=KTML_Bold=گرنگی سووریا و حیزبوڵا بۆ ئێران=KTML_End=
#شێرکۆ کرمانج#
=KTML_Bold=دەستورەردانی ئێران لە سووریا=KTML_End=
هەرچەندە شەڕی ناوخۆی سووریا لەلایەن میدیا و ناوەندە ئەکادیمییەکانی ڕۆژاوا بایەخی زۆری پێدراوە بەڵام ڕاگەیاندن و نووسینەکان لەبارەی پرسەکانی پەیوەست بەم قەیرانەوە زۆر سادەن. سادەکردنەوەکە لەوە دەردەکەوێت کە زۆرجار کێشەکە وەکوو شەڕی نێوان چاکە و خراپە پیشان دەدرێت؛ خراپە ڕژێمەکەی ئەسەد و چاکەش هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن. بەگشتی وا پیشاندەدرێت چاکەخوازەکان تەنیا ئازادی و نیزامێکی نوێ و دیموکراسییان بوێت. ئەم تێگەیشتنە بۆ پرسی سووریا لە ناوەندە ئەکادیمی و ڕاگەیاندنەکاندا زاڵ بوو تا ئەو کاتەی کە دوو گرووپی توندڕەوی تیرۆرستی، #داعش# و نووسرە، دەرکەوتن و بوون بە بەهێزترین ڕێکخراوی بەرەی ئۆپۆزسیۆن. ئەمە نیشانیدا کە ڕاستییەکان لەسەر ئەرزی واقیع زۆر ئاڵۆزترن. هەر چۆنێک بێت، ئەوەی نکۆڵی لێناکرێت ئەوەیە کە دەرکەوتەکان و بەرئەنجامەکانی ئەم ململانێیە سنوورەکانی سووریایان بەزاند و کاریگەرییان لەسەر بارودۆخی جوگرافی و سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاساییشی جیهانی درووستکرد. یەکێک لە دیوەکانی ململانێکە کە پێویستی بەوەیە بەتایبەتیی بایەخی پێبدرێت جۆر و ڕادەی تێوەگلانی ئێرانە لەو کێشەدا.
کاتێک بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا، پەنای برد بۆ هێز بە مەبەستی دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵاتەکەی، ئیدی شەڕێکی ناوخۆیی مەزهەبیی سەریهەڵدا هاوشێوەی ئەوەی دوای ڕووخانی سەدام لە ئێراق ڕوویدا. سووریا بوو بە مەیدانی جەنگ بۆ هەموو ئەو گرووپە جیاوازانەی کە لەژێر ناوی “ئیسلامگەرایی سوننی”دا سوننەکانی ناوچەکە هاوکاریان دەکردن لەلایەک و هێزە شیعییەکانی حکومەتی سووریا و هاوپەیمانەکانی وەک حیزبوڵا و حکومەتی ئێراق و ئێران و شەڕکەرانی ئەفغانی و پاکستانی چەکدارکراو لەلایەن ئێران، بەسەریەکەوە لەلایەکی دیکە. هەندێک ئەکادیمی کردەوەی زلهێزەکانی ناوچەکە لە پەیوەند بە ململانێکانی سووریا و ئێراقی دوای سەدام وەک نیشانەی چڕبوونەوەی “شەڕی سارد”ی سوننە-شیعە لە ناوچەکەدا دەبینن، من وەک “شەڕی گەرم” دەمدیت.
لە سەروبەندی دانووستانە ئەتۆمییەکانی ئێران لەگەڵ زلهێزەکانی ڕۆژاوا کە لە 2011 لە گۆڕێدا بوو، ئێران کێشەی سووریای وەکوو دەرفەتێک، هاوشێوەی ئێراق، دەبینی بۆ ئەوەی دەسەڵات و کاریگەریی خۆی لە ناوچەکە و ئەودیوی ناوچەکەدا بسەپێنێت و وەک کارتێک لە دانووستانەکاندا بەکاری بێنێت. بەم شێوەیە تێوەگلانی ئێران لە شەڕی ناوخۆی سووریا دا دەکرێت وەکوو ململانێیەکی گەورەتری هەرێمیی تەماشا بکرێت لەنێوان ئێران و سعودیە لەلایەک؛ لەلایەکی دیکەوە وەکوو ململانێی ئێران و زلهێزەکانی ڕۆژاوا کە فشار لە ئێران دەکەن تاوەکوو بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆتایی پێ بێنێت.
