#قوباد تاڵەبانی#، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ گلین مایڵز، باڵیۆزی ئوسترالیا لە ئێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ئێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و #بەغدا# تاوتوێ کران.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی دووشەممە (#04-03-2024#) لە #هەولێر# بەڕێوەچوو، باس لە دۆخی ئاساییش و سەقامگیری ئێراق و ناوچەکە کرا، لەم بارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە پاراستنی سەقامگیری و ئاساییش ئەولەوییەتی سیاسی هەموو لایەنە ئێراقییەکان بێت و خۆیان بەدوور بگرن لە هەر چەشنە هەڵوێست و کردارێک کە مەترسی بۆ سەر سەقامگیری ئێراق و هەرێمی کوردستان درووست بکات.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا کە تیرۆر هێشتا مەترسییەکی جدییە و گرووپە تیرۆریستییەکان لە بۆشاییەک دەگەڕێن بۆ خۆ ڕێکخستنەوە و تێکدانی ئاساییشی ئێراق و ناوچەکە، لەم چوارچێوەیەشدا و بۆ بنەبڕکردنی هەڕەشەی تیرۆر جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئێراق و درووستکردنی هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی زیاتر لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و ئێراق لەگەڵ هاوپەیمانان. [1]