برا بڕوانە لەو جێیە هەرایە
یەکێ ڕووتە، یەکێ وەک پادشایە
یەکێ پێخاوسە و یەکێ بێ کەوایە
زەمانێ سەیرە، دنیا سینەمایە
فیلمی پڕ لە جەورە وا لە کایە
یەکێ خاوەن تەڵا و کۆشک و دووکان
یەکێ بێ خانومان و وڵات و بێ نان
یەکێکیش گەل فریوە چەشنی شەیتان
ئەوی ئاغایە یا ئەعیانە یا خان
هەزار کەس سەربڕێ هیچ دەنگی نایە
وەرە با بۆت بەیان کەم سەد بەدەفتەر
کە دایناوە لە ڕێگەی خاکەکەی سەر
گەلێ کوژران بە شمشێر و بە خنجەر
لەبەرچی وا کە گەنجانی هونەروەر
بە ملوێن وێڵی شاخان و چیایە؟
براکەم بێ تەماشام کە کز و دژ
دوو چاوم پڕ لە ئەشک و مووی سەرم گژ
چلۆن ئەڕژێتە بەر پێ قەفقەفی قژ
لەدەستی جەوری زۆردارانی خوێنمژ
هەزاران عەدلی کیسرا بێ غایە
وەرن ئەی بەش خوراوانی بە بێ دەس
دڵت بۆچی سووتاوە چەشنی قەقنەس
ئەگەر ئێوە بن کێی تر ئیتر هەس
شەقی زۆردارە ئەمڕۆ هۆزی بێکەس
وەکوو ئاشی خەواڵوو بۆ دەنگی نایە؟
لە وەرزێر و لە جووتیار و لە گاوان
لە دەروێش و لە سۆفی تا مناڵان
لە گشت لا ڕۆڵە ڕۆیە و ئاغا ئامان
نەوەک لایەک لە دوو لا بەڵکوو هەموان
لە چوار گۆشەی جیهاندا هەر هەرایە
برا! زامی دڵم وا هاتەوە سۆ
نەبوو جارێ بڵێم ئۆخەی، وتم ڕۆ
هەموو کەس هەر وەهایە نەک من و تۆ
لەسەر ڕێگەی چ قانونێکە ئەمڕۆ
ئەوەی بێ دەوڵەتە سووکتر لە کایە
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #شاخی هەورامان#
[1]