لەم زنجیرە بابەتەدا کە تا ئێستا سێ بەشی لە ماڵپەڕی سەکۆ بڵاوبووەتەوە ئێمە لە ڕۆڵی ئیسرائیل بەجیا لە ڕۆژاوا ناکۆڵینەوە چونکە ئەوانیش هەمان شێوەی ئیسرائیل دژی فراوانبوونی کاریگەریی ئێرانن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. لە بەشی داهاتووشدا وردتر قسە لەسەر تێوەگلانی ئێران لە سووریا لە پەیوەند بە سعودیە و قەتەر دەکەین.
ئەو پشتیووانییەی ڕژێمەکەی ئەسەد لە ئێرانەوە وەریگرتووە ئەوەندە کاریگەر نەدەبوو ئەگەر ئێران ئەو دەسەڵاتە زۆرەی بەسەر حیزبوڵادا نەبووایە و ئێراق وەک تونیلێک بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان لەبەردەستدا نەبووایە. هەر چۆنێک بێت، لە چل ساڵی ڕابردوودا، پەیوەندی نێوان ئێران و حیزبوڵا زۆر گەشەی کردووە، بەشێوەیەک کە تا حیزبوڵا دەسەڵاتی زیاتر بووبێت ئێرانیش توانای سوودبینینی لەم پەیوەندییە زیاتر و گەورەتر بووە. لە ڕاستیدا، ئەوە پاڵپشتی لۆجستیکی ئێرانە، وەک ڕاهێنان و مەشق و پێدانی کەرەستەی پێشکەوتووی سەربازی، کە میحوەری ئێران-حیزبوڵای کردووە بە هێزێک کە جێگای سەرنج بێت. ئەمەش لە ڕۆڵی حیزبوڵا لە شەڕی ناوخۆی سووریا و ئێراق و یەمەن بە زەقی دەرکەوت.
تێوەگلانی حیزبوڵا و چوونە بەرەی ئەسەد زیاتر دیوە مەزهەبییەکەی شەڕی سووریا ڕۆشن دەکاتەوە. لە ڕاستیدا زۆربەی یاریکەرەکانی شەڕ و ململانێکانی سووریا ڕۆڵی خۆیان بەربنەمای هێڵە مەزهەبییەکان دیاری کردووە و وەک پاساوێک بۆ تێوەگلانیان بەکاری دێنن. بەڵام ناکرێت ئەوە لەبیر بکەین کە پاڵپشتی ئێران و حیزبوڵا چەندێک بە هۆکاری نزیکایەتی دینی و مەزهەبی بووە ئەوەندەش بۆ بەرژەوەندی ستراتیجی ئێران بووە. بەشێوەیەک کە حیزبوڵا بووە بە دەستی ڕاستی ئێران، کە دەیەوێت وەکوو پارێزەری شیعە و عەلەویەکان دژی زۆرینەی سوننە لە سووریا ئامادە بێت؛ هاوکات وەکوو بەشێک لە ستراتیجی ئێران بۆ هەڕەشەکردن لە ئیسرائیل کاریگەریی هەبێت؛ لەپاڵ ئەمانەدا، بە مەبەستی ڕاگرتنی هاوسەنگی هێز و دەسەڵات لە هاوکێشە سیاسییە ناوخۆییەکانی لوبنان و یەمەنیشدا ڕۆڵ بگێڕێت.
