بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەڕێزان جێگرانی سکرتێری گشتیی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
بە بۆنەی چلەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوە و کادیر و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکەم. یادکردنەوەی دامەزراندنی یەکێتی لە کاتێکدایە کە گەلەکەمان لەبەردەم تەحەدیاتی گەورەدایە و لە هەمانکاتیشدا دەرفەتی کەموێنە بۆ پێشخستنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان هاتووەتە ئاراوە. باشترین زامنی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و تەحەدییاتی بەردەم خەڵکی کوردستانیش قووڵکردنەوەی یەکڕیزی و گیانی تەبایی و برایەتیی نێوان لایەنە سیاسییەکانە. مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان بەڕوونی پێشان دەدات کە تەنیا لە کاتی یەکڕیزی و تەباییدا دەستکەوتی مەزن بۆ خەڵکی کوردستان مسۆگەر کراوە. بە پێچەوانەیشەوە هەمیشە دوژمنانی گەلی کوردستان سوودیان لە دووبەرەکی و پەرتەوازەیی نێو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بینیوە.
لە سایەی خوێنی پاکی شەهیدانمان و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە لەبەرانبەر تیرۆریستاندا و هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکە و جیهاندا لە ئارادان، پێگە و کاریگەریی کوردستان لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە و جیهان بە چاوی ستاییشەوە سەیری گەلی کوردستان دەکات. ئەوەیان دەرفەتێکی مەزنە بۆ ئەوەی بە هیمەتی هەموو لایەک، گەلەکەمان لە هەڕەشەکان دوور بکەینەوە و لە چوارچێوەی مافی چارەی خۆنووسین دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بەرەو پێشەوە ببەین.
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە خەباتی خۆیدا قوربانیی زۆری لەڕێگەی ڕزگاریی گەلی کوردستان داوە و لە گشت قۆناغەکاندا ڕۆڵێکی بەرچاو و نیشتیمانپەروەرانەی گێڕاوە. گەلی کوردستان ئەو چاوەڕوانییەی لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و تێکڕای حزبە خەباتگێڕ و تێکۆشەرەکانی دیکەی کوردستان هەیە کە لەو قۆناغە چارەنوسسازی ئێستایشدا دەستلەناودەست و یەکڕیز بن بۆ ئەوەی داهاتوویەکی گەش بۆ گەلەکەمان بنیات بنێین.
بە پێویستی دەزانم لەو بۆنەیەدا هیوای چاکبوونەوە بۆ برای بەڕێزم جەنابی مام جەلال و ئومێدی سەرکەوتنیش بۆ هەموو ئەندام و هەوادارانی یەکێتیی بخوازم.
مەسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
31ـی 5ـی 2015
ئەڤ بابەت ب زمانا (کوردیی ناوەڕاست) هاتیە نڤیساندن، کلیک ل ئایکۆنا
![](https://www.kurdipedia.org/images/flags/ku.png)
بکە ژ بو ڤەکرنا ڤی بابەتی ب ڤی زمانا کو پی هاتیە نڤیساندن!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
![](https://www.kurdipedia.org/images/flags/ku.png)
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئەڤ بابەتە 5,663 جار هاتیە دیتن
ڕایا خو دەربارەی ڤی بابەی بنڤێسە!