ناونیشانی بابەت: شەڕی حەماس و ئیسرائیل دەیسەلمێنێت بارزانی چەند لەسەر حەق بووە
نووسینی: کارزان گلی
هەر لە یەکەم ڕۆژی بەرپابوونی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، میدیاکانی تورکیا گرنگییەکی زۆریان بەو شەڕە داوە و ڕۆژانە دەیان شرۆڤە و بەرنامەی لەسەر دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە، بەڵام لە زۆربەی بەرنامەکاندا، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باس لە ترسی خۆیان بەرانبەر بە درووستبوونی دەوڵەتی کوردی دەکەن لە باشووری #کوردستان#.
ئەوان پێیان وایە سەرۆک بارزانی هەر لەخۆڕا نییە ڕیفڕاندۆمی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کردووە، نەخێر ئەو دەیەوێت لەناو نەخشەی تازەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باشووری کوردستان بکات بە دەوڵەت.
ئەو کاتەی گرووپی تیرۆریستیی داعش سەری هەڵدا و نیوەی خاکی سووریا و ئێراقی داگیر کرد، هەموو لێکۆڵینەوە سیاسییەکان لەبارەی بوونی داعش ئەوەی سەلماند، نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانی بەسەردا دێت، تورکیاش وەکوو وڵاتێکی گەورەی ناوچەکە ئەو هەستەی بەلاوە درووست بوو و گەیشتە ئەو بڕوایەی بەڵێ نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕدرێت، بۆیە دەستی بە جموجووڵ کرد و چووە ناو خاکی سووریا و لیبیا.
پێشبینییەکان ڕاست دەرچوون، نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانی بەسەردا هات، بەڵام گۆڕانەکە نەبووە یاسایی و لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پێدا نەنراوە، بەڵکوو سنووری بەشێک لە وڵاتان گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بۆ نموونە سووریا بەسەر چەند لایەنێکدا دابەش بووە، تورکیا بەشێکی خاکەکەی داگیر کردووە، هەروەها ڕووسیا بەشێک و یەپەگەش ڕۆژاوای کوردستانی لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.
سنووری ئێراقیش گۆڕانی بەسەردا هات، ئەوەتا شنگال تاوەکوو ئێستاش لەژێر کۆنترۆڵی پەکەکە و سوپای ئێراق و ئێراندایە. قەرەباغ کە زیاتر لە 30 ساڵە خاکی ئەرمەنستان بووە، ئێستا کەوتە ژێردەستی ئازەربایجان.
کەواتە بە کردار سنووری چەندین وڵات گۆڕانی بەسەردا هاتووە، هەر بۆیە ئەوکات سەرۆک #مەسعود بارزانی# درکی بەوە کرد سنوورەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت، بۆیە ویستی لەناو ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەدا باشووری کوردستان لە چوارچێوەی وڵاتێکدا بناسێنێت. ڕاستە ئامانجەکە نەگەیشتە کۆتایی، بەڵام هەوڵەکە گرنگ و گەورە بوو، ئیستاش هەر زیندووە و دەکرێت بڵێین ڕیفڕاندۆم لەناو فرێزەردایە و هەرکاتێک لەباربوو دەکرێت دەربهێنرێت، چونکە بەسەر ناچێت و هەموو کاتێک ئامادەیە بۆ بەکارهێنان.
نووسەرێک هەیە لە تورکیا ناوی یڵماز ئۆزدیلە، ئەو نووسەرە نەژادپەرستە، بەڵام لە هەمان کاتدا نووسینەکانی لە تورکیا زۆر دەخوێنرێتەوە و لێکۆڵینەوەکانیشی حیسابی بۆ دەکرێت. زۆر جار باس لەوە دەکات، هەر لەخۆیەوە قسە ناکات، بەڵکوو پێشتر لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکات، ئەوکات قسە لەبارەی ئەو شتە دەکات کە دەیەوێت بیڵێت.
ئۆزدیل لە تازەترین دیمانەیدا لەبارەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل دەڵێت: لێکۆڵینەوەی جددیم کردووە، نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕدرێت، ئەو گۆڕانەش لە بەرژەوەندیی کورد و ئیسرائیل دەبێت، چونکە هەنگاوبەهەنگاو دەیانەوێت دەوڵەتێک بۆ کورد درووست بکەن، ئەو دەوڵەتەش لە باشووری کوردستانە.
باس لەوەش دەکات کە لەخۆڕا نییە بارزانی ڕیفڕاندۆمی بۆ سەربەخۆیی کردووە. ئەو هۆشداری دەدات کە پێویستە تورکیا ڕۆڵی گەورەی هەبێت لە تێکدانی ئەو یارییە.
ئەگەر ئێمە پێمان وا بێت سنوورەکان ناگۆڕێن و نەتەوە یەکگرتووەکان قبووڵی ناکات بەهەڵەدا چووینە، چونکە هەر 30 ساڵ بەر لە ئێستا بوو، کاتێک یەکێتیی سۆڤیەت ڕووخا، چەندین وڵاتی تازە درووست بوون و نەتەوە یەکگرتووەکانیش دانی پێدا نان و ئێستا وڵاتی سەربەخۆن، وەکوو (ئازەربایجان، ئەرمەنستان، ئۆزبەکستان، جۆرجیا، هەنگاریا، تورکمانستان و...) . لەو ڕوانگەیەوەیە کە دەکرێت بڕوامان بە ڕیفڕاندۆم هەبێت و وەکوو چەکێکی بەهێز شانازییشی پێوە بکەین کە لە کاتی گۆڕانی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەکاری بهێنین.
یەکێک لە خاڵە هەرە سەرەکییەکانی سیاسەت پێشبینییە، سەرۆک بارزانییش لەو ڕووەوە لێهاتووە و دەزانێت نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر گۆڕانی بەسەردا دێت، ئەگەر لەم گۆڕانەدا شەمەندەفەری دەوڵەتی کوردستان کورد بەجێ بهێڵێت و نەتوانین سەر کەوین، دەبێت 100 ساڵی تر و زیاتریش لە وێستگەی شەمەندەفەردا لە چاوەڕوانی شەمەندەفەرێکی تردا بین تا سەر کەوین.
ناپلیۆن گوتەیەکی هەیە دەڵێت: ”بڕۆ ناو جەنگێکی جددییەوە و چاوەڕێی ئەنجامەکەی بکە.''
ڕیفڕاندۆم ئەو جەنگە جددییە بوو، بۆیە با چاوەڕێی ئەنجام بین و نەفەسمان درێژ بێت.[1]