من و تۆ پێکەوە با ئاشنا بین
وەکوو پەروانە و شوعلەی چرا بین
لەداخی موددەعی هەر ڕوو لە یەک کەین
لەبۆ یەک هەر وەکوو قیبلە نما بین
بەباری بین بەسەر دڵ خوێن مژانۆ
بەتانەی چاوی خوێنڕێژی بەشەر بین
لە ڕێگەی کانی و مزگەوتەدا شەو
لە تەعقیبی وساڵی بێ هەرا بین
دڵی یەکتر نەڕەنجێنین لەدنیا
قیامەت ڕوو لە لوتفی بارەگا بین
چ خۆشە دەم لە ناو دەم، دەس لە مل بێ
وەکوو شیر و شەکەر تێکەڵ کرابین
وتی نازانی قانع ئێمە پاشاین
چلۆن هاودەم لەگەڵ پیاوی گەدا بین؟
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #باخچەی کوردستان#
[1]