پڕۆسەی جینۆسایدی کورد لە سەدەی بیست و کاریگەریی و لێکەوتەکانی
نووسینی: #کامەران محەمەد قادر#
$پێشەکییەکی مێژوویی$
پڕۆسەی جینۆسایدی مرۆڤ مێژووییەکی دێرینی ھەیە لە جیھاندا و ھەرکات ڕژێم، یان دەسەڵاتێکی داگیرکار، یان خۆسەپێن بەسەر گەل و نەتەوەیەکی تردا، ویستبێتی دەسەڵاتی ڕەھای خۆی بچەسپێنێت و بسەپێنێت و خۆی بکاتە تاکە سەرکردە و دەسەڵاتدار و بنەماڵە، ئەوا ڕاستەوخۆ پەنای بردۆتە بەر داگیرکردنی خاک و گەلێکی تر، بۆ فراوانکردنی ڕووبەری دەسەڵاتەکەی و دواتریش بۆ نەھێشتنی زۆرینەی ئەو نەتەوە و پێکھاتانەی تر. پەنایبردۆتە بەر کوشتن و قاتوقڕکردنیان و ڕاوەدوونان و وەدەرنان و ڕاگواستنیان، بۆ دەرەوەی خاک و نیشتمانەکەی خۆیان و دابەشکردنیان بەسەر وڵاتانی تر و ئاوارەکردنیان و تەفروتونا کردنیان، بۆ ئەوەی ڕەگەز و نەتەوەکەی خۆیان سەردەستبکەن و ئیدی بە بیروبۆچوونی پوچی خۆیان بەئارامی و بۆ ماوەیەکی درێژتر دەتواننن بێ کێشە نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبیە جیاوازەکان بژین و درێژە بەمان و دەسەڵاتە تاکڕەوەکانی خۆیان بدەن.
ئەوەتا ھەموو جەنگە داگیرکاری و کۆنۆلیاکانی ڕۆژاوا و ئەوروپاییەکان لە کیشوەری ئەمریکاکان و ئەفریقا و ئاسیادا ھەمووان تەژین لەکارەساتی جینۆساید و پاکتاوکردنی ڕەگەزی و ڕاگواستن و کوشت و بڕینی نەتەوە و گەلە ڕەسەنەکانی ئەو جێگایانە، ھەردوو جەنگی جیھانی یەکەم و دووەمیش لەناوەخنیاندا ھۆکار و پاڵنەرەکانیان بۆ جینۆسایدکردن و ڕاگواستن و دەستبەسەراگرتنی خاک و نیشتمان و نەتەوەکانی تربوون بۆ ئەوەی ھەموانیان لە بۆتەقەی کولتووری خۆیاندا بتوێننەوە و پڕۆسەی جینۆساید و پاکتاوی ڕەگەزی و ڕاگواستنی زۆرەملێی و ھۆلۆکۆست و قاتوقڕکردنیان لەگەڵخۆیاندا ھەڵگرتووە. وەک جەنگ و داگیرکاریەکانی ئینگلیز و فەڕەنسییەکان و ئیتاڵییەکان و ئیسپانییەکان و ڕووسەکان و یابانی و عوسمانی و لە بۆ#سنە# و ھەرسک لەلایەن سربیەکان و لە جەزائیر و سوودان و نەیجیریا و ئێراق و کەمبودیا و ھند و سریلانکا و ھندستان و کۆریا و ئەنگۆلا و دانیشتووانە سوورپێستەکانی ھندییە سوورەکانی ئەمریکا و ڕەشپێستەکانی ئەفریقاو… ھتد.
$چەند نموونەیەکی جینۆساید لە مێژوودا$
1-ھۆلۆکۆستی ئاسیاوی لەلایەن ئیمپراتۆریەتی یابانییەوە.
2-وێرانکردنی ئەفغانستان لەلایەن یەکێتی سۆڤێتییەوە.
3-گەمارۆ و برسێتی لەکارە نامرۆڤانەکانی جەنگی ئەھلی نەیجیریا.
4-برسێتی گەورە لە چین.