دەستێوەردانی ئێران لە سووریا تەنیا لە ڕێگای پاڵپشتییەکانی بۆ حیزبوڵا نەبووە، کە هاوشانی هێزەکانی ئەسەد شەڕیان دەکرد. ئێران ڕاستەوخۆش لەگەڵ و لە پشت ڕژێمەکەی سووریا دا وەستاوە. چەندان ڕاپۆرت ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە کە لە یەکەم ساڵی قەیرانی سووریا دا قاسم #سلێمانی# (فەرماندەی سوپای قودسی پاسداران تا کوژرانی لە 2020 دا) دوو جار سەردانی دیمەشقی کردبوو. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە هەرزوو دوای سەرهەڵدانی ململانێکان، ئێران 15 هەزار چەکداری “بژاردە”ی لە سوپای قودس نارد بۆ ئەوەی هاوشانی سوپای سووریا و هێزە ئەمنییەکانی دیکە شەڕ بکەن. تا ناوەڕاستی 2016، هێزە ئێرانی و غەیرە ئێرانییەکان لە سووریا دا ژمارەیان گەشتبووە 70 هەزار چەکدار، کە بە ژمارە 50 هەزار لە هێزی چەکداری ئەسەد زۆرتر بوو. جگە لە چەکدار، ئێران پاڵپشتی پسپۆڕیی و کەرەستەشی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگریی سووریا دابینکردووە. دەگوترێت کە ئێران هێڵە فڕۆکەوانییە مەدەنییەکانی وەک “هێڵی ئاسمانی ئێران” و “هێڵی ئاسمانی یاس”ی بۆ گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی وەکوو موشەک و ڕۆکێت و دژە فڕۆکە و سەرباز و چەک بۆ سووریا بەکارهێناوە. لەگەڵ بەردەوام بوونی ململانێکان و فراوانبوونیدا، ئێران گرووپێکی 50 هەزار سەربازیی لە دەرەوەی سوپا پێکهێنا و ڕاهێنانی پێکردن و ناوی لێنان “جەیشی شەعبی” (سوپای گەل) بۆ ئەوەی هاوشانی سوپای سووریا شەڕ بکەن و بۆ داهاتووش وەکوو سوپایەکی هاوتەریب لە سووریا سوودیان لێ ببینێت ڕێک وەکوو سوپای پاسداران لە ئێران و #حەشدی شەعبی# لە ئێراق. دواتر ئەم هێزە لەلایەن حکومەتی سووریاوە بەیاساییکراو ناوی لێنرا “هێزەکانی بەرگری نیشتمانی”.
بەگشتی، ئێران بە دوو شێوە لە سووریا تێوەگلاوە. یەکەم، ئێران سوودی لە ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکان وەرگرتووە، لەوانە: حیزبوڵا و جەیش شەعبی، کە وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجە ستراتیجییەکانی بەکاریان دێنێت. لە ئەنجامدانی ئەمەدا ئێران دەیەوێت باری سەر شانی خۆی و ڕژێمی سووریا سوکتر بکات؛ هەروەها بە مەبەستی بەکارهێنانی هێزی مرۆیی سووریا لەسەر خاکی خۆیاندا. دووەم، ڕاستەوخۆ پاڵپشتی لە ڕژێمی سووریا کرد چونکە ڕووخانی ڕژێمەکە پرسی یاساییبوونی بوونی ئێرانییەکانی لەوێدا درووست دەکرد و زیاتر سووریای ناسەقامگیر دەکرد.
بەم پێیە دەستێوەردانی ئێران لە سووریا دا بەو مەبەستە بووە کە بە ئامانجە ستراتیجییەکانی خۆی بگات. ئەگەر ئێران بتوانێت بەردەوام بێت لەو هاوکارییە بەرچاوەی کە پێشکەشی ڕژێمی سووریای دەکات، ئەمە بەو مانایە دێت هیچ ڕێککەوتنێکی ئاشتی بەدەستنایەت بەبێ بەشداریی کاریگەریی ئێران، ئەمەش ڕۆڵی ئێران وەکوو یاریکەرێکی بەتوانای هەرێمیی دەردەخات، جا باش یان خراپ بێت.
