ناونیشان: پرسی کورد و هەڵەی ستراتیژیی تورکیا
نووسەر: #عارف قوربانی#
ڕۆژی دەرچوون: #04-07-2023#
هەرچەندە پرسی کورد یەک پرسە، ئەویش داگیرکردنی خاک و چەوساندنەوەی گەلەکەیەتی، بەڵام بەهۆی ئەوەی نیشتمانەکەی وەک خاکێکی داگیرکراو بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەشکراوە، خەسڵەتی دۆزی کوردیش وێنایەکی ڕووکەشانەی وەرگرتووە کە لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا، پرسێکی تایبەت بەو بەشەی هەیە. ئەم دابەشکارییە ڕووکەشانەیە لە دۆزەکەی، ڕەنگدانەوەی بۆ پێناسەکردنی دەوڵەتانی نەتەوە سەردەستەکانی داگیرکەری کوردستانیش هەبووە، بە جۆرێک لە هەر بەشێکی کوردستاندا وا لێکبدرێتەوە کە کورد تەنیا کێشەی لەگەڵ ئەو دەوڵەتە هەیە کە داگیری کردووە.
لەکاتێکدا هەر چوار دەوڵەتی تورکیا، ئێران، سووریا و ئێراق هەریەکە و داگیرکەری بەشێک لە خاکی کوردستان و چەوسێنەری نەتەوەی کوردن، بەڵام لە هەندێ هەلومەرجی تایبەت و قۆناخی دیاریکراودا بەهۆی ناکۆکی و ململانێی نێوان خۆیان، کوردیان وەک ئامراز و کارتی گوشار بەکار بردووە. ئەمەش ڕەنگدانەوەیەکی مەترسیداری بۆ سەر دابەشبوونی هەستی نەتەوەیی کورد هەبووە کە لە هەر بەشێکدا تەنیا دەوڵەتی نەتەوەی سەردەستە وەک داگیرکەر ببینێ و هەندێکجار بە چاوی دۆست و پشتیوان لە دەوڵەتێکی دیکەی داگیرکەری بەشێکی دیکەی جەستەی نەتەوە و نیشتمانەکەی بڕوانێت.
ئەم دابەشبوونە لە هزر و بیری نەتەوایەتیی کورد لە ناسین و پێناسەکردنی دوژمنەکانی، زیانی زۆری بە دۆزی کورد گەیاندووە، بەڵام لەمەش مەترسیدارتر ئەوەیە بێ ئەوەی پرسی کورد لە پارچەیەکی کوردستان چارەسەر بووبێت، تێڕوانینی کورد لەو بەشەی کوردستان بگۆڕێت بەوەی کورد کێشەی لەگەڵ دەوڵەت و نەتەوەی سەردەستەی داگیرکەری ئەو بەشە نییە و ڕووی وەرگێڕێت بۆ دوژمنی پارچەیەکی دیکەی کوردستان دەبێت کورد باوەڕ بەوە بهێنێت داگیرکەر هەر داگیرکەرە، ئەگەرچی شێوازی زووڵم و ستەمیان جیاوازە، بە میکانیزم و ئامراز و شێوەی جیاواز کار لەسەر پاکتاوکردنی کورد دەکەن، بەڵام یەک ستراتیژی هاوبەشیان هەیە کە سڕینەوەی کوردە.
ئەوەی وادەکات یان پێویستە کورد لەبەرچاوی بگرێت لە هەڵسەنگاندن و جیاکاری لە پێناسەی داگیرکەرەکانیدا، لێکەوتەی شێوازی داگیرکارییانەی دەوڵەتە داگیرکەرەکانە.
