قەلە باچکەیەک لەگەڵ بولبولێ
بوون بە دراوسێ لە باخچەی گوڵێ
کە وەختێ بەیان تلۆع دەرئەکەوت
بولبولی هەژار ئیتر نەئەسرەوت
بە ئاوازی خۆش بە نەغمەی حەزین
دار و دیواری ئەهێنا گرین
وەک ئازیز مردوو لەسەر پەڕەی گوڵ
سەدای چەهچەهەی ئەیدا لە ناو دڵ
هەر تاوێ دەنگێ هەر سات مەقامێ
هەر کاتێ شێعرێ، هەردەم کەلامێ
موختەسەر بولبول بە گریە و زاری
پیاوی سەوق ئەکرد بۆ بێ قەراری
قەلە باچکە زۆر پێی ناخۆش بوو
لە داخی بولبول دایم بێ هۆش بوو
ئەیوت ئەی خوا بەختم بۆ وایە؟
بۆ بووم بە هاوڕێی ئەم بێ حەیایە؟
ئەگەر بەدبەختی و بێ شانسی نەبێ
ئاخۆ من لە کوێ و ساز نەی لە کوێ
خوا نامەوێ، هێلانەی ناو گوڵ
بەو شەرتە نەبم بە هاودەم بولبول
لایق شەئنی من گەر خودا بیدا
کەرێ بتۆپێ لە قەراخ دێدا
لە بەین سەگەلدا کوتێ بڕفێنم
تا دەمم ئەگرێ بۆ خۆم بقڕێنم
بولبولیش ئەیوت خوای بانی سەر
مردن خۆشترە لە ڕەفێقی کەر
خۆزگەم بەو کەسەی بۆ خۆی مردووە
لە هاوڕێتی کەر نەجاتی بووە
چەن خۆشە کە من نەغمە بخوێنم
دەماری خەفەت لە دڵ دەربێنم
ڕەفێقەکەیشم یا خوێندەوار بێ
یاخۆ عەوامێ ژیر و هوشیار بێ
ئێستە ئەم کەرەم چۆن بۆ تێبگات
چۆن تێی گەیەنم لە ئەدەبیات؟
چۆن تێی گەیەنم کە ئەدیب چاکە؟
کە پیاوی ئەدیب خادم بە خاکە
هەر بە ئەدیبە لاچوونی محنەت
هەر بە ئەدیبە هۆشیاری میللەت
هەر قەومێ قەدری ئەدیبی زانی
ئەگاتە مەقسەد زۆر بە ئاسانی
گەر ئەدیب نەبێ میللەت مردووە
هەر بژی ئەدیب، ئەدیب زیندووە
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #باخچەی کوردستان#
[1]