وتەبێژی #پارتی دیموکراتی کوردستان# دەڵێت: ئەرکی ئێمەیە ڕێز لەو کەسانە بگرین کە لە حزبەکانی دیکەوە دێنە ناو پارتی، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کادیرە کۆنەکانمان فەرامۆش بکەین.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی پارتی پۆست بەو کەسانە دەدات کە لە حزبەکانی دیکەوە دەچنە ناو پارتی، #مەحمود محەمەد#، وتەبێژی پارتی و ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە لە لێدوانێکدا بۆ میدیای پارتی دەڵێت: ئەو کەسانە دیارە بڕوایان بە بیروباوەڕی پارتی و بارزانی هەیە، لەسەر ئێمە ئەرکە ڕێزیان لێبگرین، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە گرنگی بە کادیرە کۆنەکانی خۆمان نەدەین یان پشتگوێیان بخەین.
دەشڵێت، ئەو کەسانەی لە حزبەکانی دیکەوە هاتوونەتە ناو پارتی، ژمارەیەکی کەمیان پۆستیان لە حزب و حکومەت پێدراوە، بەڵام سەدان و هەزاران کادیری دیکەی پارتی هەن کە دەیان ساڵە پارتین. ئێستا پۆست و پلەی باڵایان هەم لە حزب، هەم لە حکومەتیش هەیە.
ئاماژەی بە ئەوەش کرد، ئێمە لەپێناو کەسی نوێ کەسە کۆنەکانی خۆمان فەرامۆش ناکەین، بەڵکوو ئەو کەسانەی خۆمان بوونەتە هۆی ئەوەی پارتی بە گەورەیی بهێڵنەوە و کەسانی دیکەش حەز بکەن بێنە ناو پارتییەوە. [1]