناونیشان: ڕۆڵی ئەمبارەکان لە دیاریکردنی نرخی نەوتدا
نووسەر: #مەحموود بابان#
ڕۆژی دەرچوون: #04-05-2020#
ئەو بەرزبوونەوەیەی ئێستا لە ئاستی نەوتی ئەمبارەکان ڕوویداوە، پێویستی بە چەندین مانگ و ساڵە بۆ ئەوەی دابەزێت، لەوێشەوە نرخەکانی نەوت جێگیر بکرێن و هاوسەنگی بۆ خواست و خستنەڕوو لە بازاڕدا درووستببێت، هەر بۆیە ئێستا هەر هەواڵیک لە ئەمبارەکانەوە بێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر نرخەکانی نەوت دەبێت.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، بازاڕەکانی نەوت بە ڕێژەی 30% بەرزبوونەوە، دوای ئەوەی دەرکەوت توانای ئەمبارکردن نەوتی جیهان بە بڕی 10 ملیۆن بەرمیل لەوە زیاترە کە پێشتر مەزەندەکرابوو، هەروەها کردنەوەی بازاڕ و شوێنە گشتییەکانیش زووتر لە وادەی چاوەڕوانکراوی خۆیان کرانەوە.
=KTML_Bold=خواست لەسەر نەوت لە ئاستی پێشبینیکراو زیاترە=KTML_End=
کرانەوەی بازاڕەکان و دەستپێکردنەوەی کار و بازرگانی بەگڕوتینێکی زیاتر لە پێش سەردەمی کۆرۆنا وایکردووە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە پێداچوونەوە بە پێشبینییەکانی بۆ کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت بکات.
ئاژانسەکە پێشبینیکردووە بە درێژایی ساڵی 2020 کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت ڕۆژانە بەبڕی 6.5 ملیۆن بەرمیل بێت، ئەوەش نزیکەی 3 ملیۆن بەرمیل نەوت کەمترە لەوەی کە پێشتر پێشبینیکردبوو.
ئێستا دۆخەکە بەشێوەیەکە کە ئەو تەوژمەی لە 10ی ئادار بازاڕەکانی نەوتی گرتبووەوە دەشێت پێچەوانەوە ببێتەوەو نرخەکان ڕوو لە بەرزبوونەوە بکەن، هەر بۆیە ڕۆژی 30 ی نیسان، نرخی نەوتی برێنت بە ڕێژەی 9% بۆ 24.63 دۆلار بەرزبووەوە، نرخی نەوتی خاوی تەکساسیش بە ڕێژەی 17% بۆ 17.20 دۆلار هەڵکشا.
ئەوەی بەرچاوە ئێستا کەمبوونەوەکان لە خواست بۆ نەوت بەوشێوەیە نەبوو کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا پێشبینیدەکرا، لەوانەیە بەهۆی ڕێککەوتنەکانی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و ئاسایبوونەوەی ڕەوشی وڵاتان و دەستپێکردنەوەی کارگە گەورەکانی جیهان هاوسەنگییەک بۆ نرخەکان بگێڕێتەوە یان نرخەکان بەرێژەیەکی مامناوەند بەرزببنەوە.
لەسەر ئاستی خستنەڕوو کۆمەڵیک فاکتەر دەتوانن لە چارەکی دووەم و سێیەمی ئەمساڵ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر نرخەکان دابنێت، لەوانەش ڕێککەوتنی ئۆپێک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان بە بڕی 12 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کەمکردنەوەی 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی دیکەی سعودیە، ئیمارات و کوەیت و کەمکردنەوەیەکی خێرای بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئەمریکاوە.
ئەگەر بازاڕەکان نەکرێنەوە یان حکومەتەکان ناچاربن جارێکی دیکە قەدەخەی هاتوچۆ ڕابگەیێنن و بەرهەمهێنانی نەوتیش بەردەوامبێت، ئەوە لە هاوینی ئەمساڵدا گوشار لەسەر ئەمبارەکانی نەوت و کۆگای پاڵاوگەکان درووستدەبێت.
