فوئاد ئەحمەد، ناوی تەواوی فوئاد ئەحمەد سلێمانە، لە هۆزی نانەکەلییە و باوکی هونەرمەندی خوالێخۆشبوو ئەحمەد تەبیب یەکێک بووە لە کەسایەتییە ناسراوەکانی ئەو ناوچەیە و #هەولێر# بەگشتی.
هونەرمەند فوئاد ئەحمەد لە ساڵی 1932ز. لە گوندی #عەوێنە#ی سەربە شارەدێی گوێڕ چاوی بەژیان هەڵهێناوە.
ساڵی 1940ز. چووەتە قوتابخانە پاشان خانەی مامۆستایانی لە #دهۆک# تەواوکردووە؛ سەرەتا لە گوندی عاڵڵا (عەبدوڵڵا گوجیلان) و گردی عازەبان و چەند شوێنێکی دیکەش بووەتە مامۆستا.
فوئاد ئەحمەد خاوەنی 8 منداڵ بووە لە دوو هاوژین.
فوئاد ئەحمەد لە ساڵی 1959ز. تاکوو 1970ز. لێپرسراوی جووڵانەوەی هونەری بووە.
بۆ یەکەمجار ساڵی 1955ز. چووەتە ئێستگەی بەغدا؛ یەکەم سرودی بەناوی (نەورۆز) تۆمار کردووە.
لە ساڵی 1959ز. گۆرانی (ئەمیرەکەم)ی تۆمار کردووە؛ ئینجا گۆرانی (نامەکەت گەیشت) و (سروەی بەیان) و چەند گۆرانییەکی تر.
لە ساڵی 1963ز. بۆ یەکەمجار بە ڕەش و سپی یەکەم گۆرانی بەناوی (ئەی بووکی تازە) تۆمارکرد تاوەکو ساڵی 1986ز. نزیکەی سەد گۆرانی لە ئێستگە و پەنجا گۆرانیش لە تەلەڤزیۆن تۆمار کردووە.
دوای تەمەنێکی دوور و درێژ لە خزمەتی هونەری کوردی؛ لە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی #17-08-2004#ز. بۆ هەتاهەتایی ماڵاوایی لە هونەر و کوردستان کرد. دوای پێنج ڕۆژی لە کۆچی دوایی لە ڕێکەوتی #22-08-2004#ز. لە ڕێوەرسمێکی شکۆداردا لە شاری هەولێر تەرمی هونەرمەند فوئاد ئەحمەد گەیشتەوە خاکی کوردستان و لە گۆرستانی کارگەی قیر لە باشووری شاری هەولێر بە بەخاک سپێردرا. [1]