ناونیشانی بابەت: حیزبەکان و شپرزەکردنی کۆمەڵگە
ناوی ئەمادەکار و نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
(پیاو هەیە تەنیا لەبەر ئەو خۆشبەختییەی کە دەیەوێ بەدەستی بێنێ، ئارەزووی دەسەڵات دەکات، خۆی سەرقاڵی سیاسەت دەکات ودەچێتە ناو حیزبە سیاسییەکانەوە - فریدریش نیچە) .
مێژووی حیزبایەتی لە جیهاندا و دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆشارستانێتی یۆنان، بەتایبەت لە شاری ئەسینای پایتەخت، ناوی ئەو حیزبەش بە حیزبی ئۆلیگارشی ناسرابوو، بەپێی زانیارییەکان ئەو حیزبە بە یەکەم حیزبی سیاسی دادەنرێت لە مێژوودا، کە ئاماژەی بۆ کرابێت، ئەو حیزبە سیستمی کۆنتڕۆڵ کردبوو، دەستی گرتبوو بەسەر حکومەت لە ئەسینای پایتەخت، لەناو دەوڵەتی یۆنان.
یەکەم پارت کە لە جیهاندا پێکهێنرا پارتی لیبڕالی بەریتانیایە لە ساڵی 1687 پێکهێنرا، یەکێکە لە پارتە سیاسییەکان، پارتێک بوو داوای حوکمڕانی گەلی دەکرد و دژایەتی حوکمڕانی شاهانەی دەکرد، ئەو حزبە بووە هۆکاری ڕووخاندنی شا جەیمسی دووەم، هەروەها ئەم حیزبە لە ساڵی 1859 هەڵوەشایەوە.
ئەگەر چاوێکیش بەمێژووی کوردا بخشێنین، بۆ درووستبوونی یەکەم حیزبی کوردی، ڕاوبۆچوونی جیاواز دەبینین، لەسەرمێژووی یەکەم حیزبی سیاسی کوردی، (یەکێتیی محەمەدی کە لە ساڵی 1908 درووست بووە یان 1909) بە سەرۆکایەتی #سەعید نوورسی# یەکەم بووە، بەڵام بەپێێ بەڵگەنامەکانی ئەرمەنی (یەکێتیی کورد) بە ڕابەرایەتی (#شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری#) لە ساڵی 1880 درووست بووە، بەپێی چەند سەرچاوەیەکی تریش (کۆمەڵەی عەزم- عزم قوی جمعیتلر) لە ساڵی 1900 درووست بووە بریتییە لە یەکەم حزب.
ئەوانە هەمووی ئەگەر یەکەم حزبی کوردیش نەبن یەکەم داڕێژەری بنەماکانی سیاسی کوردایەتی بوون، هەرچی (#محەمەد ئەمین زەکی بەگ#) بە دوای ئەویش زۆربەی هەرە زۆری مێژوونووسان (حزبی تەعالی و تەرەقی کوردی) بە یەکەم حیزب لە کوردستان داناوە، ئەویش لە هەمووان کاریگەرتر بووە.