=KTML_Bold=بۆچی ئەمبارکردنی نەوت کێشەیە؟=KTML_End=
بەدەر لەوەی پڕبوونی ئەمبارەکان لە درێژخایەندا کێشەی خواست لە وڵاتانی بەکارهێن درووستدەکات، ئەمبارەکان بەدەست نەبوونی شەفافیەت و داتای درووستەوە دەناڵێنن، ئەوەش زۆرجار ئاڵۆزییەک لە نرخەکاندا درووستدەکات کە مەرج نییە گوزارشت لە ئاستی توانای درووستی ئەمبارەکان بکات. بۆ نموونە، لە وڵاتانی تازە گەشەکردوو و پێشکەوتوو، زانیاری درووست لەسەر نەوتی ئەمبارکراو لە کۆگاکان ناخرێتەڕوو .
ئامارەکانی نەوتی یەدەگی ستراتیژی (SPR) ئەوەندەی دیکە گومانەکانی لەبارەی توانای ئەمبارکردنی نەوت لە جیهاندا ئاڵۆزتر کرد، کاتێک ئامارەکان لەبارەی ئەمباری ئەمریکا و ژاپۆن بڵاوکردەوە بەبێ ئەوەی زانیاری ئەمبارەکانی چین بخاتەڕوو، هەر بۆیە شارەزایان و پەیمانگەکانی وزە توانای چینیان بۆ ئەمبارەکردنی نەوت وەک خەمڵاندن بڵاوکردەوە.
بەپێی ئاژانسی نیودەوڵەتی وزە، ئەندامانی ئاژانسەکە دەبێ 90 ڕۆژ جارێک نەوتی ئەمبارکراویان بە بەراورد بە نەوتی هاوردەکراو بەکارهێنابێت، بەڵام ئێستا هەندێک لە کۆمپانیا و وڵاتەکان ڕاداری سەتەلایتی یان تەکنەلۆژییەکانی دیکەی چاودێری ئەمبارەکان و توانای ئەمبارکردنی نەوت لادەبەن.
زانیاری ئەمبارەکانی ڕێکخراوی هاوئاهەنگی ئابووری و پەرەپێدانی وڵاتان (OECD) یەکێکە لە بنچینەکانی دیاریکردنی نرخی نەوت لە بازاڕدا. وڵاتانی ئەندام لەو ڕێکخراوە بەهەموو توانای خۆیانەوە نەوتیان ئەمبارنەکردووە، ئەوەش وایکردووە گومان لە بارەی ئەو ناجێگیرییەوە درووستببێ کە ئێستا لە بازاڕەکاندا هەیە.
کاتێک ئاستی ئەمبارەکان دادەبەزێت، بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە خواستی نەوت ڕوودەدات کە دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. لەبەرانبەردا، بەرزبوونەوەی ئاستی نەوتی ئەمبارکراو (کاتێک خواست کەمتر دەبێت لە نەوتی دابینکراو) دەبێتەهۆی دوو کێشەی گەورە بۆ بەرهەمهێنەرانی نەوت لە ئێستا و داهاتوودا، یەکەمیان کێشەی ساخکردنەوەی نەوتی بەرهەمهاتوو و دووەمیان داخستنی بیرەکانی نەوت.
ئەو بەرزبوونەوەیەی ئێستاش لە نەوتی ئەمبارکراو ڕوویداوە پێویستی بە چەندین مانگ و ساڵە بۆ کەمکردنەوە و جێگیرکردنی هاوسەنگی خواست و خستنەڕوو لە بازاڕ و ئەمبارەکاندا.
ئەمبار و تانکەرەکانی نەوت زۆر خێرا پڕ دەبن
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، توانای ئەمبارکردنی نەوتی خاوی جیهان بە بازرگانی و ئەمباری ستراتیژی وڵاتانەوە 6.7 ملیار بەرمیلە، لەبەر هۆکاری تەکنیکی و تەکنەلۆژی تەنیا 80% ئەمبارەکان بەکاردەهێنرێن و نەوتیان تێدا ئەمبار دەکرێت.
