#سنە#
دەستی حیکمەت دوای چوونی چین
لە سنەی دانا یانەی زانین
کۆتی چینەی ئەو زانینە
چەشنی پوورەی مێش هەنگوینە
ڕەستەی ژیر و زانایانە
هەستەی واژە و مانانانە
جێی میری مەزن و مەشهوورە
گەنجینەی تێدا مەستوورە
شاخ و داخی بە زمانی حاڵ
دەیڵێن و حاڵین ئەهلی حاڵ
ئەی ڕاوێژگەی خان و میران!
تەکیەی شێخ و چاک و پیران!
تۆ مانگی ئاسمانی بەرزی
ئەستێرەی ڕووناکی ئەرزی
بێ شک مێشکی ئەفلاتوونی
چۆن لوقمان و ئەرەستوو نی؟
کوانێ سولەیمان و تەختی؟
کوا ئاسەف وەزیری وەختی؟
لە حاند ئامانوڵڵای والی
کێ بوو خێوی بابی عالی؟
نێوبانگ و نێوی «ئەردەڵان»
لە مێژوودا بەرگی تەڵان
کێت دی لە حاندی مەردۆخی
دەفی دەنگی دا یا کۆخی؟
«سید قطب» ئەو دەم کردی گوڵ
چەپکێکی دا دەس «خرم دڵ»
دەنگ خۆشی داود پێغەمبەر
بو «سەید ئەسغەر» جێ ما و «مەزهەر»
بۆ مەدحی «دارالاحسان» ی
کێ بێنم وێنە «حسان» ی
نووری عەینی بەیتی قودسی
دەدرەوشێ تا عەڕش و کورسی
ئەم وەک ڕووحە و جیسمە «ئەزهەر»
بەڵگەی ناوێ شەمسی ئەزهەر
ڕوانگەی شار و چۆم و باغی
سەیرانگەی سەددی قشڵاغی
پێتی دەنوێنێ دنیای دی
پێی ناوێ گەشتی دنیای دی
بورجی پۆڵای ڕوویین دژی
هەر سەر بەرز و خۆش بی و بژی
سەرچاوە: #دیوانی حەقیقی#
هۆزانەوان: عەباسی #حەقیقی# [1] [2]