هەی لایە لایە، ڕۆڵە لای لایە
لە کزی کوردان دەنگم دەرنایە
ڕۆڵەی خۆشەویست، جگەر گۆشەکەم
مەرهەمی زامی بە پەرۆشەکەم
وەک تۆ پەروەردەی دامێنی منی
بێچووە شێرەکەی خاوێنی منی
منیش لە باوەش دایکێ ترا بووم
بە شیری ڕاستی بە خێو کرابووم
من ڕاسپاردەی باب و باپیرم
فەرموودەی ئەوان هەر وا لە بیرم
با بۆت بەیان کەم وەسێتی ئەوان
بۆ چ غایەیەک منیان پێ گەیان
منیان پێ گەیان بۆ خزمەتی تۆ
بۆ بە خێو کردن، بۆ زەحمەتی تۆ
هەی لایە لایە، ڕۆڵە لای لایە
شاڵڵا لای لایەی گشت کەس وا بوایە
***
ڕۆڵە! ئەم شیرە، شیری شێرانە
شیرەی نیعمەتی خاکی کوردانە
ڕۆڵە! بێشکەکەت داری قەزوانە
نەمامی مەندەی باخی بابانە
بەنی دەسرازەت خوریی شەکی کاڵ
دابەستەی کوێستان، چراگای سەر یاڵ
ئاوی خواردنەوەت، کانی «جەیران»ە
چێشتت برنجی دەشتی «ماڵوان»ە
هەی لایە لایە، ڕۆڵە لای لایە
خۆزگە تۆی نیفاق هەرگیز نەبوایە
***
شیرە ڕاستەکەم نەخۆی بە درۆ!
سەرسەری نەبی! نەمکەی ڕەنجێ ڕۆ!
هەرگیز نامووست بە پارە نەدەی!
ئاوەڵ کوردی خۆت ئاوارە نەکەی!
***
ڕۆڵە من بۆیە تۆ بەخێو ئەکەم
ڕەنجی داماویت لەگەڵا ئەدەم
تۆش خزمەتکار بی بۆ گەل و هۆزت
قەت قوسوور نەکەی بۆ بەرزی کۆزت
هەی لایە لایە، ڕۆڵە لای لایە
میللەتی بێ خێو، ڕوو لە بەڵایە
***
ڕۆڵە! خایەن بی بە ئاو و خاکت
دەک ئەجەل بگرێ دامێن و چاکت
تۆ بەخێو ناکەم بۆ خەو و خواردن
یا وەک هێندێ کەس بۆ چاو شۆڕ کردن
کوڕم! نەتبیستووە، مەشوورتر لە گشت؟
«سەر بۆ سەر بڕین، نەک بۆ سەرزەنشت»
***
ڕۆڵە! هەر کاتێ خوێنت بڕژێ
بە گوللەی دوژمن مێشکت بپژێ
ڕەنجم حەڵاڵت شیرم نۆشت بێ
کزی کوردستان فەرامۆشت بێ
هەی لایە لایە، ڕۆڵە لای لایە
کۆمەڵی نەزان، وەک کا و بایە
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #باخچەی کوردستان#
[1]