یەکێکە لە گەڕەکەکانی شاری #سلێمانی#، دەکەوێتە ڕۆژاوای شار. جاران بەهۆی لاوازی کەرەستەی هاتوچۆوە و، کەمی دانیشتووانی شار، سەرچنار جیابوو لە بەشەکانی تری سلێمانی و دەزانرا لەکوێوە بۆ کوێ دەستپێک و کۆتاییەتی، ئەمڕۆکە سەرچنار تێکەڵ بووە و لەدەوریا چەندین گەڕەکی تر درووست بوون وەک: شەهیدانی سەرچنار، گردی سەرچنار، ..هتد.
$هاوینەهەواری سەرچنار$
سەرچنار بە یەکێک لە هاوینەهەوارەکان دەژمێردرێت بەهۆی بوونی ئاوی هەڵقوڵاوی ژێر گرد و بەرزاییەکانی. زۆر لە مێژە سەرچنار ئوتێل و شوێنی حەوانەوەی لێدرووست کراوە بۆ گەشتیاران. شوێنێکی فێنک و خەم ڕەوێن بووە بۆ خەڵکی سلێمانی و دەوروبەری، کە تاکوو ئەمڕۆش کۆتایی هەفتان خەڵکانێکی زۆر ڕووی لێدەکەن بۆ سەیران. سەرچنار چەندجارێک نۆژەنکراوەتەوە و سیمای ناو سەیرانگاکانی دەستکاریی کراون و خۆشکراوە.
$ئاوی سەرچنار$
سەرچنار ئاوێکی سرووشتی هەیە کە لەبنی بەرزاییەکانی دەروپشتییەوە هەڵدەقوڵێت، ئەم سەرچاوەیە گرنگییەکی زۆری هەبووە لە بوژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەدا، تاکوو ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی سەرەکی ئاوی شاری سلێمانییە. لە هاویندا ئاستی ئاوەکە زۆر کەم دەبیتەوە و، لەم ساڵانەی دوایدا بەهۆی وشکەساڵییەوە لە مانگەکانی وەرزی هاویندا وشک دەکات.
$کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار$
لەبەر بوونی شاخی بەردین و بەردەڵان لە سەرچناردا، لە ساڵەکانی پەنجاکانی سەدەی پێشوودا ڕووسەکان کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار درووست دەکەن. بەهۆی ئەم کارگەیەوە، خانو و شوێنی نیشتەجیبوون دابین دەکرێت بۆ کارمەندەکانی، لەو دەمەوە سەرچنار بوژاندنەوەی بەخۆیەوە بینیوە. ئەم کارگەیە لەسەر بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2008 دا داخرا، تاکوو ژینگەی ناوچەکە بەپاکی بمێنێتەوە و دیمەنی سەرچنار خۆشتر بێت.
$گرنگی سەرچنار$
جگە لەوەی کە سەرچنار سەرچاوەی ئاو بووە بۆ سلێمانی، کارگەی چیمەنتۆی تیابووە و، هاوینەهەوارێکی خۆشبووە، سەرچنار شوێنێکی هەستیاربووە بۆ داڵدەدانی پێشمەرگە و پشتیووانی لە شۆڕشی گەلی کورد، چونکە هەڵکەوتی ناوچەکە و لکانی بە دۆڵ و بەرزاییەکانەوە یارمەتیی پارتیزانانی داوە لە برەودان بەخەبات و تێکۆشان.[1]