5-برسێتی گەورە لە یەکێتی سۆڤیەت لە 1932-1933.
6-برسێتی ڤێتنام ساڵی 1945 برسێتی گەورەی ئێڕلەندا.
7-برسێتی کۆریای باکوور.
#پێناسەی جینۆساید (کۆمەڵکوژی)#
بریتییە لە وێرانکردنی پلان بۆداڕێژراو و بە مەبەست، بەشێوەیەکی گشتگیر، یان بەش بەش، لەسەر بنەمای نەتەوەیی، یان ئایینی، یان نیشتمانی.
جا زاراوەی جینۆساید لە ساڵی 1944 لەلایەن (ڕافائیل لیمکین) وە داھێنرا ھەروەک لە مادەی 2 لە ڕێکەوتنی قەدەغەکردن و سزادانی تاوانی کۆمەڵکوژی (CPPCG) لە ساڵی 1948دا پێناسەکراوە بەوەی کە بریتییە لە (ھەر کارێک لەو کارانەی لای خوارەوە کە ئەنجامدراون بە مەبەستی وێرانکردنی گشتی، یان بەشی بۆ گرووپێکی نیشتمانی، یان نەتەوەیی، یان ڕەگەزپەرستی و ئایینی، وەکوو: کوشتنی ئەندامانی ئەو گرووپانە، زیانگەیاندنی جەستەیی، یان عەقڵی توند بەتاکەکانی ئەو گرووپانە، سەپاندنی ڕێوشوێن بەئامانجی قەدەغەکردنی منداڵبوون لەناو ئەو گرووپانەدا، گواستنەوەی منداڵ بەزۆرەملێ لە کۆمەڵێکەوە بۆ کۆمەڵێکی تر).
لە سەدەی بیست کە بەسەدەی پێشکەوتن و داھێنانە سەرسووڕھێنەرە تەکنەلۆجیاییەکان دادەنرێت و بەسەدەی ڕزگاری گەلانی ژێردەستە ناوزەد دەکرێت. بەھەمان شێوە سێ پڕۆسەی گەورە و قێزەونی جینۆسایدی مرۆڤی تیادا بەرجەستە کراوە، وەک جینۆسایدی ئەرمەنەکانی ساڵی 1915 کە زیاد لە یەک ملیۆن و نیو ئەرمەنی بێ تاوان لە ژن و منداڵ و پیاو و پیرەمێرد و لاو و گەنجانی کچ و کوڕی ئەرمەنی تیاداچوون لەسەر دەستی دەسەڵاتی بەناو خەلافەتی عوسمانی و دواتریش تورکە نوێیەکان، کە تەنیاوتەنیا پاڵنەر بریتی بوو لە سیاسەتی قڕکردنی نەتەوەیەک کە ھەزاران ساڵ بووە لەسەر خاک و نیشتمانی خۆیان ژیاون، بەڵام تورکەکان ویستویانە لە میانەی پیادەکردنی سیاسەتی بان تورک و تۆرانیزم و نەھێشتنی ھەموو نەتەوەکانی تر و زاڵکردنی توخم و ڕەگەزی بەناو تورک بەسەر ئەوانی تردا بە قێزەونترین شێواز کەوتنە گیانی ملیۆنان مرۆڤی بێتاوان و تا ئەوپەڕی فاشیەت تاوانیان دەرھەق ئەنجامدان و سیاسەتی ڕاگواستن و کوشتن و بڕین و کاولکردن و سووتماککردنی خاک و ڕەز و باخ و سڕینەوەی شوناس و زمانەکەشیان پیادە کرد.
