نووسینی: ڕیجارد باخ
وەرگێڕانی: #ئازاد بەرزنجی#
ئەم کتێبە لە ساڵی 2002 دا لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراسەوە بڵاوکراوەتەوە
کەمن ژمارەی ئەو کتێبانەی بە قووڵی کاریگەریی خۆیان لەسەر خوێنەر بەجێ دەهێڵن و بۆ هەتاهەتایە لە یادیدا دەمێننەوە. زێدەڕۆیی نییە گەر بڵێین چیرۆکی جۆناسانی نەورەس یەکێکە لەو کتێبانە و هەر خوێنەرێک بیخوێنێتەوە زەحمەتە لە یادی بچێت. ئەم چیرۆکە بەتەنها بەسەرهاتی نەورەسێک نییە کە لە گەلەکەی خۆی یاخی دەبێت و دەیەوێت ڕێگەیەکی تری جیاواز لە ژیاندا بۆ خۆی هەڵبژێرێت، بەڵکوو بەسەرهاتی هەموو مرۆڤێکە کە بە دوای بوونێکی ڕەسەندا بۆ خۆی بگەڕێت و بیەوێت لە کۆتی دابونەریتە باوەکانی کۆمەڵگەکەی ڕزگاری ببێت و ژیانێکی نوێ و شێوازێکی نوێ بۆ ژیان بهێنێتە ئاراوە.
جۆناسان دەزانێت ژیان شتێکە گەورەتر لەوەی بەتەنها بریتی بێت لە هەڵپەکردن بە دوای ناندا و خۆبەستنەوە بە دابونەریتە سواو و ڕۆتینییەکان و گوێڕایەڵیی کوێرانە بۆ ئەمرونەهییەکانی کۆمەڵگە. جۆناسان دەیەوێت لایەنە ئاسمانییەکەی ناخی بەسەر لایەنە زەمینییەکەیدا زاڵ بکات. ئەو چیدی نایەوێت وەک نەورەسەکانی تری گەلە لە گوێ دەریادا بە دوای پاشماوەی خۆراکی ماسییەکاندا بگەڕێت و کە تێریش بوو مل بۆ فەرمانەکانی سەرە گەورەکانی گەلە ڕادێرێت، گەرچی دڵنیایش بێت کە ئەو فەرمانانە چ نین جگە لە کۆمەڵێک ڕێسای ساختە و کۆیلەساز. ئەو دەیەوێت ئەو کۆتانە بشکێنێت و ئاسۆی تازەی فڕین تاقی بکاتەوە و یاساوڕێسای ڕاستەقینەی نوێ دابهێنێت، لەبەر ئەوەی دڵنیایە کە ژیان بەبێ ئەو باڵابوون و فڕینە بەرزانە پووشێک ناهێنێت.
جۆناسان گوێ بۆ دەنگی ڕاستەقینەی ناخی خۆی هەڵدەخات و دەزانێ کە ئەو بەتەنها بریتی نییە لە پەڕ و گۆشت و ئێسقان، بەڵکوو هێزێکی پەنهان لە ناخیدایە کە دەتوانێ بەرەو بەرزایییەکانی بەرێت، وەلێ بەو مەرجەی دەستبەرداری ترس و بێزاری و کۆیلایەتی بێت. ئەو دەزانێت مانای ژیان لە فڕینە بەرزەکاندایە، لە یاخیبوون و فڕیندایە بەرەو ئاسمانە کەشفنەکراوەکان. لەوەدایە کە هێزە شاراوەکانی ناوەوەی بخاتە گەڕ تا مانایەکی بەرزتر و جوانتر بە ژیانی ببەخشێت. ئەمەیش کاتێک ڕوو دەدات کە خۆی و توانا ڕاستەقینەکانی خۆی بناسێت و لە ڕێیدا بەرەو ئاسمانی ئازادی بیانخاتە گەڕ. ئەو دەزانێت کاتێک نەورەسێک قەناعەتی بە خۆی کرد کە ئازاد نییە، ئەودەم بە ئاسانی ڕادەستی فەرمانەکان دەبێت و ملکەچیان دەبێت. لێ کاتێ باوەڕی بەوە هێنا کە ئازادە، چیتر نابێت بە دیلی دەست دابونەریت و هزرە کۆیلەسازەکان.