هەندێ شێواز و ڕەفتاری داگیرکارییانە هەن، گیانی بەرگری دەڕوێنن، جۆرێک لە داگیرکاریش هەیە کار لەسەر داگیرکردنی دڵ و مێشکی مرۆڤەکان دەکات. چەند ساڵێکە درک بەو مەترسییە دەکەم کە ئەجێندایەکی دیاریکراو کار لەسەر گۆڕینی سەرنج و هزری کورد دەکات کە تەنیا کێشەی لەگەڵ یەک دەوڵەت و یەک نەتەوەی سەردەستەی داگیرکەردا هەیە کە ئەویش تورکیایە.
هەشت ساڵ لەمەوبەر و ئەوکاتەی داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو، وەفدێکی ڕۆشنبیرانی باشووری کوردستان کە بەندەش یەکێکیان بوو، داوەت کرابوون بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆکوەزیران، لە کۆشکی جانکایە لەگەڵی کۆبووینەوە. لەوێ پێم گوت، لەبەرئەوەی تۆ کەسێکی ستراتیج ناسی بۆیە ئەم قسانە بۆ تۆ دەکەم، ئەگەر هەرکەسێکی دیکە سەرۆکوەزیران بووایا ئەمەم پێ نەدەگوت. دەمەوێ بەئاگاتان بهێنمەوە لەسەر ئەوەی ئەجێندایەکی هەرێمی بەچڕی کار لەسەر گۆڕینی سەرنج و هزری کورد دەکات بۆ گۆڕینی کێشەکەی کە کورد تەنیا کێشەی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا هەیە، ئەمەش بۆ کورد چەند مایەی زیانە، بۆ ئێوە لەوە زیاتر. ئەم سیاسەتەی ئێوە گرتووتانەتەبەر، پەلکێشتان دەکات بۆ نێو قوڵایی باشوور و ڕۆژاوای کوردستان. تورکیا هیچ لەوە ناچنێتەوە، جگە لەوەی کێشەی کورد لە ئێراق و سووریا دەبێتە کێشەی کورد لەگەڵ تورکیا. ئێستا تاکەکەسێک بتوانێت ڕێگە لەم هاوکێشەیە بگرێت، #عەبدوڵڵا ئۆجەلان#ە. بۆیە پێویستە ئازاد بکرێت، ئەگەر ئەوە نەکەن زۆر نابات ئەو ڕۆژە دەبینین کە کێشەی کورد دەبێتە کارت بەدەستی نەیارە ستراتیجییەکانتانەوە و پرسی کورد لە هەموو ناوچەکە دەبێتە کێشەی کورد و تورکیا. ئەگەر سیاسەت و خۆتان نەگۆڕن و لەسەر ئەو ستراتیژە هەڵەیە بەردەوامبن، زۆر نابات هەردوولامان باجی ئەم هەڵەیەی ئێوە دەدەینەوە، وەڵامی دامەوە بریا هەموو دەسەڵات و بڕیار لەدەستی من دەبوو، بۆ ئەوەی ئەوەم بکردایا کە تۆ دەیڵێیت، بەڵام من تەنیا بڕیاردەرنیم و مەترسییەکەت دەسەلمێنم.
ئەم قسانە لە پرۆتۆکۆڵی کۆشکی جانکایا پارێزراوە و ڕۆژگارێک دێت هەر بڵاودەبنەوە، بە تۆماری دەنگیش لە لای خۆم هەن، بەڵام تورکیا نەک بە سیاسەتی خۆیدا نەچووەوە، بەڵکوو زیاتر ئاوی کردە ئەو ئاشەدا، چی لە شەڕی #داعش#، هەروەها بوون بە بەشێک لەو پیلانگێڕییەی 16ی ئۆکتۆبەر، پڕۆسە سەربازییەکانی بۆ نێو قوڵایی هەرێم و ڕۆژاوای کوردستان، بەمانە خزمەتی گەورەی بەو ئاڕاستەیە کرد کە بەشێکی زۆری کورد لە سووریا و لە ئێراق، تورکیا وەک دوژمنی سەرەکیی کورد ببینن.