بەپێی زانستی سیاسی و کۆمەڵناسی سەردەم، حیزب کۆکەرەوەی کۆمەڵە کەسانێکە لەدەوری ئایدۆلۆژییایەک کە بڕوایان پێیەتی، لەپێناو ئامانجی دیاریکراو (نیشتمانی، نەتەوەیی، چینایەتی، ڕەگەزی....) هتد
لە وڵاتە پێشکەوتووەکان، حیزب کاریگەریی ئەرێنی هەیە لەسەر گەشەکردنی کۆمەڵگە، چونکە وابەستەی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتن، بەڵام لەو وڵاتانەی دەرگیری عەقڵی خێڵ و هۆزن، وابەستەی نەریتە کۆنەکانن، حیزب دەبێتە ڕێگر و لەمپەڕی گەشەکردنی کۆمەڵگە و پێشکەوتن، چونکە هەندێ کەس بۆ بەرژەوەندی تایبەتیی خۆیان بەکاری دەهێنن. زۆرجار قوربانی بە ئامانجە گەورەکان دەگەیەنێت بۆ کەس و خێڵ و هۆزێک، لە ڕۆژڵات بەگشتی و کوردستانیش بەتایبەت، هەر حیزبێک دادەمەزرێت، لەسەرەتادا بە درووشمی ڕەنگاڵەیی دێتە مەیدان، لە دواییدا کەسێک یان گرووپێک، دەستی بەسەر دادەگرن و دەیکەنە موڵکی خۆیان، بەمەش لەو ئامانجەی بۆی درووست بووە، دووری دەخەنەوە، حیزب و ڕەوتە هۆشیارەکان کە بەزەحمەت کار دەکەن، دەبێت سەرهەڵبدەن، خاوەنی دیدگا و پڕۆژەیەک بن کە بتوانن سەرکردایەتی دەوڵەت بکەن، بۆ دەربازبوون لەو هەموو درووشم و ئەفسانە درۆینانە و هەڵگری نییەتی دڵسۆزانە و حەماسەتێکی نیشتمانپەروەرانە بن.
لە دوای ڕاپەڕینەکەی 1991 هەرێمی کوردستان دۆخی حیزبایەتی گۆڕرا بەشێوازێکی تر کە حوکمڕانی و کارگێڕی بوو، لەم شێوازی حوکمڕانییە کارێکی وایانکرد، مرۆڤی کورد تووشی ئاڵۆزی و شپرزەیی دەروونی و شۆک ببێت، بەهۆی ئەوەی خەونەکان بۆ گەیشتن بە ئامانج و ئاکامەکان پێچەوانە بوونەوە، لەجیاتی ئازادی مرۆڤی کوردیان دیل و یەخسیرکرد، تەنانەت حیزبی بوون لای زۆربەی خەڵک بووەتە لەکەو شوورەیی، پێش چەند ساڵێک هەرکەس بیوتایە بێلایەنم، بەپێکەنینەوە ئەیانووت بەڕاست؟ دوای ئەوە ئەیانووت جاکوا خەڵک هەیە بێلایەن بێت؟
بەهۆی خراپی کاری حیزبایەتی و قۆرخکاری لە هەموو بوارەکانی ژیان و دەوڵەمەندکردنی ئەوانەی مەبەستیانە و لەکارخستنی وزە و توانا جوانەکانی کۆمەڵگە ورد و خاشکردنی هەموو جوانییەکانی ژیان، حیزبەکان وەک بێزراوترین و ناشیرینترین بوونەوەر لێیان دەڕوانرێت.
لێرەدا دێڕە شیعرێکی شاعیری گەورەوبیرمەندی کورد (#پیرەمێرد#)م دێتەوە یاد کە دەڵێ:
هەرچی هەڵئەستێ دەڵێ من حیزبم
برا لێم لادە، نامەوێت حیز بم
لەئێستاشدا ئەوەندە فرەتکردنە لە حیزبەکان، ئەوە دەردەخات لەجیاتی هێنانی خۆشبەختی و کامەرانی، بوونەتە سەرچاوەی نادادی و گرفتی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و پەروەردەیی و کارگێڕی، تەنانەت لەسایەی عەقڵی بچووک و تەسکی ئەوان وڵات کراوەتە دۆزەخێکی مەترسیدار، ڕۆژبەڕۆژ دوورکەوتنەوە لە خۆشەویستی نیشتمان و نەهێشتنی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەبێتە ئەنجام.
خۆزیا تەنیا ڕۆژێک ئەم حیزبانە وانەیەکیان وەربگرتایە و لە هەڵەکان وانەی تازە فێرببوونایە و دڵی ئەوخەڵکەیان بەئارامی شادبکردایە، لەخۆڕانییە (جۆنکۆنیێرز) دەڵێت: (ڕۆژێکی ئاشتی و هاوبەشی دەتوانێت ببێتە هۆی لێکتێگەیشتن و هاوکاری زیاتر لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و گرووپە ئایینییەکان و هەموو چین و توێژەکان بێجیاوازی) .