دووەم گەورەترین پڕۆسەی جینۆساید لە جەنگی جیھانی دووەمدا لەنێوان ساڵانی 1933-1945 ڕوویدا لەسەردەستی ھیتلەر و پارتی نازی ئەڵمانیدا دژی جوو و شیوعییەکان و زیاد لە 5-6ملیۆن مرۆڤی بێتاوانی تیادا سەرەونگوم کران بەناوی (ھۆلۆکۆستەوە) کە تا ئەوپەڕی و دوور لەھەموو بەھا مرۆڤایەتییەکان و دڕندانەترین شێواز تاوانی جەنگیان دژیان ئەنجامدا لە ڕاگواستن و کوشتن و سووتاندن و پاکتاوکردنی ڕەگەزی و تەنیاوتەنیا پاڵنەر نەھێشتنی بەناو ڕەگەز و توخمە پیسەکان و زاڵکردنی توخمی خاوێن و باڵاکەی ئاری ڕەگەز کە ئەمەش بۆخۆی سیاسەتێکی فاشیانەی نامرۆڤانە بوو و ھیچی تر.
$جینۆسایدی کوردان$
سێیەم پڕۆسەی جینۆسایدی گەل و نەتەوەیەکی زیندوو خاوەن مێژوو و ڕابوورد و و کولتوور و شارستانی کە بە ھەزاران ساڵ لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و شاخەکانی زاگرۆس ژیاون و خاوەنی ئیمپراتۆریەت و دەسەڵاتی پانوپۆڕ بوون لە ناوچەکەدا، کەچی لە کۆتایی سەدەی بیستدا و بە دیاریکراویش لە ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی ڕابووردوودا کە لە ڕێکەوتی #22-02-1988# تا #06-09-1988#ی خایاند، ڕژێمی #بەعس#ی سەدامی فاشی ھەستا بە پیادەکردنی پڕۆسەیەکی نەگریس و قێزەون بەناوی (ئەنفال) بە ھەشت قۆناغ کە بریتی بوو لە جینۆسایدکردنی نەتەوە و خاک و نیشتمانی کورد لە کوردستانی باشوور بەبیانووی ئەوەی کە بۆ کۆتاجار کێشە و مەسەلەی کورد لە ئێراقی عەرەبی و بەعسدا بنەبڕبکات و چیدی ناوی کورد و کوردستان نەمێنێت.
$قۆناغەکانی ئەنفال$
ئەنفالی یەکەم: ناوچەی #سلێمانی# (#سەرگەڵوو#) لە #23-02-1988# تا #19-03-1988#.
ئەنفالی دووەم: ناوچەی #قەرەداغ# و #بازیان# و #دەربەندیخان# لە #22-03-1988# تا #01-04-1988# .
ئەنفالی سێیەم: ناوچەی #گەرمیان# و #کەلار# و #باوەنوور# و #کفری# و #دووز# و #سەنگاو# و #قادرکەرەم# لە #20-04-1988#.
ئەنفالی چوارەم: لە سنووری زێی بچووک کە ناوچەی #کۆیە# و #تەق تەق# و #ئاغجەلەر# و #ناوشوان#ی دەگرتەوە لە #03-05-1988#تا #08-05-1988#.
ئەنفالی پێنجەم و شەشەم و حەوتەم: چواردەوری #شەقڵاوە# و #ڕواندز# لە #15-05-1988# تا #26-08-1988#.
ئەنفالی ھەشتەم: کۆتا قۆناغ و ناوچەی بادینان و #ئاکرێ# و #زاخۆ# و شێخان و دھۆک لە #25-08-1988# تا #06-09-1988#.
ئیدی بەعس و سەدام وایان زانی بەم پڕۆسە نەگریسە توانیویەتی کە کورد و کوردستان جڵەوگیربکات و بۆ ھەتاھەتایە دەنگ و ڕەنگی کوردی کپکردووە.
جا ئەم پڕۆسەی جینۆسایدەی بەعسییەکان دژی کوردان لە باشووری کوردستان وەک ئامارێکی جێگیرکراو 182ھەزار کوردی لە ژن و پیاو و منداڵ و گەنج و لاوی لەناوبردووە و زیاد لە 4500 گوند و شارۆچکەی تەخت و وێرانکردووە و بەدەیان ھەزاران دۆنم زەوی و ڕەز و باخ سووتماککردووە و بە ھەزاران کانیاو و ڕووباری وشککردووە و بە ھەزاران سەر ئاژەڵ و مەڕ وماڵاتی لەناوبردووە. بەھەمان شێوە تەنیا پاڵنەری ئەم سیاسەتە نامرۆڤانەیەی بەعسییەکان بریتی بووە لەوەی کە گەل و نەتەوەیەک نەمێنێت لەناو ئێراقی عەرەبیدا بەناوی کورد و کوردستانەوە و تەنیاوتەنیا نەتەوەی عەرەب زاڵ و باڵادەستبێت و چیدی کورد نەبێتە مایەی سەرئێشە و کێشە و گرفت بۆ دەسەڵاتە تاکڕەو و شۆڤێنی و فاشیەکەی بەعس و سەدامییەکان.
