ناونیشان: تورکمان مەخەنە بەرەى عەرەبەوە
نووسەر: #عارف قوربانی#
ڕۆژی دەرچوون: #08-08-2023#
ئەوەندەى مێژووى گەلانم خوێندووەتەوە، نەمبینیوە هیچ میللەتێک هەبێت وەک کورد، بێدەربەست بێت لە ئاستى پرسە نەتەوەیى و چارەنووسسازەکانى. نەمبینیوە میللەتێکى دیکەى هاوشێوەى کورد هەبێت بەردەوام لەناو بازنەیەکى داخراودا بخولێتەوە، هیچ گەل و نەتەوەیەکى دیکە نییە بە ئەندازەى کورد کەڵک لە هەڵەکانى خۆى وەرنەگرێت و هەر دووبارەیان بکاتەوە.
زۆرجار لە بەرانبەر بێدەربەستى و هەستنەکردن بە بەرپرسیارییەتیی هێزە سیاسییەکانى کورد لە پرسە نەتەوەیى و چارەنووسسازەکاندا، تووشى شۆکێک دەبیت نازانى بەچى شێوازێک ڕەخنە لە هەڵە کوشندەکانیان بگریت. ئەوەى ئەمڕۆ لە پرسى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى #کەرکووک#دا دەیبینین، کە لایەنە کوردییەکان بە چوار پێنج لیستى جیاواز چوونەتە هەڵبژاردنەوە، ڕێک ئەو هەستەیە، تووشى سەرسوڕمان دێیت لەوەى ئایا هەر بەڕاستى ئەم حیزبانەى کورد پێش ئەوەى بڕیار بدەن، بیر دەکەنەوە؟
ئایا لەوە تێدەگەن بۆچى بەغدا بەدرێژایى ساڵانى دواى 2005 ڕێگەى نەدەدا پڕۆسەى هەڵبژاردن لە کەرکووک بەڕێوەببرێت، بەڵام لەم بارودۆخەدا بەزۆر هەڵبژاردن بەسەر کەرکووکدا دەسەپێنێت؟ هۆکارەکەى ڕوونە، لەبەرئەوەى بەغدا باش دەزانێت هیچ کات کورد هێندەى ئێستا پەرتەوازە و لەناوخۆدا ناتەبا نەبووە. دەیەوێ کەڵک لەو شێواوییەى ماڵى کورد وەرگرێت بۆ یەکلاکردنەوەى پرسێکى چارەنووسساز.
بەغدا دەزانێت ئەوەى بە زەبرى هێز و بە پڕۆسەى سەربازى و پەلامارى میلیشیاى سێ دەوڵەت: (ئێران، ئێراق و لوبنان) لە 16ی ئۆکۆتۆبەردا بەسەر کەرکووکدا سەپاندوویەتى، لە دۆخێکى وەک ئێستادا نەبێت ناتوانێت شەرعیەتێکى یاسایى بداتێ. هۆکارى ئەوەى ماوەى شەش ساڵە ناتوانێت پارێزگارێک بۆ کەرکووک لە بەغداوە دابمەزرێنێت و شارەکە لەلایەن جێگرى پارێزگارەوە بەڕێوەدەبرێت، لەبەر ئەوەیە کە نەیتوانیوە ڕەوایەتیى یاسایى بۆ دەستبەر بکات، بەڵام ئێستا کە دەزانێت کورد چەند پەرتەوازە و لاوازن، دەیەوێت ئەم کێشەیە بە قازانجى نەتەوەى سەردەستەى عەرەب لە کەرکووک یەکلابکاتەوە.
