بەیانیى ئەمڕۆ یەکشەممە، #14-01-2024# لە دووەم ڕۆژى سەردانیدا بۆ #بەغدا#، بەڕێز #نێچیرڤان بارزانى#، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لەگەڵ بەڕێز فالح فەییاز سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخى ئەمنیى ئێراق و هەڕەشە و مەترسییەکانى تیرۆر و هێرش و پەلامارەکانى داعش بۆ سەر هێزە چەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکانى ئێراق و هاووڵاتییان، دوایین پێشهاتەکانى شەڕ و ئاڵۆزیەکان و کاریگەرى و لێکەوتەکانى بەسەر ناوچەکەوە، تاوتوێ کران.
هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێت ئێراق نەکەوێتە ناو ئاڵۆزییەکانى ناوچەکەوە و پاراستنى ئارامى و سەقامگیرى و بەرژەوەندیى باڵاى وڵات، ئەولەویەتى هەمووان بێت. هەروەها هاوڕا بوون کە بەئامانجگرتنى پێشمەرگە و هێرشە درۆنییەکان لەسەر هەرێمى کوردستان، زیان بە ئارامى و سەقامگیریى ئێراق و هەرێمى کوردستان دەگەیەنێت.
پەیوەندییەکانى #هەولێر# بەغدا و پەیوەندییەکانى ئێراق لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچەکە، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو. [1]