بولبول بە خەندە دێت و دەڵێ دەی بڕایەوە
شاخی درەختی عومری شکۆفە ژیایەوە
تەقلیدی دیدەکانی منی کردووە زەمین
هەرکۆرە شێوە چەشمەیی تێدا ژیایەوە
نەورۆزە جەژنە بۆیە چراخانی عالەمە
یا ئاگری لە عومری شیتا چوو کوژایەوە
عەرعەر لە لەنجەدایە لە ڕەقسایە سەروەکان
بەرگی چەمەن لە ڕەنگی زموڕڕود کرایەوە
خەیرولخەلەف نیهالی لە جێدایە سەوز و تەڕ
داری بە بەفر و بادی زمستان شکایەوە
گوڵ دەستی یاسەمینی لە ملدا بە شەرمەوە
فەرمووی زەمانی بولبولە جا بێتە کایەوە
وا تێدەگەم لە بەزمی چەمەندا چراچییە
لالە کە ڕۆنی شەونمی کردە چرایەوە
بۆ گەردەنی هەمیشەبەهارە کە زلفییە
عوقدەی دەمی سییاهی ڕەیاحین کرایەوە
قەترانی تێ تکاوە ئەگەر داغی دڵ نەبێ
یا سورمەیە بە دیدەیی نێرگس گەشایەوە
لیمو قەدەح لە چاوی ترنجە کە نۆشی کرد
بەدمەست و سەرکەشە بەشی خورما نەمایەوە
هەنگامی وەسڵە شەست پەڕ و مینا بەیەک ئەگەن
پەردەی زەفافە قەوس و قەزەح ڕاکشایەوە
گەردن کەچە وەنەوشە لە زەنبەق سەلام ئەکا
نیلوفەرە بە قەهقەهە لێوی کرایەوە
بووکانە ئەرخەوانە لە تارایی پەمبەیی
خوێنی دڵی بە غەمزەیی نەسرین تکایەوە
چەترێکی بێ بەرە کە درەختانی نارەوەن
خیوەت کە دووبەرە نییە سێبەر بە لایەوە
گریەی عینەب بە باوەشی بادامەوە دەڵێی
تیفلێکی شیرەخۆرە بەبەر مەمکی دایەوە
هەر عەتری بیدمشکە نەسیمی سەحەر کەدێ
نەی دێتە ڕەقس و لەنجە دەخاتە سەمایەوە
خوێنی ئەمەندە گەرمە گوڵی ئاتەشی سەحەر
لوئلوئی شەونمی لە مەراقا توایەوە
پەستی مورادە حیکمەتە باڵایی شۆڕەبی
وەر نە جوانە قامەتی بۆ چی چەمایەوە
کەو کۆساری گرتووە سەحرایە مەسکەنی
هودهود بە تاج و حاجی بە شان و عەبایەوە
تەبریکی ساڵی تازەیی بازە مرادی کوند
هاتۆتە دەر لە خەڵوە بە ڕیشی ڕیایەوە
حەمدی نەبێ خولاسە بە جەمعی خەلایقا
عومرێکی تازە لەززەتی تازە بەشایەوە
دەی= مانگی بەفرانبار (22ی مانگی دوازدە تا 20ی مانگی یەک، بە ڕۆژژمێری زاینی )
پەرتووکی: #دیوانی حەمدی#
هۆزانەوان: #حەمدی ساحێبقڕان# [1][2]