بەعس ھەربەوەشەوە نەوەستاو و لە بێدەنگی ویژدانی مرۆڤایەتی و دونیای ڕۆژاوای بەناو دیموکراتیدا دەستیبرد بۆ بەکارھێنانی چەکی کیمیایی و غازی خەردەلی قەدەغەکراو لەسەر ئاستی دونیادا و ترۆپکی کارەساتەکەی دژی گەلی کورد پیادەکرد لە کیمیابارانکردنی چەندین ناوچەی کوردستان ھەر لە #سێوسێنان# و قەرەداغ و #گۆپتەپە# و ئاغجەلەر و #بالیسان# و یاخسەمەر و لوتکەی ئەو تراژیدیا نامرۆڤانەیەشی لە #16-03-1988#دا ئەنجامدا و دوای جامی ڕق و کینەی بەسەر ھەڵەبجەی زامدار و برینداردا ڕشت و قڵپکردەوە، کەتیایدا زیاد لە پێنج ھەزار شەھید و زیاد لە دەھەزار برینداری لێکەوتەوە و شارەکەش بەتەواوەتی خابوور و وێران بوو لە مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەک و دارستان و ڕەز و باخ و کانیاوەکانیشیەوە.
بەم شێوەیە کارەساتی جینۆسایدی مرۆڤەکان لە سەدەی بیستدا بێ وێنەبوون لەلایەن دەستڕۆیشتوو و دەسەڵاتدارە نامرۆڤانەکانی تورک و ئەڵمانە نازیەکان و بەعسیە عەرەبەکانەوە و سەدەی بیستیان ھێندەی تر خوێناویتر کرد و بەرگێگی ڕەشی قەترانیان داماڵی بەسەر مێژوو و قۆناغەکە و سەدەکەدا و پڕۆسەی جینۆسایدەکان بوونە پەڵەیەکی ڕەش بەنێوچاوانی مرۆڤایەتی و داگیرکار و تاکڕەو و ڕژێم و دەسەڵاتە نازی و فاشی و ناسیونالیست و شۆڤێنییەکانەوە و تەواوی مرۆڤایەتیشەوە. بەڕوویەکی ڕەش و قێزەونەوە ھەنگاویان بەرەو ھەزارەی سێیەمی مێژوو ھەڵنا.
$بێ کەسی کوردان لە جیھاندا$
ئەوەی جێگەی داخ و کەسەری گەورەیە لای کورد، بریتییە لەوەی کە لەھەردوو پڕۆسەی جینۆسایدەکەی ئەرمەن و جووەکاندا، تەواوی دونیای ئەو سەردەمانە کەوتنە بەرگریکاری و مقاوەمەت و پاراستنی ئەو دوو ڕەگەزە و لە ئەنجامیشدا توانیان دەوڵەتی تورک و خەلافەتە 600 ساڵییەکەی تارومار بکەن و لەڕەگەوە ھەڵیبوەشێنەوە و نەیھێڵن و دواتریش لە جەنگی جیھانی دووەمیشدا ڕژێمی نازی و ھیتلەر و فاشیەتیان لەجیھان و ئەوروپادا ھەڵتەکاند و تەفروتونایان کردن و بۆ ماوەی زیاتر لە 70 ساڵیشە نەیانھێشتوە ئەو جۆرە سیاسەتانە سەرھەڵبداتەوە دژی ئەرمەنەکان و جووەکانیش و لەدواتریشدا و لە کۆنگرەی ئاشتی لە پاریس ساڵی 1920 دەوڵەتێکیان بۆ ئەرمەن و پێشتریش لە ساڵی 1917 دا بەڵێنی بەلفۆریاندا بە جووەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆیان و ئەوەبوو دوای 31 ساڵ و لە ساڵی 1948دا دەوڵەتی جوولەکەیان بۆ جوولەکەی جیھان لەناوەڕاست و دڵی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا درووستکرد و بەھێزیانکرد و و ماوەی زیاد لە 