یەقینم لەوەى ئەگەر کورد بەو جۆرە ناتەبا نەبووایا و بەغدا دڵنیابووایە لەوەى کورد یەک دەنگ و یەکهەڵوێست دەبن لە کەرکووک، ئەمجارەش بەغدا پاساوێکى دیکەى دەهێنایەوە و هاوشێوەى هەڵبژاردنەکانى پێشووترى پارێزگاکانى ئێراق، ڕێگەى نەدەدا لە کەرکووک هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام ئەوان لە خۆمان باشتر ئاگایان لە شێواویی ناو ماڵەکەمان هەیە، بۆیە دەیانەوێ وەک زۆرێک لەو پرسانەى دیکە کە وەک تەونى جاڵجاڵۆکە بەدواى یەکتریدا دەیچنن، مەسەلەى کەرکووکیش یەکلابکەنەوە.
بەداخەوە ئەمەى ڕوودەدات بەهۆى حیزبە سیاسییەکانەوەیە، وەک چۆن لە 20 ساڵى ڕابردوودا زۆر هەل و دەرفەت هاتنەپێش بە قازانجى ئەوەى کورد بڕیارى یەکلاکەرەوەى کێشەى کەرکووک بدات و هەر بەهۆى سیاسەت و ئیدارەدانى هەڵەى حیزبە کوردییەکانەوە دەرفەتەکان لەبارچوون، دواى ڕووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەر بڕیاردان لە هەڵبژاردنیش دەرفەتێکى نوێ بوو بۆ کورد بتوانێت هەندێک لەو هاوکێشانەى کەرکووک ڕاست بکاتەوە، بەڵام جارێکى دیکە بەو فرە لیستییەى بۆ هەڵبژاردن پێشکەشیان کردووە، نەک هەر ئەم دەرفەتە کەمەشیان لەدەستدا، بەڵکوو زەمینەى ئەوەیان خۆشکردووە، دۆخى سەپێنراوى سەر کەرکووک و ئەو پڕۆسەى بەعەرەبکردن و تەشەیوعەى لە ئارادایا، شەرعیەت و ڕووپۆشێکى یاسایى بەبەردا بکرێت.
سەربارى ئەوەى تازە زەمەن ناگەڕێتەوە و هیچ هەل و دەرفەتێک لە ئارادا نییە کورد بتوانێ یەک دەنگ و بەیەک لیست بچێتە هەڵبژاردنەوە، بەڵام خەسڵەتى کێشەى کەرکووک و ململانێى نێوان پێکهاتەکان ئەوەى لێ چاوەڕوان دەکرێت کوردى کەرکووک بە ڕێژەى زۆر بەشدارى دەنگدان بکەن. ئەمە دەرفەتێکى دیکە دەخاتەوە بەردەم کورد. هەرچەندە هیچ ئومێدێک نییە دواى ئەنجامى هەڵبژاردن لیستە براوەکانى کورد وەک وێستگەیەکى دیکە بتوانن لەوێدا یەک بگرنەوە. بەپێچەوانەوە ئەگەرى ئەوە هەیە بەهۆى بانگەشەى هەڵبژاردنەوە درز و ناکۆکییەکانى نێوان لیستە کوردییەکان گەورەتر ببێتەوە. لەگەڵ ئەوەى چاوەڕوان دەکرێت کورد بەتەنیا خۆى بە ئەندازەى تورکمان و عەرەب دەنگ بهێنێت و ببێتە خاوەنى حەوت بۆ هەشت کورسیی ئەنجوومەنى پارێزگا، بەڵام بەهیچ شێوەیەک چاوەڕوان ناکرێت لەسەر ئەوە پێکبێن کوردێک بەربژێر بکەن بۆ پارێزگارى کەرکووک. ئەزموونى ساڵانى ڕابردوو ڕاستییەکى تاڵە کە پارتى و یەکێتى بە جیاجیا ئامادەن لەگەڵ هەر تەرەفێکى دیکەى غەیرە کورد ڕێکبکەون، بەڵام لەناو خۆیاندا ناتوانن. بۆ ئەم جارە نەوەى نوێش هاتووەتە ناو هاوکێشەکانەوە و ئەویش لەگەڵ پارتى و یەکێتی ناچێتە هیچ ڕێککەوتنێکەوە.
