=KTML_Bold=کۆچی دوایی تێکۆشەرێکی دێرین و باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نۆروێژ=KTML_End=
ئەحمەد قادری پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کورستان و باوکی شەهید سوهەیلا قادری، لە وڵاتی نۆروێژ ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتووو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی هەینی 31ی پووشپەڕی 1401ی هەتاوی، “ئەحمەد قادری ناسراو بە ئەحمەد سیمبان” پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نۆروێژ کۆچیدوایی کرد.
کاک ئەحمەد سیمبان، سیمایەکی ناسراوی ناو ڕیزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوو کە لە یەکەم ڕۆژەکانی خەباتی ئاشکرای ئەو حیزبە لە شاری پیرانشار بە بنەماڵەوە چوونە سەنگەری دیفاع لە ئازادی و مافە ڕەواکانی گەلە بەشخوراوەکەیان و چەکی خەباتێکی نەپساوەو شێلگیریان کردە شان.
شەهید سوهەیلا قادری کچی کاک ئەحمەد ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بوو کە لە مووشەکبارانی 17ی خەرمانانی 1397ی هەتاوی، لەلایەن سپای تێرۆریستیی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە وێڕای پۆلێک لە هاوسەنگەرانی شەهید کرا و چووە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بەبۆنەی کۆچیدوایی کاک ئەحمەد قادری، پرسە و سەرەخۆشیمان ئاراستەی بنەماڵە وخزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین. [1]
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
31ی پووشپەڕی 1401
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=