75 ساڵیشە دەیپارێزن. ھەرئەوەش نا، بەڵکوو دەوڵەتە زلھێزەکان و لە پەڕڵەمانەکانیانەوە یاسایان دەرکردووە و ھەردوو کارەساتی جینۆسایدی ئەرمەن و جوولەکەیان بە تاوان دژی مرۆڤایەتی ناساند و گەمارۆی سیاسی و ئابووری و ئەمنیان خسۆتە سەر تورکیا و ئەڵمانیا و تەنانەت قەرەبووی مادیشیان لێوەرگرتونەتەوە. بەڵام بۆ تراجیدیاکەی کورد و پڕۆسەی ئەنفالی بەدناو و جینۆسایدی کوردان ھەر لە کاتی کارەساتەکەدا و تاکوو ئێستاش و دوای نزیکەی 40 ساڵ تێپەڕبوون بەسەریدا ھێشتاش لەسەر ڕەفەی دەوڵەتانی زلھێزەکان تۆزی لێنیشتوە و ھیچ ھەنگاوێکی یاساییان نەبەرانبەر ڕژێمی بەعسی سەدامی و سەرانی گرتە بەر و نەقەرەبووی مادی و تەنانەت ڕووفات و گۆڕەکانیشیان ھێشتا بەنیوەناچڵی دۆزراونەتەوە و گەڕێنراونەتەوە بۆ ناو زێد و بنەماڵە و خاووخێزانیان وەکوو ئەرکێکی ئەخلاقی. تەنانەت دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی سەدامیش لە ساڵی 2003دا لەلایەن ھاوپەیمانەکانەوەو بەسەرۆکایەتی ئەمریکا دادگایکردنیسەدام و سەرانی بەعس و لەسێدارەدانیشی لەسەر مەسەلەیەکی واگەورە و جینۆسایدی گەل و نەتەوە و نیشتمانێک ئەنجامنەدرا، بەڵکوو تەنیا لە بەرانبەر کوشتنی 132 عەرەبی شیعە مەزھەب لە شارۆچکەی دوجەیلی سەربە پارێزگای سەڵاح الدین بوو. بەمشێوەیە کورد و تراجیدیاکەی بەبێ دەنگی و بە بێ کەسی پەردەپۆشکراو و کرانە پێخۆری بەرژەوەندیە مادیەکانی زلھێزەکان و جەلادەکانیش بێباکانە و ئازادانە بەردەوامبوون لەسەر قڕکردن و خنکاندنی نەتەوەیەک بەڕۆژی ڕووناک.
تا ئێستاش حکومەتەکانی ئێراق نەبڕیاریانداوە و نەھەنگاوی کردارەکی و مرۆڤانەیان ھەڵناوە وەکوو ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی و ویژدانانە بۆ قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعەنەوی خێزان و بنەماڵەکانی ئەنفالەکان و تەنیا ساڵانە بە یادکردنەوەیەکی دووبارەی سوا و سارد وسڕ و بێ ناوەرۆک یادیان دەکرێتەوە و فرمێسکی تیمساحیانەیان بۆ ھەڵدەڕێژن.
$مێژووی جینۆسایدی کوردان$
پڕۆسەی جینۆسایدی کورد لە تەواوی کوردستانی گەورەدا مێژوویەکی دێرینی ھەیە ھەر لە ئێرانی کۆن و نوێ و بەتایبەتیش لەسەردەمانی ئیمپراتۆریەتی فارسی سەفەوی و دەوڵەتی قاجاری و پەھلەویەکانەوە و تاکوو ئێستاش، بەشێوازی جۆراوجۆری ڕاگواستنی زۆرەملێ و قاتوقڕکردنیان و گرتن و کوشتن و لەسێدارەدان و قەدەغەکردنی زمان و کلتوور و فەرھەنگ و جلوبەرگ و شوناسی کوردایەتی و سڕینەوەی مێژوو و جوگرافیا و ناو و …ھتد، دژ بە کوردان پیادە دەکەن.