بەپێی پێوانەکانی (سایت بانک) بۆ توانای ئەمبارکردنی نەوتی خاو، چین توانای ئەمبارکردنی 1.5 ملیار بەرمیل نەوت و ئەمریکا توانای 1.3 ملیار بەرمیل نەوتی خاوی هەیە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە مەزەندە دەکات، ئێستا ئەمبارەکانی نەوتی خاو 4.2 ملیار بەرمیل نەوتیان تێدابێت و هێشتا توانای ئەمبارکردنی 1.2 ملیار بەرمیل نەوت لە ئەمبارەکاندا ماوە.
بەپێی زانیارییەکانی فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا، تاوەکوو 10 نیسان نەوتی ئەمبارکراو لە کۆگای ستراتیژی نەوتی ئەمریکا 635 ملیۆن بەرمیل و لە کۆگاکانی بازرگانی ئەمریکاشدا 504 ملیۆن بەرمیلە، بەپێی هەندێک شیکردنەوەش نەوتی ئەمبارکراو لە کۆگاکانی ستراتیژی و بازرگانی چین تاوەکوو کۆتایی مانگی ئادار لە 1 ملیار بەرمیل نزیکبووەتەوە.
پێوانەکردنی توانای کۆگاکانی چین کارێکی سەختە، چونکە سیستەمی ئەمبارکردنی نەوتی خاو لە چین ئاڵۆزە و پێکدێت لە زۆر جۆری جیاوازی ئەمبارکردن، وەک توانای ئەمبارکردنی ستراتیژی نەوت، ئەمبارکردنی بازرگانی، ئەمباری کۆمپانیا نیشتمانییەکانی نەوت و کۆگای پاڵاوگەکانی نەوت.
ئەگەر ئاساییبوونەوەی ژیان دوابکەوێت، بنچینەی ئێستا نرخی نەوتی برێنت و تەکساس بەستراوەتەوە بە توانای ئەمبارکردنی نەوت و نەوتی ئەمبارکراوە وە.
سیاسەتی حکومەتی وڵاتان ڕۆڵیکی ئەوتۆی لە نرخەکانی نەوتدا نییە، بەڵام بۆ زیادکردنی توانای ئەمبارکردنی نەوتی خاو کاریگەریی هەیە. حکومەتی ئەمریکا پابەندبوونی خۆی بۆ زیادکردنی توانای ئەمبارکردنی نەوتی ستراتیژی بە 77 ملیۆن بەرمیل بۆ توانای یەدەگی ستراتیژی ڕاگەیاندووە، هەرچەند کۆنگریس ڕەزامەندی لەسەر نەداوە.
لە دوایین کۆبوونەوەی وەزیرانی جی 20، هەریەکە لە وڵاتانی چین، کۆریای باشوور و هیندستان بەڵێنی زیادکردنی توانای ئەمبارکردنی ستراتیژی نەوتی خاو بۆ پیشەسازی و چەند پێشنیازێکیان بۆ بەرهەمهێنەرانی نەوتی خاو کردووە.
ناهاوسەنگییەکی زۆر لەنێوان خواست و خستنەڕووی نەوتی خاو هەیە، ئەمەش وادەکات توانای ئەمبارەکان بەخێرایی پڕبێت. پێشبینیدەکرێت توانای ئەمبارکردنی نەوتی جیهان لە مانگەکانی داهاتوو ڕۆژانە 10ملیۆن بەرمیل بێت و توانای ئەمبارکردنی ستراتیژی وڵاتان لەنێوەڕاستی مانگی تەممووز سفر بێتەوە.
ڕەنگە خستنەڕووی نەوتی ئەمبارکراوی کەشتییەکان هۆکارێکی بچووک بێت بە بەراورد بەو کاریگەرییەی نەوتی تانکەرەکان درووستیدەکات، چونکە ئێستا نەوتی ئەمبارکراو لە تانکەرەکانی نەوتدا 150 ملیۆن بەرمیلە.
