هەوار ئیسماعیل
ڕۆژی دووشەممە یەکەمین دانیشتی پەڕڵەمانی تورکیا لەبارەی بودجەی ساڵی 2024 دەستی پێ کرد و هاوسەرۆکی دەم پارتی بە زمانی کوردی دەستی بە پێشکەشکردنی وتارەکەی کرد، بەڵام سەرۆکی پەڕڵەمان داوای لێکرد وتارەکەی بکاتەوە تورکی.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە وتارەکەیدا وتی، دەمەوێت بە کوردی، کە زمانی دایکی خۆمە دەستپێبکەم، سڵاو لە گەلی ئێمە و هەموو ئەوانەی سەیرمان دەکەن، سڵاو لە ئەو هاوڕێیانەمان کە لە زیندانن و سڵاو لە درووشمی ژن. ژیان. ئازادی.
نوعمان کوورتوڵموش، سەرۆکی پەڕڵەمان کە دانیشتنەکەی بەڕێوەدەبرد، داوای لە باکرهان کرد وتارەکەی بکاتەوە تورکی و وتی، بەڕێز باکرهان، ئەو گوتانەتان بکەنە تورکی. فەرمون، ئێرە پەڕڵەمانی تورکیایە، لێرە بە تورکی قسە دەکرێت. لەبەر ئەوەی زمانی فەرمیمان تورکییە، چاوەڕێ دەکەین بە تورکی قسە بکرێت. لەسەر ناوی هاوڕێکانمان داوای تورکییەکەی لە ئێوە دەکەین.
ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی پەڕڵەمانی تورکیا کە سەر بە ئاکپارتییە، کاردانەوەی سەرۆکی مەهەپەی هاوپەیمانی ئاکپارتی بەدواداهات.
ڕۆژنامەڤانێک لە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەی پرسی، لە دانیشتنی پەڕڵەمان بە کوردی وتار پێشکەشکرا لەلایەن فراکسیۆنی هەدەپ، چەندجارێکی دیکەش کرابوو، چۆن هەڵیدەسەنگێنن؟ کوردی زمانێکی قەدەخەیە، بەتایبەتیی لە پەڕڵەمان.
سەرۆکی مەهەپە وتی، بەشێک لە قسەکەرەکان بە ڕستەی کوردی هەوڵیاندا خۆیان دەرببڕن، ڕەنگە بەهۆی پارێزبەندی کورسییەوە، ئەمە لەلایەن هەندێکەوە پێشوازی لێ بکرێت، بەڵام من ئامۆژگاری سەرۆک و ئەندامانی بەنرخی دادگەی دەستووری دەکەم کە تورکیا بپارێزن. ڕستەکەی سەرۆکی پەڕڵەمانیش کە دوای گوێکرتن لە قسەکانی قسەکەر بە کوردی وتی، 'ئەمە وەربگێرە بۆ تورکی' هێندەی سەرۆکی دادگەی دەستوور، هەڵوێستێکی هەیە. شتێکی لەو جۆرە ڕوونادات.
لە باکووری کوردستان و تورکیا دەیان ملیۆن کورد دەژین و تورکی تاکە زمانی فەرمییە. هەر پەڕڵەمانتارێکیش لە پەڕڵەمانی ئەو وڵاتە بە کوردی قسە بکات، لە تۆماری فەرمی بە 'ئێکس' تۆمار دەکرێت، واتا زمانی نەزانراو.[1]