=KTML_Bold=ستراتیجییەتی ئێران لە سووریا=KTML_End=
وەک لە بەشەکانی دیکەی ئەم زنجیرە بابەتە ئاماژەی پێکرا، شەراکەتی نێوان ئێران و سووریا لەو کاتەوە درووست بوو کە شەڕی نێوان ئێران و ئێراق لە ئەیلولی 1980 سەریهەڵدا. لەگەڵ درێژەکێشانی شەڕەکە شەراکەتەکە بەهێزتر بوو و سووریاش هاوکاریی بەنرخی دیبلۆماسی و سەربازی پێشکەشی ئێران کرد بۆ ئەوەی یارمەتیی ئێران بدات کە لە شەڕەکەدا شکست نەهێنێت، بە ڕادەیەک کە هێزەکانی ئێراق توانیان ئێرانییەکان لەسەر خاکەکەیان لە ئایاری 1982 بەتەواوی دەربکەن. لە هەمان ساڵدا، سەرەڕای پێویستیی ئێراق بە داهاتی نەوت بەڵام سووریا بۆری سەرەکی نەوتی ئێراقی داخست، کە لە کۆتایی چلەکانی سەدەی بیستدا درووستکرابوون بۆ گواستنەوەی نەوتی کێڵگەکانی #کەرکووک# بۆ بەندەرەکانی سەر دەریای ناوەڕاست. بەرەوپێشچوونێکی دیکەی گرنگ کە بوو بەهۆی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئێران و سووریا داگیرکردنی ئێراق بوو لەلایەن ئەمریکاوە لە 2003 لەگەڵ ئەو شەڕە ناوخۆییە کە بە دواییدا هات. هاتنی ئەمریکا بۆ ئێراق هێندەی دیکە ئێران و سووریای لە یەکدی نزیک کردەوە چونکە هەردووکیان ترسیان لە بوون و دامەزراندنی پێگەی ئەمریکا لە ئێراق و ناوچەکەدا هەبوو. ئەوە بوو هەردوولا بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیووانیان لە گرووپە چەکدارە بەرهەڵستکارەکانی ئێراق کرد لە ساڵانی بوونی ئەمریکییەکان لە ئێراق لە 2003 وە تا 2011. دواتریش بە جووتە پشتیووانیان لە حکومەتە شیعە-مەزهەبییەکەی ئێراق دەکرد لە دژی کورد و سوننە، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت.
خۆتێهەڵقورتاندنە پەسەندکراوەکەی ئێران لە کاروباری ناوخۆی سووریا و پاڵپشتی لە ڕژێم لە دژی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، وەکوو پێشتر باس کرا، شتێکی نهێنی نییە. هۆکارەکانی ئەوەی کە ئێران سووریا وەکوو هاوپەیمانێکی گرنگ لە ستراتیجییەتی هەرێمیی خۆیدا دەبینێت زۆرن. لە ڕاستیدا چەندان ئامانجی ستراتیجی هەیە کە ئێران دەیەوێت لەو هاوپەیمانییە بەدەستیان بێنێت لە ڕێگای پاڵپشتیکردنی ڕژێمەکەی ئەسەد، لەوانە: یەکەمین و گرنگترینیان، لە گۆشەنیگای هەرێمییەوە، جگە لە ئێراق، سووریا تاکە وڵاتە لە ناوچەکەدا کە دەکرێت وەکوو هاوپەیمانی ئێران لە قەڵەم بدرێت. دووەم، سووریا تاکە وڵاتی عەرەبییە کە لە ڕووی سیاسی و لۆجستییەوە پشتیووانی لە ئێران کردبێت. بۆ ئەمە هەر ئەوەندە بەسە مرۆڤ هاوکارییەکانی سووریا بۆ ئێران لە شەڕی دژی ئێراق دا لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بهێنێتەوە یاد. سێیەم، سووریا بووەتە کەناڵ و کۆریدۆری سەرەکی بۆ گەیاندنی چەکی ئێران بە حیزبوڵا هەر لە دامەزراندنییەوە لە 1985 تا ئێستا. توانای حیزبوڵا بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل وای کردووە حیزبوڵا ئامرازێکی سەربازی سەرەکی ئێران بێت دژی ئیسرائیل، بەتایبەتیی پێش ئەوەی ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەماس درووست بکات. هەروەها حیزبوڵا هەم وەک ئامرازێکی سەربازی هەم سیاسی