لە باکووریی کوردستان و دوای دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیای نوێ بەڕابەرایەتی ئەتاتورکی زاڵم و خوێنڕێژی کوردان لە ساڵی 1923وە تاکوو ئێستای سەردەمی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی و ئیخوانییەکان بەڕابەرایەتی ئاکاپە و ئەردۆگانەوە قاتوقڕکردنی کوردان ھەر بەردەوامە بەنوێترین تەکنەلۆجیای سەردەم لە ھێرش و پەلاماری سەربازی و سوپا و درۆن و تیرۆرکردنی سیاسی و گەمارۆی ئابووری نەک تەنیا بۆ سەر کوردانی تورکیا بەڵکوو بۆ سەر کوردستانی ڕۆژاوا و باشووریش.
ئەوەی لە سووریای بەعسییەکان و بنەماڵەی ئەسەدیشدا کوردان تاکوو ساڵی 2011 و شۆڕشی گەلانی عەرەبی (بەھاری عەرەبی) خاوەنی ھیچ مافێکی نەتەوەیی و فەرھەنگی نەبوون و ھێشتاش وەکوو نەتەوە و گەلێکی دێرینی ئەم ناوچەیە نەبوونەتە خاوەن ڕەگەزنامە و شوناسی سووریا. ھەربۆیە کوردان لەدێرزەمانەوە لەلایەن دەوڵەت و دەسەڵاتە سەردەستەکانی تورکیا و ئێران و ئێراق و سووریاوە چەوسێنراونەتەوە و جۆرەھا سیاسەتی قاتوقڕکردن و جینۆسایدیان لە دژدا پیادەکراوە بە مەبەستی نەمان و نەھێشتن و سڕینەوەیان. بەڵام وەک دەڵێن؛ ئاش لە خەیاڵ و ئەشەوان لەخەیاڵێک و دیکتاتۆر و خوێنمژەکانی مێژوو بیریان چووە کە تاسەر نەدەسەڵات و نە ھێز بۆ ھیچ زاڵم و چەوسێنەرێک دەمێنێت و ڕۆژێک دادێت کە خۆیان و دەسەڵاتەکانیان لە بەرانبەر شۆڕش و مقاوەمەتی مەزڵومان و چەوساواندا ژێرەوژووردەبێت و بۆھەتا ھەتایە دەخرێنە ناو زبڵدانی مێژووە و بەناشیرینترین شێوازیش مێژوو تۆماریان دەکات.
$کورد و شۆڕش و مقاوەمەت$
ھەرواش بووە کوردان ھیچ کات گیانی شۆڕش و مقاوەمەتیان دەستلێھەنەگرتووە و ھەمیشە بەھێز و بازوی خۆیان و پشتبەستوو بە شاخەکانی کوردستان و ڕەوایەتی مافەکانیان و بە قوربانیدان و گیانفیدایی نەوە دوای نەوە بەرگریان لەمان و بوون و شوناس و زمانەکەیان کردووە کە بڕبڕەی پشتی مانەوە و ھێزەکەیان بووە و ھیچ کات ئاوارەبوون و ڕاگواستن و قاتوقڕکردن نەبوونەتە مایەی چۆکدادان و ڕادەستبوون و بەزینیان. ھەربۆیەش ماونەتەوە و لەسەر خاک و ئاوی خۆیان وەک داربەڕووە ڕەسەنەکانی کوردستان ڕەگ و ڕیشەیان بە قوڵایی خاکی کوردستاندا ڕۆچووە و بەھێزتر و خۆڕاگرتر بوونە، دوای ھەموو تەنگژە و ستەم و زۆرداریەک و لەگەڵ ھەڵکەوتنی ھەلی لەبار و گۆڕانکاری ناوچەیی و جیھانییەکاندا کەوتونەتە خۆ بۆ سەندنەوەی مافە ڕەواکانیان و شۆڕش و مقەوەمەت و ڕاپەڕینە جەماوەریەکانی #شێخ مەحموودی نەمر# 1919-1922-1924-1931 و #شێخ سەعیدی پیران# 1925 و پێشتریش