هەژار ڕەببی نەجاتت بێ لە ئەم حاڵەی پەرێشانت
غەنی تۆش بێرە سەر باری سەخا دەستم بە دامانت
خوا ئەو چاوە هەر ڕوون کا تەماشای حاڵی بێ دەس کا
ڕەزیل ڕەببی بە تیری چاوی خۆت بێ نووکی موژگانت
براکەم باو و باپیرت هەموو مردن ئەتۆش ئەمریت
کە تۆش مردی بە تۆ چی زێڕ و دوڕ و مەرجانت
تەماشای حاڵەتی خۆت کە ئەبێ حاڵت چە ناخۆش بێ؟
لەکاتی غەرغەرە سینەت کە ڕۆحت دێتە لێوانت
دەسا یادێ لە حاتەم کە چە ناوێکی لە شوێن جێما؟
کە تۆ دنیا وەها بگری مەگەر مەرگ بێتە میوانت!
مەنازە قەت بە فرعەونی ئەمە میسرێکی زۆر کۆنە
کە ئەمڕۆ هاتە ژێر حوکمت ئەبینی داد و دیوانت
کە تۆ قانع بەدەم هیچت نەهێشتۆ خۆت بە چاک دانا
ئەگەر ئەربابی دنیا بی چلۆنی تۆ و ئیمانت؟
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #باخچەی کوردستان#
[1]