ئێستاش ئەوەی زیاتر دەیسەلمێنێ تورکیا لەسەر چی ستراتیژێکی هەڵەیە، لە پەیوەست بە ڕێگری لە بە بازاڕکردنی نەوتی کوردستان و خۆشکردنی زەمینەی وابەستەبوونی باشوور بە ناوەندەوە پێچەوانەی ئەوەی لە دیوە ئاشکراکانی میدیا باس دەکرێت، دەرکەوت تورکیاش خۆی بەشێکە لەو پیلانگێڕییەی لەسەر کوردستان هەیە.
بەمەش کورد لە ئێراق ناچار دەکات زیاتر گرێدراوی بەغدا بێت. ئەگەر ئامانجی تورکیا لەمەدا بەشێکبێت لە قۆناخبەندیی ئەو پیلانە هەرێمایەتییەی بۆ لەقاڵبدانی کورد لەئارادایە، بەڵام دواتر تورکیا باجی گەورەتر دەدات، چونکە هاوشێوەی ڕۆژاوای کوردستان بێ ئەوەی کێشەیان لەگەڵ ناوەندی دەوڵەتەکان لە دیمەشق و بەغدا چارەسەر بووبێت، ئەم دوو جوگرافیایەش دەبنە بەشێک لەو ئەجێندایەی تورکیا وەک دوژمنی پلە یەک ببینن.
بە بەراورد بە تورکیا، ئێران بۆ بەرژەوەندیی خۆی، پەیوەست بە پرسی کورد لە ئێران و لە ناوچەکە سیاسەتێکی ژیرانەتر بەڕێوەدەبات. بەدەر لەوەی لەشکرێکی لەناو ناوەندە زانستی و میدیاییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان درووستکردووە، کورد وەک بەشێکی لە گەلانی ئێران لەقەڵەم دەدەن و بە حوکمی نزیکی شێوەزاری #سۆران#ی لە فارسییەوە، زمانی کوردی دەبەنەوە سەر ڕەچەڵەکی زمانە ئێرانییەکان. لەکاتێکدا زمانی زۆرینەی کورد کورمانجییە و جیاوازی شێوەزاری کورمانجی و زمانی فارسی، بەئەندازەی زمانی چینی و عەرەبی لێک دوورن.
لەپاڵ ئەوەشدا شێوازی مامەڵەکردنی وەک داگیرکەر و دوژمنێکی نەتەوەی کورد بە جۆرێکە، کار لەسەر داگیرکردنی دڵ و مێشکی مرۆڤی کورد دەکات. ئێستا ژمارەی ئەو کوردانە زۆر و بەرچاون لە ڕۆژهەڵات و باشوور و ڕۆژاوای کوردستان، بەچاوی داگیرکەر لە ئێران ناڕوانن.
لێکەوتەی ئەم شێوازە لە داگیرکاری، نەک ڕق و کینە و گیانی بەرگریی درووستناکات، بەڵکوو داگیرکراو دەکات بە ئامراز و دەسکەلای دەستی داگیرکەر، بۆیە چاوەڕوان کراوە لە ساڵانی داهاتوو خەسڵەتی پرسی کورد لە ناوچەکە بە جۆرێک بگۆڕێت نەک کارت بەدەستی کوردەوە نامێنێ، بەڵکوو کورد دەکات بە کارتی ئێران دژ بە تورکیا. هیچ گومان لەوەدا نییە تورکیا دوژمنی سەرسەختی کوردە، داگیرکەری زۆرترین بەشە جوگرافیای کوردستانە لە باکوور و چاوی بڕیوەتە باشوور و ڕۆژاوای کوردستانیش، گرنگە دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان وەک ئەوەی هەن، بیانناسین، بەڵام مەترسیدارە ئەم پێناسەکردنەی تورکیا لەسەر حسابی ئەوەبێت تاران و بەغدا و دیمەشقمان لێببن بە دۆست. [1]