=KTML_Bold=کاریگەریی پڕبوونی ئەمبارەکان لەسەر بازاڕ=KTML_End=
نادڵنیاییەکی زۆر لەبارەی توانای ئەمبارکردنی نەوت خاوی جیهانەوە هەیە، بەڵام ڕەنگە پێش پڕبوونی ئەمبارەکان نەوتەکەیان لە بازاڕدا بەکاربهێنرێت.
یەکێکی دیکە لە کیشەکان بریتییە لە نەبوونی توانای ئەمبارکردن لەو کیشورانەی زیادەی بەرهەمهێنانی نەوتیان هەیە. هەروەها، کواڵیتیی نەوتی خاو کە جیاوازییەکی زۆری هەیە، ئەویش دەبێتە کێشە لەڕووی تەکنیکی و بازرگانییەوە بۆ ئەمبارکردنی نەوتی خاو لە هەمان ئەمباردا.
ژێرخانی ئەمبارکردنی نیشتمانی بە بەراورد بە ژێرخانی ناوخۆیی وڵاتان ڕۆڵیکی گرنگی دەبێت لە داهاتوودا، کاتێک ئەمباری ناوخۆیی وڵاتان پڕدەبن، بەرهەمهێنەرانی نەوت لەو وڵاتانە دەبێ بیرەکان دابخەن بەهۆی نەبوونی ئەمباری ستراتیژییەوە لەو ناوچانە. توانای دیاریکراوی ئەمبارکردن و گواستنەوەی نەوت لە داهاتوودا کاریگەریی لەسەر دیاریکردنی نرخی نەوت بەپێی کیشوەرەکان جیاواز دەبێت.
ئەگەری پڕبوونی ئەمبارە پیشەسازی و بازرگانییەکان (واتە ئەوانەی مامەڵەی نەوت دەکەن) ، نادڵنیاییەکی لەلای بەرهەمهێنەرانی نەوت درووستکردووە بەشێوەیەک نازانن بیرەکان دابخەن یان چاوەڕوانی ئاماژەکانی پڕبوونی ئەمبارەکان بکەن، چونکە بەردەوام هەواڵی هەڵگرتنی قەدەخەی هاتوچۆ و کەوتنەوە کاری ئابووریی جیهان بڵاودەبێتەوە.
ئێستا کۆمپانیاکان ڕێگەی جیاواز بۆ ئەمبارکردنی نەوت بەکاردەهێنن، وەک تانکەری گەورەی نەوتی و گۆڕینی بۆرییەکان بۆ ئەمبار، بەڵام هەموو ئەمانە چارەسەرێکی کاتییە و دۆخەکە باشتر ناکات.
ئێستا حکومەتی فیدراڵی ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە پارە بداتە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ئەوەی نەوتەکە لەژێر زەوی بهێڵنەوە نەوەکو بەرهەمی بێنن، ئەوەش وەک ڕێکارێک بۆ کەمکردنەوەی گوشار لەسەر ئەمباری ستراتیژی یەدەگی نەوتی ئەمریکا.
لەوانەیە لەسەرخۆ خواست لەسەر نەوت ئاسایی بێتەوە، بەڵام نرخی نەوت بە کەمی مامەڵەی پێوەبکرێت بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی نەوتی ئەمبارەکان، ئەوەش سەرەڕای گەڕانەوەی هاوسەنگییەک بۆ خواست و خستنەروو لە بازاڕدا.
بە دڵنیاییەوە ئەم جارە ئەمبارەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە هاوکیشەکانی بازاڕی نەوت و کاریگەرییان لەسەر نرخەکان دەبێت، هەرچەندە ڕۆڵی تەکنیکی ئەمبارەکان (چۆنییەتی پڕکردن و بەتاڵکردنیان) لە چەند مانگی داهاتوودا سەرئێشەی گەورە بۆ گرێبەستەکانی نەوت درووستدەکات. [1]