ڕەنگاو ڕەنگ
(1)
دەلاقەیەکی برسی،
چاو دائەگرێ لەنانێک
ماڵێکی هەژار
(2)
شەو هەراسان دەبێت،
تاریکی کەڕ و لاڵ
چەنەبازی سیسرکێک
(3)
نێچیرەکان ڕاو دەکرێن،
بە چنینی ماڵێک
تەونی جاڵجاڵۆکە
(4)
پێدەشت و با
گۆرانییەک دەچڕن،
کەروێشکەی گیا
(5)
درەخت هەڵدەپاچن،
چڵەکان دەپژمن
ناسنامەی قەفەسێک
(6)
گوڵی ڕەنگاو ڕەنگ ئەدا لەپرچی،
دەبنە ماڵی پەپوولە
تەسریحەی ژنێک
(7)
دارلاسیکێکی عەجول،
درەختێکی سور پۆش کرد
ڕیشۆڵەیەکی شەهید
(8)
لە بەهاردا خۆی نمایش دەکا،
حەوت جۆگەلەی ڕەنگاو ڕەنگ
پەلکە زێڕینە
(9)
دارستانێکی مۆمیا،
باڵندەکانی چرچ و لۆچ،
تابلۆیەکی سوریالی
(10)
وردە وردە پیاسە دەکا،
لە ڕوبارەکەشدا دەفڕێت
کیسەڵێکی پیر
(11)
لەناو جانتاکەیا دەنوێت،
ماکیاج و ئاوێنە
فەنتازیایی کچێک
(12)
نەخۆش دەکەوێت بە لەتێک تیشک،
جەستەی دەبێتە تنۆک
پەتای بەفر
(13)
لەناو گەڵاکانا مەلە دەکا،
درەخت دەژەنێ
تاڵێک چۆلەکە
(14)
بە بێرییە سەوزەکانیان،
گۆمەکەکە دەخەنە پێکەنین
وەرزشی بۆقەکان
(15)
ماڵەکەیان ڕادەخەن،
بەدەنکە گەنم
پاشەکەوتی مێروولە
(16)
(با) خامۆش دەکەن،
خۆڵەمێش دەکەنە بالیف
خەرمانێک خەڵوز
ناوی نووسەر: #ڕۆژ هەڵەبجەیی# [1]