فەرموتە شیعرێک
کوتو مت وەک خۆم
بسازێنە بۆم
دەنکە مرواری
چڵە نێرگزی ئەوەڵی بەهار
ئەی شیرین گوفتار
من چۆن بتوانم بە وشەی ساکار
بە پێنوسی دار
ڕەنگاو ڕەنگی تۆ
شیکی و بۆنی خۆش
پەرچەمی سەرخۆش
بەرزی گەردنو
مەمکی پڕ چنو
کەمەر وەک بلور
پەنجەی شمشاڵو
لەنجەی جەماڵو
ڕوخسارێکی
پڕاو پڕ لە نور
یا ئەو چاوانەی بە هەڵهێنانێ
بەهار دێتەوە
ئەو گیانە نەرمەی بەدەست لێدانێ
ئەلەرێتەوە
بە وشەی ساکار
به پێنوسی دار
دەی ئەم جوانییەت
نانوسرێتەوە...
ئارامی دڵان
شیلەی ناو گوڵان
ڕەوە پەپولەی وشەی ڕەنگاو ڕەنگ
بۆ نازدارێکی وەکو تۆ قەشەنگ
لە کام باخ هەیە
وشەی بەرزە فڕ چەشنی گەردنو
لە کام شاخ هەیە
تۆ ئەدرەسێکم بۆ دانێ
تا بڵێم هانێ ...
ناوی نووسەر: #بەڵێن سەنگاوی# [1]