پاڕانەوە
یاخوا! خودایی عەززەوەجەل، بێیە سەر کەرەم
سەر لوتف و عەفوو و مەرحەمەت ئەی ساحێبی نیعەم!
ئەو عالەمە بە تۆوە دەنازن لەسەر زەوی
سەربەرز و سەرفیرازن و وا هەڵدەدەن عەلەم
دوورن لە ڕەحم و عەفووی تۆ وانەی کە سەرنەوین
شێواو و شێت و پەرت و پەرێشان و دڵ بەغەم
هەردەم بە فکرێ ڕوو لە دەری ڕەحمەتی ئەتۆم
ڕەحمێ بە حاڵی ئەمنی فەقیر کە نەماوە دەم
هەر چاوەڕێم هەموو دەم و ژەم لوقمەیەک بەرم
تێرم شوکور بە نیعمەتی تۆ، من لە کاتی ژەم
شەرتە کولێرەیێکی ئەتۆ گەورە بێ لە لام
هێندە کە ئەو نواڵە نەدەم من بە مڵکی جەم
«کامیل» ببەخشە تۆ بە کەرەم چونکە هەر دەڵێ
چاوم لە ڕەحم و مەرحەمەتی تۆیە هەرچی هەم
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]