مانگی هەنگوینی سوید و تورکەکان زوو کۆتاییهات
#13-07-2023#
#ئارام ڕەفعەت#
دوای ڕەزامەندی تورکەکان بۆ ئەندامبوونی سوید لەناتۆ، چاوەڕوانی وەرچەرخانێک لەسیاسەتی گوندەیی ئەردۆغان بەرانبەر سوید لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە لەوتارو کرداری سوید و ئەمریکا بەرانبەر تورکەکان بەئاڕاستەی پابەندبوون بەمامەڵەی ئەندامبوونی سوید دەکرا، بەڵام پێشهاتەکانی ئەم دوو ڕۆژەی دواتر لەگەڵ پێشبینییەکاندا نایەنەوە و پێدەچێت مانگی هەنگوینی تورکەکان و سوید تەنیا چەند کاتژمێرێکی خایاندبێت، بۆ ئاگاداربوون، لەم کوورتهێنانە با چەند نموونەیەک بێنینەوە:
یەکەم:
ئەردۆغان ڕایگەیاند تا مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ پەڕڵەمانی تورکەکان کۆنابێتەوە و سوید نابێت چاوەڕوانی ئەوەبکات پێش مانگی ئۆکتۆبەر، پەڕڵەمانی تورکەکان ڕەزامەندی لەسەر ئەندامبوونی سوید بدەن. ئەمەش جۆرێکە لەدەستی دەستی پێ کردن و لەئاستی چاوەڕوانی و پێشبینی سویددا نەبوو.
دوەم:
ئەردۆغان وتی پەڕڵەمانی تورکەکان ڕەزامەندی لەسەر ئەندامبوونی سوید نادات، ئەگەر داخوازییەکانییان جێبەجێنەکرێن.
سێیەم:
سوید بۆ یەکەمجارە پێدەچێت سیاسەتی ددان بەددان و چاو بەچاو بەرانبەر تورکەکان بگرێتەبەر. لەپێشهاتێکی بێ پێشینەدا، سوید داوای ڕادەستکردنەوەی باندی مافیایی لە تورکەکەکان دەکات، ئەوانەی دوای ئاشکرابوونی تاوانە مافیاییەکانییان لەسوید و وڵاتە ئەورووپییەکان لەدەستی یاسا ڕایانکردووە و لای ڕژێمەکەی ئەردۆغان داڵدەدراون. هەر ئەوە نا، سوید تورکەکان بەوە تۆمەتباردەکەن کە وڵاتەکەیان بووەتە پەناگای باندە تاوانکارییەکان. دەمێکە ئەوروپییەکان ئەو ڕاستییە دەزانن، بەڵام تا ئێستا خۆیان بێدەنگکردووە، سوید ئەو بێدەنگییەی شکاند.
تورکەکان ئەستەمە ئەو باندە مافییایانە ڕادەست بکەن، چونکە ئەوانە باندی ڕێکخراون و زۆرێک لەکاربەدەستەکانی تورک لە پشت ئەو باندانەوەن، بەتایبەتی گرووپەکەی باخچەلی.
چوارەم:
دادگای باڵای سوید دیپۆرتکردنەوەی دوو لەئەندامەکانی بزووتنەوەی گیولەنی ڕاگرت، کە ئەردۆغان داوایکردبوون و دادگای سویدیش بڕیاری دیپۆرتکردنەوەیدابوون. سوید دەڵێت هەم تۆمەتەکانی ئەردۆغان هی ئەوەنین، ئەوانە دیپۆرتبکرێنەوەو هەم زەمانەتێک نییە کە ئەوانە ڕووبەڕووی پێشێلکاری مافەکانییان نابنەوە. ئەمەش وەرچەرخانێکی ئەرێننیە لەهەڵوێستی سوید.
پێنجەم:
سەرەڕای پەیامە ئومێدبەخشەکانی بایدن و ئەردۆغان لەمەڕ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەبارەی فرۆشتن و نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەی ئێف-شازدە، بۆب مەندەنیزی سەرۆکی سێناتەکانی ئەمریکا پەیمێکی شۆکهێنەری بڵاوکردەوە، ئەو ڕایگەیاند کە تائەوکاتەی تورکیا ڕەفتارە شەڕەنگێزەکانی بەرانبەر دراوسێکانی ڕانەگرێت، ڕەزامەندی لەسەر ئەو مامەڵەیە ڕاناگەیەنین. سەرۆکی سێناتەکان چەمکی دراوسێکانی بەکارهێنا، نەک دراوسێکەی، کە دەکرا مەبەستی تەنیا یۆنان بێت.
تورکەکان و ڕژێمەکەی ئەردۆغان هەر بارگرانی نین بەسەر کورد و سەرجەم دراوسێکانی ترییان، ئەوان بارگرانین بەسەر ناتۆو ئەوروپاشەوە. تاکەی ئەوروپییەکان تاقەتی هەڵگرتنی ئەو بارەیان هەیە، ئەوە بۆ مێژوو بەجێدێڵین.[1]