فێرنەبوون لە هەڵەکانی پێشوو، بەردەوامی ئەنجامدانیان دەبێتە هۆی زیادبوونی کێشە و قەیران بۆ هەمووان، بەتایبەت بۆ ئەوانەی ئەنجامیانداوە، وەک چۆن ئەو درک بە هەڵەکەی ناکات، ئەوە وانەی سەختە، هەڵەکردن لە سیاسەتدا شتێکە کە ئەگەری بەهێزی هەیە، بەڵام گۆڕەپانە سیاسییەکان بێ کەموکوورتی ئەوان نین، ئایا دان بە هەڵەکەنیاندا دەنێن و پەنا بۆ ڕاستکردنەوەیان دەبەن؟
کێشەکە لەوەدایە کە زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەو پێیەی هەڵە دەکەن و ئاگاداری ئەوە نین تا دوای ئەوەی هەڵەکە دەبێتە تاوان، بەمەش خەسارەت بۆ خەڵک و خۆیان بەهەمان شێوە دەگەیەنن.
جگە لە ناکارامەیی کەسایەتییەکانی سەرکردایەتیکردنی زۆربەی حیزبە سیاسییەکان، کێشەی دیکەش هەن کە ئەم ڕەوتە بەرکەوتوون، لەوانە، فێرنەبوون لە هەڵەکانی پێشوو، و درک پێنەکردنی ئەو هەڵانە هەندێک جار، نەبوونی تێگەیشتن و هۆشیاری سیاسی کەسایەتییە گەورەکانی ئەو حیزبانە، هەروەها دیاردەی ملکەچبوونی دەرەکی، کە وایکرد ئەو هێزانە کاربکەن بۆ قازانجی دەرەوە، نەک لەپێناو نیشتمان، ئەو دەوڵەتەی کە توانای پاراستنی هێزی حزبەکەیان لە پێشینەی خزمەتکردنە بۆ ئەوان، بڵاوبوونەوەی ڕۆحی ململانێ و پێشکەوتن لەنێوان هەمان ئەو لایەنانەدا بە یەکێک لە گرنگترین کێشەکان دادەنرێت کە ڕەنگە ڕووبەڕووی ببنەوە، باسی شکستهێنان لە پەسەند نەکردنی وتارێکی سیاسی نوێ و درێژەدان بەخۆهەڵنان و شانازیکردن بە قارەمانێتی ڕابردووی خۆیان، کە جەماوەر لێی بێزارە و ڕەفتاری، سیاسەتی فریودەر و گرنگی نەدان بە پێداویستییەکانی کۆمەڵگە و هاونیشتمانییان.
گومانی تێدا نییە، قەیرانی هۆشیاری و تێگەیشتن لە کارکردن و چۆنێتی ئاڕاستەکردنی حیزبدا، لەسەر تاک و کۆمەڵگە پەرەی سەندووە، هۆکارێکی بنەڕەتییە بۆ بەردەوامیی ئەو لایەنانە و سەرکەوتنی بەهێزی ئەم ڕەوتە ناعەقڵانیانە لە هەڵبژاردنەکاندا تەنیا بەڵگەی ڕوون و ئاشکرایە هەستی خێڵگەرا و بنەماڵەیی و حیزب سالاری، کاریگەریی مانەوە و بەردەوامی ئەم هێزە درۆزنانە هەبووە، کاریگەریی نەرێنشی لەسەر کەس و ڕەوتە ڕاستگۆکانی کۆمەڵگە هەبووە، ئەمە کێشەی سەرەکین کە دەبنە هۆی شکستهێنان لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی حیزبایەتی هاوچەرخ. [1]