شۆڕشەکانی #شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری# 1880-1881 و دواتریش شۆڕشەکانی #ئاگری داغ# 1930 و #دەرسیم# 1937-1939 و بەدرخانییەکان 1812-1889 و دامەزراندنی #کۆماری کوردستان# بەڕابەرایەتی #قازی محەمەد# 1946و ھەڵایسانی #شۆڕشی ئەیلول# 1961-1975 و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان 1975-1991 و دامەزراندنی حکومەت و پەڕڵەمانی کوردستان 1992 تاکوو ئێستا بۆ ماوەی زیاد لە 33 ساڵە لە باشووری کوردستان و بەھەمانشێوە لە ڕۆژاواش پێکەوەنانی بەڕێوەبەرییەکی خۆسەری 2011 تاکوو ئێستا 2024، نموونەی جوان و گەشاوە و سەرکەوتووی مقاوەمەت و مان و پێکەوەژیانی کوردانن لەسەر خاک و ئاوی لە مێژینەی خۆیان و ڕەسەنایەتی کوردانی سەلماندوە و بۆشی و بەتاڵی سیاسەتە نامرۆڤانەکانی داگیرکارانیش دەرخستووە.
$لێکەوتە و کاریگەرییەکانی جینۆسایدی کورد$
جا پڕۆسەی جینۆسایدی کوردان لێکەوتە و کاریگەریی زۆر خراپی بەجێھێشتوە لەسەر دانیشتووانی ئەو ناوچانەی کە پڕۆسکە گرتونییەتەوە لەڕووی:
=KTML_Bold=1-دەروونییەوە:=KTML_End= تاکوو ئێستاش ھەموو ئەو خێزانانەی کە تاکوتەرا کەسیان لێ بەجێماون لە کەش و بارودۆخێکی دەروونی نائارام و بێئومێدیدا دەژین و ئەمەش کاریکردۆتە سەر ژیان و گوزەران و بیرکردنەوەیان و ھیچ کات ھەست بەئارامی و دڵخۆشی و بوونی خۆیان ناکەن و ھەمیشە ھەست بە نەبوونی بەشێک یان ونبوونی پارچەیەکی گرنگی جەستەیان دەکەن.
=KTML_Bold=2-کۆمەڵایەتییەوە:=KTML_End= ئەو خێزانانە تاکوو ئێستاش لە بارێکی کۆمەڵایەتی تێکچوو و نائارامدا ماونەتەوە بەھۆی لەدەستدانی باوک و برا و خوشک و دایک و ھاوسەر و منداڵەکانیان، کە بووەتە ھۆی ھەڵوەشانەوەی ئاشتی کۆمەڵایەتی و نەمان و چڕاندن و لێکدابڕانی ھەزاران پەیوەندی کۆمەڵایەتی و خێزانی.
=KTML_Bold=3-ئابوورییەوە:=KTML_End= لەڕووی ئابووریەوە ئەو ناوچانەی کە پڕۆسەکە گرتونییەتییەوە ھەموانیان بەھۆی وشکبوونی ڕەز و باخ و دارستان و وشکبوونی کانیاو و لەوەڕگا و نەمانی سەروەت و سامان و مەڕوماڵات و گاداری و… ھتد. لەبارێکی ئابووری خراپدا ژیان دەگوزەرێنن، سەرەڕای بڕینەوەی مووچەیەکی کەمی شەھیدانە و ئەنفالانە. بۆیە ئەو ناوچانە ھەژارترین ناوچە و دانیشتووانی کوردستان پێکدێنن بەھۆی لەلایەک لا نەکردنەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆیان بە دامەزراندنی پڕۆژەی کارگەی بەرھەمھێنەر و ئاوەدانی و گەشتوگوزاری و…ھتد، بۆیان و لەلایەکە تریشەوە حکومەتی ئێراقیش نەک کۆمەک ناکرێن بەڵکوو ھەر پشتگوێشخراون.
