تورجانی خرۆشاو
عالم و عامی لە تورجانێ وەخڕ بوون بێ درۆ
کەوتنە شادیی و ڕەقس و هەڵپەڕین و هاتوچۆ
پیر و جوان، شێخ و مەلا هاتوونە ڕەقسین و سەما
پاکی لەرزی عەرز و حەوش و بان و هەیوان و سەکۆ
من کوتم: یاڕەب! مەگەر چی بوو بە دەستی جەم هەموو
تایفە ڕێکی لە دارولعیلمی شێخا بوون وەکۆ
پێی کوتم عەقڵم کە شەربەتخۆری و دڵخۆشییە
بۆ دەکەویە سەر خەیاڵ و بەحری فکر و جوستوجۆ
ئەرشەدی ئەولاد و ساحەبکاری پڕ عەقڵ و هونەر
مونتەها بوو، ئێستە زامی کۆنی دوژمن هاتە سۆ
کاعەزیز! تەنیا لەنێو ئێمە ئەتۆ گۆت بردە دەر
بەو ئیجازەی تۆیە چا بوو جەهلی جەمعێ بوو پەڕۆ
ئیرسی بابی خۆتە عیلم و جەوهەر و فەزڵ و هونەر
بیڕفێنە زوو بە چاکی، هەروەکوو باز و هەڵۆ
بەم هەرا و جەمعییەت و خۆشیی و بەزم و شادییە
دوژمنی ئێمە تەماشاکە هەموو بوون ڕەنجەڕۆ
هەرکەسێ شێخی نەوێ، کۆستی کەوێ، قەت نەسرەوێ
یا ڕەبی خوار و زەلیل و ڕەنجەڕۆ بێت و تڕۆ
ئەم هەموو خۆشیی و بەزمە، بۆ ئیجازەنامە بوو
یا خودا مامە، موبارەک بێ بە دڵخۆشی لە تۆ!
هۆنەرێکی زۆر زەبەردەستە «ئیمامی» نۆکەرت
بۆیە ڕیسی ڕێکوپێکە، قەت نەبوو بێ تار و پۆ
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]