بۆ ئەوەى ئەم دەرفەتەش لەدەست نەچێت و کەرکووک لەسەر سینییەکى زێڕ پێشکەش بە نەتەوەى سەردەستەى عەرەب نەکرێت، دەبێت لانى کەم وەک کورد لەناوخۆیاندا ناتوانن لەسەر کوردێک ڕێکبکەون، پێویستە لە ئێستاوە بەڵێن بە تورکمان بدەن کە کورد ئامادەیە یارمەتیدەربێت لەوەى تورکمانێکى سوننە مەزهەب بکرێتە پارێزگار. کورد تەنیا لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت یارییەکە بە قازانجى خۆى بگۆڕێت. چونکە کەرکووک چەند بۆ کورد پرسێکى چارەنووسساز و هەستیارە، بەلاى تورکمانەکانیشەوە بۆ ئەوان وایە. عەرەب لەبەر ئەوەى پۆست و توانای زۆرە، دەیەوێ بە پێدانى پۆست و ئیمتیاز لە بەغدا تورکمان بەلاى خۆیدا ڕابکێشێت، وەک پێشتریش ئەم ڕێگایەى تاقیکردووەتەوە و سەرکەوتوو بووە. کورد نەیتوانیوە هاوشێوەى عەرەب جۆرێک سیاسەت بەڕێوەببات کە بە پێدانى پۆست و ئیمتیاز لە هەرێمی کوردستان وابکات تورکمان بە هەمان ئەندازەى بەغدا چاویان لە #هەولێر#یش بووایە. بۆیە دەبێت بۆ قەرەبووى ئەوە بیر لە سازشکردن بکرێتەوە لەناو کەرکووک پۆستیان پێ بدرێت، چونکە عەرەب بەهیچ جۆرێک ئامادەنابن لە کەرکووک ئەوە بۆ تورکمان بکەن. ئەگەر کورد ئەم بڕیارە بدات درزێکى گەورە دەخاتە نێوان تورکمان و عەرەبەوە و بەمەش تورکمان ڕووى لە کورد دەبێت. ئەوەى کە پێویست بوو هەر لە دواى کەوتنى سەدام و گەڕانەوەى کورد بۆ کەرکووک بمانکردایا، نەمانکرد. بەوەش تورکمانمان خستە سەنگەرى عەرەبەوە و بەهۆیەوە کێشەى کەرکووکمان بە ئەندازەیەک سەختکرد کە بەتەنیا دەرەقەتى چارەسەرکردنى نەیەین.
ئێستا دەرفەت و شانسێکى دیکە بۆ کورد ڕەخساوەتەوە پەند لە هەڵەکانى ڕابردووى خۆى وەرگرێت، ئەم هەڵبژاردنە بکاتە قۆناخێکى نوێى پێکەوەیى نێوان کورد و تورکمان. ساڵانى داهاتوو بۆ کورد سەخت دەبن، ئەگەر هەموو کورد پێکەوەش بێت، ناتوانێت بەر بە سیاسەتى نوێى بەعەرەبکردن و تەشەیوع بگرێت، بەڵام ئەگەر وابکات تورکمان لە ڕەتکردنەوەى سیاسەتى بەعەرەبکردن و تەشەیوع لەگەڵ کورد هاوهەڵوێست بێت، هەلومەرجەکە بە جۆرێکى دیکە دەکەوێتەوە کە ڕەنگە شانسى ئەوە بۆ کورد بڕەخسێنێتەوە خولێکى دیکە دەورانى کورد بێنێتە ئاراوە، بەڵام ئەگەر وانەکات و هەر لیستێکى کوردى بەدواى دەستکەوتى حیزبەکەیەوە بێت، زۆر نابات پێگەى کورد لە کەرکووکیش هاوشێوەى دیالە و موسڵى لێدێت. [1]