دڵدارەکەم
ئەی جوانکیلە نازدارەکەم
لەو ڕۆژەوە ئاواتت بۆتە میوانم
هەر خەریکم نێوت بکەم بە قافیە بۆ شابەیتی شیعرەکانم
بەڵام کاتێ پیتێکی نێوت دەنووسم دەستەکانم هەڵدەلەرزن
بە شەرمەوە سەر پەنجەکانم دەتەزن
لە شیعردا لەجێی نێوی تۆ نووسیومە
بووکەچینی
لەبەر جوانی و بەنرخی و ناسک و ڕەنگینی
بووکەچینی، بووکەچینی
تۆ ئاواتێکی دوورە دەستی زێڕینی
بە زولفەکانت سێدارەی
بە چاوەکانت گۆمێکی مەند و شینی
بە بزەی لێوانت خونچەی
بە باڵا شاژنێکی ڕەزا شیرینی
لە هەستمدا شیلەی شیعرێکی پیرۆزی
لە دڵمدا ئەوینێکی ئاگرینی
بە بڕوای من بۆ هەزار مەم خاتووزینی
بۆ هەزار فەرهاد شیرینی، بووکەچینی. [1]
هۆنەر: #ناسر ئاغابرا-ژاکاو#
پەرتووکی: #کەژاوەی دڵ#
#1994-04-02#
#بەردەڕەشان#