ناونیشانی بابەت: جەنگ لە بەردەم دەرگای کورد
ئامادەکردن: #پەرویز ڕەحیم قادر#
یاسای بودجە لەهەناوی خۆیدا بەشێکە لە پلان و نەخشەرێگای کۆتاییهێنان بە کیانی سیاسی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەی ئێستا و مەترسیدارترین یاسایە لە پاش ساڵی 2003 کە پەسندکرابێت، چونکە جگە لە گوشارە دارایی و ئابوورییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، پاشەکشەیەکی زەق و ئاشکرایە لە بنەماکانی فیدراڵیزم و هەروەها پێشێلکردنی دەستووری ئێراق و تەنانەت بنەماکانی هاوبەشی و سازان و پرەنسیپی هاوسەنگی و ڕێککەوتنی نێوان پێکهاتەکان. لە ڕۆژان و مانگەکانی داهاتوودا نیشانە و هێماکانی ئەم لێکدانەوە یاخود ڕوانگەیە زیاتر دەردەکەوێت.
پلانی یەکەم و نهێنی و مەترسیدارەکە ئەوەیە کە بەهۆی ئەم گوشارە دارایی و ئابووریانە، ڕەوایەتی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان نەمێنێت و پاشان خەڵکی هەرێمی کوردستان خۆیان و بەدەستی خۆیان! کۆتایی بە دەسەڵاتی خۆیان بهێنن!
“بەکوورتی، هەرێمی کوردستان جەنگێک بەردەرگای پێگرتووە”
هیوادارم کورد بتوانێت لە کاتی “گونجاو، شوێنی گونجاو و ماوەیەکی زەمەنی کوورتمەودا” کۆتایی پێبهێنێت. ڕاستییەکەی، ئەوەی کە جەنگ کارەسات و ماڵوێرانییە حاشاهەڵنەگرە، بەڵام لۆژیکی سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بگرە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بەپێی ئاوات و ویستی ئێمەی کورد و تەنانەت یاسا و ڕیسا نێودەوڵەتییەکان و هەروەها ماف و ڕیسا مرۆیی و ئەخلاقیەکان کار ناکات.
جگە لەمانەش هەموو پێدراوە تیۆری و ئەزموونە مێژووییەکان لە سیاسەتی جیهانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێمان دەڵێن کاتێک کە هاوسەنگی هێز تێکدەچێت یاخود لانی کەم ئەکتەرەکان “وا تێدەگەن” کە هاوسەنگی پێشوو نەماوە، ئەوە جەنگ ڕوودەدات. یەکێک لە سیماکانی ئەم سەردەمە و بەتایبەتی ئەم دەیەیە، لەلایەک هەوڵدانە بۆ پووکاندنەوە و سنووردارکردنی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان و لەلایەکی ترەوە، یەکلاییکردنەوەی سەربازیی کێشەکان و پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکان و تەنانەت کاتیبوون و لەرزۆکبوونی هاوپەیمانێتی و هەواڵبەندییەکانە بەپێی هاوسەنگی هێزی نێوان ئەکتەرە هەرێمایەتی و سەروو هەرێمییەکان.
جگە لە ژیانەوەی کولتووری نادیموکراسی و ئەقڵییەتی شۆڤێنی، بەرجەستەبوونەوەی سیاسەتی تاکڕەو و ناوەندگەرا لەناو بەشێکی زۆر لە هێزە ئێراقییەکان، بەشێوەیەکی گشتی بەرپرسانی بەغداش پێیانوایە لەئێستادا، هەرێمی کوردستان لە لاوازترین پێگە و دۆخی خۆیدایە، چی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و چی لەسەر ئاستی دەرەکیدا و بەم پێیەش هاوسەنگی هێزی ناوخۆیی و دەرەکی لە بەرژەوەندی ئەواندایە. خاڵی لاواز و مەترسیی سەرەکیی بۆ هەرێمی کوردستان لە یەکلاییکردنەوەی هاوکێشەکان لە قازانجی خۆی لەم جەنگە پێشبینیکراوەدا، دابەشبوونی توندی ڕای گشتی ناوخۆیی و ناکۆکی قووڵی هێزە سیاسییەکانە، نەک بواری چەک و تەکنەلۆژیا و..هتد.
ئەوەی کە هەرێمی کوردستان دووردەخاتە لەم پێکدادان و جەنگە:
1- کۆتاییهاتنی لێکترازانە ناوخۆییەکان لە دوو ئاست و بە دوو ئاڕاستە نێوان خەڵک و دەسەڵات و لەلایەکی ترەوە لێکترازانی نێوان هێزە سیاسییەکان.
2- ناوبژیوانی و دەستوەردانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە ئێستادا. جگە لەمانەش گرتنەبەری دیپلۆماسییەکی چالاک لەسەر ئاستی وڵاتانی هەرێمایەتی و ڕۆژاوایی و تەنانەت ڕووسیا.
3- پاشەکشەی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پلانە مەترسیدارەکەیان کە بە هەماهەنگی و داڕشتنی ئێرانییەکان لە بودجەدا خۆی حەشارداوە (هەرچەندە بڕوام وایە ئەمە کاتی دەبێت) . لەم چوارچێوەیەدا فتوا یان پەیامی مەرجەعییەتی ئێراق (بەتایبەت ئایەتۆڵڵا سیستانی) ڕۆڵی سەرەکی دەبێت.
4- هاوسەنگی هێزی هەرێمایەتی پێمان دەڵێت ئەگەر ئێراق لەسەر ئەم سیاسەتەی ئێستای بەردەوام بێت، بەڵام هەرێمی کوردستان بتوانێت لەگەڵ تورکیا بگاتە ڕێککەوتنێک و هێڵی بۆری گواستنەوەی نەوتی تایبەت بە خۆی لەناو خاکی تورکیا درووست بکات و پاشان هاوتەریب کار لەسەر درووستکردنی هێڵی گواستنەوەی گازی سرووشتی و هەناردەکردنی بکات. هەرچەندە سەرکەوتنی ئەم سیاسەتە، پەیوەندی بە کۆتایی هاتنی دوو ئاست و ڕەهەندی قەیران و لێکترازانی ناوخۆییەوە هەیە کە لەخاڵی یەکەم خستمانەروو.
5- تێکچوونی دۆخی ناوخۆیی شیعەکان لەلایەک و نێوان شیعە و سوننە لەلایەکی ترەوە.
6- ململانێ توند یاخود ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا و لێکەوتەکانی لەسەر پەیوەندییەکانی #هەولێر# و بەغدا.
7- سیاسەتی نوێ تورکیا لەهەمبەر ئێراق و سووریا و بەم پێیەش ململانێ یاخود ڕکابەرایەتی و هاوکاریان لەگەڵ کۆماری ئسیلامی ئێران. هەرێمی کوردستان یان ئەوەیە کە بتوانێت لە هەوڵەکانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و پاشان دەرەکی و دیپلۆماسیدا سەرکەوتوو بێت، یان ئەوەی کە لەم جەنگەدا سەرکەوتوو بێت، ئەوە هاوکێشەکان لە بەرژەوەندی کوردستان دەگۆردرێت، بەڵام بەپێچەوانەکەی. [1]