لە چوارچێوەی هەڵمەتی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، #قوباد تاڵەبانی#، جێگری سەرۆک وەزیران بەشی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانی لە ئاساییشی #سلێمانی# و بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان-سلێمانی بەسەر کردەوە.
جێگری سەرۆک وەزیران لەکاتی سەردانەکەیدا بۆ بەشی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانی ئاساییشی سلێمانی لەگەڵ هەر یەکە لە هیوا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای ئاساییشی هەرێمی کوردستان، عەمید خالید محەمەد قادر بەڕێوەبەری ئاساییشی پارێزگای سلێمانی و عەقید ئەڵوەن محەمەد ساڵح لێپرسراوی بەشی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی لە مەترسییەکانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان کرد و پشتگیری تەواوی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانبارانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و دەستگیرکردنی تاوانباران دەربڕی.
بەڕێوەبەرانی ئاساییشیش باسیان لە گیرگرفت و کەموکووڕییەکان کرد و پلانی خۆشیان بۆ چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانباران بۆ جێگری سەرۆک وەزیران ڕوون کردەوە.
دواتر قوباد تاڵەبانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان-سلێمانی کرد و بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی بەسەر کردەوە و لە نزیکەوە لە کێشە و کەموکووڕییەکانی کۆڵییەوە.
جێگری سەرۆک وەزیران دەست خۆشی لە هەوڵەکانی بەڕێوەبەر و ئەفسەران و فەرمانبەرانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە کرد لە یارمەتیدانی ئەو ژنانەی توندوتیژییان بەرانبەر کراوە و توانیویانە ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنانی هەڕەشەلێکراو لە مەترسی ڕزگار بکەن.
داواشیکرد هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەهێزتر بکەن و پشتگیری تەواوی خۆشی بۆ دووپات کردنەوە. [1]