جۆناسان کاتێ بەرەو بەرزایییەکانی ئاسمان لە شەقەی باڵ دەدات و لەوێڕا سەیری خوارەوە و گەلە دەکات، ئینجا بۆی دەردەکەوێت ئەو گەلەیەی جاران ئەم لێی دەترسا؛ ئەمێستاکە چەند بچووک دێتە پێش چاوی. بۆی دەردەکەوێت چۆن ئەو دنیا بچووکەی ئەوسا، دنیا و ئاسۆ و ئاسمانێکی گەلێ فراوانی لێ شاردبووەوە. دەیشزانێت گەر یاخی نەبوایە، ئەم ڕاستییانەی بۆ کەشف نەدەبوو. هەر بۆیە ئەو، یاخیبوون بە سەرەتای ڕێ بەرەو ئازادی دەزانێت. تۆ ئەگەر خۆت لە ناوەوە ئازاد نەکەیت، دەرەوەت چەند ئازادیش بێت، تۆ هەر کۆیلەیت. خۆ ئەگەر خۆیشت لە ناوەوە ئازاد کرد، ئەوا زنجیرەکانی دەرەوە ناتوانن ئەو ڕۆحە ئازادەت کۆت بکەن.
جۆناسان لەم بیرکردنەوانەیدا چەند دەشوبهێتە سەر (زەردەشت)ەکەی نیتچە، وەختێ دەڵێت: “ئەوەی بە دەوری دوندی کێواندا بخولێتەوە، گاڵتەی بە تەواوی تراجیدیاکانی ژیان و بە شانۆکانی و بگرە بە ژیان خۆیشی دێت.” جۆناسانیش وەختێ بەسەر دوندی کەژ و کێوەکاندا دەفڕێت، هەنگینێ تامی ڕاستەقینەی ژیان دەچێژێت و دیوە ڕووناکەکەی دەبینێت و بۆی ئاشکرا دەبێت، ژیانی ڕابردووی چ نەبووە جگە لە زیندانێکی تاریک و بەندی و کۆیلایەتی. بەڵام هەموو بوونەوەرەکان ناتوانن بەرگەی ئەو ئازادییە و ئەو فڕینە بگرن و ناشیانەوێت باوەڕ بەوە بێنن کە ئازادن. ئەوەتانێ جۆناسان بە حەسرەتەوە دەڵێت: نازانم بۆچی دژوارترین کار لەم ژیانەدا ئەوەیە باڵندەیەک قەناعەت پێ بکەیت کە ئازادە. گەر بۆ ماوەیەکی کەمیش خۆی ئەمە تاقی بکاتەوە؛ دەزانێت کە ئەمە ڕاستە. بۆچی قەناعەتپێکردنی یەکێکی دی بەم حەقیقەتە هێندە دژوارە؟!
بە ڕواڵەت ئەم چیرۆکە، چیرۆکێکە سەبارەت بە دونیای باڵندەکان، بەڵام لە گەوهەردا چیرۆکێکە سەبارەت بە ژیانی مرۆڤ و یاخیبوون و ئازادی و مانای ژیان. هەر بۆیە منیش ئەم وەرگێڕانە پێشکەش بە هەموو خوێنەرە جۆناسانئاساکان دەکەم، بە هەموو ئەو کەسانەی کە دەزانن مانای بەرزی ژیان لە داهێنان و ئازادی و فڕیندایە لە پێناوی خولقاندنی جوانیدا بۆ ئینسانەکان.