ناونیشانی بابەت: ڕۆژی جیهانیی ژنان
ئامادەکردن: #ئیسماعیل عەبدوڵڵا ئەحمەد#
ڕۆژی جیهانیی ژنان، پشوویەکی جیهانییە کە ساڵانە لە 8ی مارسدا وەک خاڵێکی سەرەکی لە بزووتنەوەی مافی ژنان بەڕێوەدەچێت، کە سەرنج دەخاتە سەر پرسەکانی وەک یەکسانی جێندەری و مافی زاوزێ و توندووتیژی و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان. ڕۆژی جیهانی ژنان، ڕۆژی (8ی ئازار) ڕێزلێنان لە دەستکەوتەکانی ژنان و پێشخستنی مافەکانی ژنان. لە چەندین وڵاتدا پشوویەکی نیشتمانییە، لە ساڵی (1975) ەوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سپۆنسەر دەکرێت.
بە هاندانی بزووتنەوەی گشتگیری مافی دەنگدانی ژنان، ئەم ڕۆژە لە بزووتنەوە کرێکارییەکان لە ئەمریکای باکوور و ئەوروپا لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا سەرچاوەی گرتووە. گوایە سەرەتاییترین وەشانی “ڕۆژی ژنان”بوو کە لەلایەن پارتی سۆسیالیستی ئەمریکاوە لە شاری نیویۆرک لە 28ی شوباتی 1909 ڕێکخرابوو. ڕۆژی جیهانیی ژنان لە هەوڵەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم بۆ پێشخستنی مافەکانی ژنان، بە تایبەتی مافی دەنگدان گەشەی کرد. پارتی سۆسیالیستی ئەمریکا لە هەڵمەتەکەیدا بۆ مافی ژنان، لە ساڵی 1909 یەکەم ڕۆژی نیشتمانی ژنانی بەڕێوەبرد، کە لە ڕێگەی کۆبوونەوە جەماوەرییەکان لە سەرانسەری ئەمریکادا تیشکیان خستەسەر؛ کە ئەو ڕۆژە تاوەکوو ساڵی 1913 بەڕێوەچوو. ئەمەش ئیلهامبەخش بوو بۆ نوێنەرانی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی سۆشیالیستی ساڵی 1910 پێشنیار بکەن کە ساڵانە “ڕۆژێکی تایبەتی ژنان” ڕێکبخرێت، هەرچەندە بەبێ هیچ بەروارێکی دیاریکراو؛ ساڵی دواتر یەکەم خۆپیشاندان و یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانیی ژنان سەرانسەری ئەوروپای بەخۆیەوە بینی. بە هاندانی چالاکوانی ئەڵمانی کلارا زێتکین، کۆنگرەی سۆسیالیستی نێودەوڵەتی لە ساڵی 1910 ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر درووستکردنی وەشانێکی نێودەوڵەتی بۆ ئەو ڕۆژە، کە تا ئەوکاتە تەنیا تایبەت بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە 19ی ئازاری 1911 یەکەمین ڕۆژی جیهانی ژنان لەدەرەوەی ئەمریکا و لە هەر یەکێک لە وڵاتەکانی نەمسا، دانیمارک، ئەڵمانیا و سویسرا بەڕێوەچوو. زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بەشدارییان لە گردبوونەوەکانی ئەو ڕۆژە کرد. لە ساڵانی دواتردا ئاهەنگی ئەم ڕۆژە لە وڵاتی زیاتر و لە ڕێکەوتی جیاوازتردا بەڕێوەدەچوو. لە 8ی مارسی 1917، ژنان لە شاری پترۆگراد (سان پترسبۆرگ) ی ڕووسیا، ئەو ڕۆژەیان بە ناڕەزایەتی دەربڕین لەبەرانبەر کەمی خۆراک و خراپی بارودۆخی ژیان و جەنگیی یەکەمی جیهانی مانگرتنێکیان ڕێکخست، ئەم مانگرتنە بۆ “نان و ئاشتی” یارمەتیدەر بوو بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشی ڕووسیا لە ساڵی 1917، کە بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی نیکۆلاسی دووەم لە 15ی ئازار. دوای ئەوەی ژنان لە ساڵی 1917دا لە ڕووسیای سۆڤیەت مافی دەنگدانیان بەدەستهێنا (سەرەتای شۆڕشی شوبات) ، ئەم ڕۆژە لە 8ی ئازاردا کرایە پشووی نیشتمانی؛ دواتر لەو بەروارەدا لەلایەن بزووتنەوەی سۆشیالیستی و وڵاتانی کۆمیوونیستەوە ئاهەنگیان گێڕا. لە ساڵی 1921 ڕێکەوتی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان بە شێوەیەکی بە فەرمی گۆڕدرا بۆ 8ی ئازار.
ئەم ڕۆژە پەیوەندی بە بزووتنەوە و حکوومەتە چەپەکانی دوورەوە هەبوو تا لە کۆتایی شەستەکاندا لەلایەن بزووتنەوەی فێمینیستی جیهانییەوە پەسەندکرا. ئەم ڕۆژە بووە پشوویەکی سەرەکی جیهانی دوای پەسەندکردنی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی 1977. ڕۆژی جیهانی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا بە چەندین شێوە یاد دەکرێتەوە؛ لە چەند وڵاتێکدا پشووی فەرمییە، لە وڵاتانی دیکەدا لە ڕووی کۆمەڵایەتی یان ناوخۆییەوە بەڕێوەدەچێت بۆ ئاهەنگگێڕان و بەرەوپێشبردنی دەستکەوتەکانی ژنان. نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیوەندی لەگەڵ پرسێکی دیاریکراو، هەڵمەتێکی دیاریکراو یان بابەتێکی تایبەت بە مافەکانی ژناندا ئەم ڕۆژە بەڕێوەدەبات. لە هەندێک ناوچەی جیهان، ئەم ڕۆژە هێشتا ڕەنگدانەوەی سەرچاوە سیاسییەکانی خۆیەتی، بە ناڕەزایەتی و داوای گۆڕانکاری ڕیشەیی؛ لە بوارەکانی تردا، بە تایبەتی لە ڕۆژاوا، تاوەکوو ڕێژەیەکی زۆر کۆمەڵایەتی و کولتوورییە. [1]