بە قوورسی تێوەگلاوە لە شەڕی ناوخۆی سووریا. هێزەکانی حیزبوڵا، هاوشانی ئێران و سووریا، شەڕی کردووە. چوارەم، کەوتنی ڕژێمەکەی سووریا کاریگەریی ئەمنی ڕاستەوخۆی لەسەر ئێراق دەبێت کە هاوپەیمانێکی دیکەی گرنگی ئێرانە لە ناوچەکەدا. بەکوورتی، لابردنی ئەسەد گرووپە سیاسییە سوننییەکان بەهێز دەکات و ڕەنگە پێگەی هێزە چەکدارە سوننییەکانیش لە ئێراق بەهێز بکات. هەموو ئەمانە ڕەنگە پێگەی حکومەتە زۆرینە شیعیەکەی ئێراق لەق بکات، کە ئێران بەرژەوەندی لەوەدایە لە دەسەڵاتدا بیهێڵێتەوە. پێنجەم، ڕووخانی ڕژێمەکەی سووریا دەکرێت ڕێگاخۆشکەر بێت بۆ دەرکەوتنی میحوەرێکی سوننی و نیزامێکی نوێی هەرێمیی (new regional order) کە لە بنچینەدا دژی ئێران بێت. لە دۆخێکی وا دا، زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێین، ئێران لەوانەیە ڕووبەڕووی هیلالێکی سوننی دۆستی ڕۆژاوا ببێتەوە کە لە سووریاوە بۆ ئوردن و سعودیە و ئیماراتی عەرەبی درێژ بێتەوە، ڕێک پێچەوانەی ئەو هیلالە شیعییەی کە ئێران ساڵانێکە لە ئێرانەوە تا باشووری لوبنان، بە تێپەڕبوون بە ئێراق و سووریا دا، دەیەوێت درووستی بکات. شەشەم، سووریا و ئێراقی دوای سەدام تاکە دوو دەوڵەتی عەرەبی-ئیسلامین کە لەلایەن حکومەتێکی شیعەوە بەڕێوە دەبرێن، کە هەمان ئایدۆلۆجیای ئیسلامی ئێرانیان هەیە. بە ڕوانین لە پەیوەندی نێوان ئەم دوو وڵاتەدا کە لێرە بە کوورتی باسمان کرد، شتێکی سەیر نابێت کە ئێران بەو شێوە لە شەڕی ناوخۆی سووریا دا تێوەگلاوە و بەتوندی لە پشت ڕژێمەکەی ئەسەد وەستاوە.
بەبێ ئەوەی بەوردی دەستنیشانی ئەوە بکەین داخۆ بنچینەی هاوپەیمانێتییەکەی ئێران-سووریا چییە لە شێوەی ئێستایدا، ئەوا دەکرێت بڵێین کە ئەم شەراکەتە دەکرێت لەو گۆشەنیگایەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت کە ئێران دەیەوێت لەم ناوچەیەدا بوونێکی کاریگەر و ئاڕاستەکەری هەبێت. ئامانجی سەرەکی ئێران ئەوەیە ڕووبەڕووی دەستێوەردان و خۆتێهەڵقورتاندنی هێزەکانی ڕۆژاوا ببێتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەکوورتی، ئێران دەیەوێت شەڕی ئەوانی دیکە لەسەر خاکی خۆی نەکات بەڵکوو سەرزەوی ئەوانی دیکە بەکاربێنێت بۆ یەکلایکردنەوەی ململانێکانی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا و ڕۆژاوا. ئێران پێی وایە ئەگەر ململانێکان و شەڕ بکەوێتە نێوماڵی ئەو، ئەوە بەرگەی پێکدادانەکان ناگرێت و ئەگەرەکانی ترازان و شەڕی ناوخۆ لەناو ئێران دێنێتە گۆڕێ.
ئێران بۆ پاڵپشتیکردنی وتارە دژە-ڕۆژاوایی و ستراتیژەکەی هەندێک هەنگاوی هاویشتوە بۆ پاڵپشتی حکومەتەکانی ئێراق و ڕژێمەکەی ئەسەد و حیزبوڵا؛ بە ئەندازەیەکی کەمتریش هاوکاری حەماس و هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکانی دیکەی فەلەستین و یاخیبووە حووسییەکانی یەمەنیشی کردووە. بەمجۆرە، لە 2015ەوە ئێران ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، کەم تا زۆر، جڵەوی چوار پایتەختی وڵاتی عەرەبی (بەغدا و دیمەشق و بەیرووت و سەنعا) گرتۆتە دەست؛ بەمشێوەیەش ئیمپراتۆریەتە مێژووییەکەی زیندوو کردووەتەوە. [1]