بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لەبارەی بارودۆخی #کەرکووک#ەوە ماوەی چەند ڕۆژێکە کۆمەڵێک ڕێگر و گێرەشێوێن بە بیانووی ڕێگریکردن لە کردنەوەی بارەگاکانی #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە شاری کەرکووک، ڕێگەی #هەولێر# و کەرکووکیان گرتووە و ڕێگە نادەن هاووڵاتیان ژیان و هاتووچۆی ئاسایی خۆیان بکەن و دۆخێکی زۆر نالەبار و پڕمەترسیان بۆ خەڵکی کەرکووک دروست کردووە.
ئێمە هەمیشە ئەوەمان دووپات کردووەتەوە کە کەرکووک دەبێ نموونەی پێکەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێکهاتەکانی ئەو شارە بێت بەڵام ئەو ڕەفتارە نابەجێ و نایاساییانە، هەوڵدانە بۆ نانەوەی فیتنە و تێکدانی پێکەوەژیان. جێگەی سەرسوڕمانی زۆریشە کە لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هێزە ئەمنیەکان و پۆلیسی کەرکووک بە هیچ شێوەیەک ڕێگریان لەو گێرەشێوێنی و ڕەفتارە نایاساییەی ڕێگرەکان نەکردووە، کەچی ئەمڕۆ لەبەرانبەر گەنجان و خۆپێشاندەرانی کوردی کەرکووک زەبروزەنگ و توندوتیژی بەکار هاتووە و خوێنی گەنجی کورد ڕژاوە. ئەم جۆرە ڕەفتارە بە هیچ شێوەیەک قابیلی قبووڵ نیە و ئەنجامی زۆر خراپی لێ دەکەوێتەوە و، ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەکانمان لە کەرکووک باجی قورسی دەبێت.
لێرەدا داوا لە بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دەکەم کە سنوورێک بۆ ئەو ڕێگر و گێرەشێوێنانە دابنێن و کۆتایی بەو ستەم و جیاکاری و ڕێگرییە بهێندرێت کە ڕاستەوخۆ پێکەوەژیان و سەقامگیریی کەرکووک و ناوچەکانی تر دەکاتە ئامانج.[1]
#مەسعود بارزانی#
2ی ئەیلوولی 2023
تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!