=KTML_Bold=4-خوێندن و پەروەردەوە:=KTML_End= ئەم ناوچانە بۆ ماوەیەکی زۆر دابڕاوبوون و ھەموو منداڵەکانیان دووربوون لە خوێندن و پەروەردەیەکی سەردەمیانەی ڕاستو درووست، بە پیلانی داگیرکاران و دواتریش بۆخۆشیان لە بارێکی دەروونی ئارامدا نەبوون کە بتوانن بخوێنن، ھەربۆیە ژمارەیەکی زۆری نەوەی ئەو قۆناغە بەنەخوێندەواری ماونەتەوە و ئەوەش کاریگەریی خراپی ھەبووە.
$جینۆسایدی کوردان بێ وێنە بووە لە جیھاندا$
بەم شێوەیە جینۆسایدی کوردان لە باشووری کوردستاندا پڕۆسەیەکی تابڵێی نامرۆڤانەوە و دوژمنکارانە بووە و زەرەر وزیانە گیانی و ماڵیەکانی زۆر گەورە و کاریگەربوون بەدرێژایی زیاد لە 40ساڵی ڕابووردوو. ئەمەش لەلایەک بۆ کەمتەرخەمی و بێباکی و بێ بەرنامە و پلانی حکومەتی ھەرێم دەگەڕێتەوە لەلایەک لەسەر ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان و قەرەبووکردنەوەیان و دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە لە ناوخۆی کوردستان و لەسەر ئاستی ئێراق و ناوچەکە و دونیاشدا کاری گەورەی ئەنجامنەداوە بۆ ناساندنی تاوانەکە وەک تاوانێکی دژ بەمرۆڤانە و لەناو کۆڕوکۆبنەوە نێودەوڵەتییەکانیش بەگەرموگوڕی ھەنگاوی نەناوە وەکوو ئەرمەن و جووەکان و لۆبی بەھێزیان نەکردووە. ھەرچەندە لێرە و ولەوێ و لە ڕێگەی ڕێکخراوە مەدەنی و کەسانی خەمخۆرەوە ھەوڵی بچووک ھەڵنراوە، بەڵام ھیچیان بارتەقای گەورەیی و کاریگەریی و ترسناکی پڕۆسەکە نین.
لە کۆتاییدا و لە یادی 36 ساڵەی پڕۆسەی ئەنفالی بەدناودا کە لە (14-04) ھەموو ساڵێکدا یادی دەکەینەوە، تەنیا ئەوەندەمان لەدەستدێت کە سەری ڕێز و نەوازش دابنەوێنین بۆ قوربانی ئەو شاڵاوە نامرۆڤانەیەی بەعسییەکان کە دژ بە گەلەکەمانیان لە گەرمیان و تەواوی نیشتمانە داگیرکراوەکەمان ئەنجامیدا لە باشووری کوردستان، بەوھیوایەی نەوە و پاشماوەکانی ئەنفال بتوانن ژیان و گوزەرانێکی پڕشکۆیان بۆ فەراھەمبکرێت و کەمێک شوێنەواری ئەو تاوانەیان لە دڵ و دەرووندا سووک بکرێت، چونکە ھیچ قەرەبوویەکی مادی و مەعنەوی ناگاتە قولەپێی منداڵێکی بێنازی پاشماوەی ئەنفال و دڵۆپەخوێن و فرمێسکێکی قوربانیان و میراتگر و پاشماوەکانیان.
ھەربۆیە دەڵێین؛ دروود بۆ گیانی بەرزەفڕی قوربانیان و ڕووڕەشی و نەفرەتی ئەبەدیش لە تاوانباران و خوێنڕێژان و فاشیەکانی بەعس و سەدامییەکان. [1]
=KTML_Bold=سەرچاوەکان:=KTML_End=
1-https://ar.wikipedia.org
2-https://encyclopedia.ushmm.org/content/ar
3-https://pukmedia.com
4-https://www.skynewsarabia.com
5-https://baghdadtoday.news
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=