لەم ڕۆژانەدا خەڵکی هەرێمی کوردستان بە بژاردەی سیاسیی و سەرجەم توێژەکانەوە سەرگەرمی باس و خواسی پێکەوە گونجان و سازاننو، نیگەرانی ناتەبایی و لێک ترازانن، منیش بەپێویستم زانی لەوبارەوە چەند دێڕێکی کورت بنووسم، بەمەبەستی دانانی چەند نیشانه و قوچکە (معالم)ێک بۆ ڕووشنکردنەوەی ڕێگای ڕاستەقینەی پێکەوە گونجان و تەبایی و سازان:
یەک: تەبایی ڕاستەقینە لەنێو کۆمەڵگادا تەنیا لەسەر بناغەی دادگەریی (عدل) بنیات دەنرێ، هەربۆیەش خوای کاربەجێ تێکڕای پێغەمبەرانی لە ئادەمەوە تا خاتەم "علیهم السلام" بۆ چەسپاندنی دادگەریی ناردوە: (ڵقَدْ أَرْسَلْنَا بِالبَیِّنَاتِ ۆأَنْزَلْنَا مَعَهُمُ الْکِتَابَ ۆالْمِیزَانَ لِێقُومَ النَّاسَ بِالْقِسْگِ...) الحدید -25-.
دوو: لەماوەی (24) ساڵی ڕابردوودا، ستەمی جۆراوجۆر لەهەموو بوارو ئاستەکاندا لە هەرێمەکەماندا بەرجەستە بووەو، دەستڕۆیشتوو و بڕیار بەدەستان، ئیرادەیەکی جیددییان نەخستۆتە گەڕ بۆ چاکسازیی ڕیشەییو، بەرجەستەکردنی فاکتەرەکانی چەسپاندنی دادگەرییو، نەهێشتنی پێچەوانەکەی کە ستەمکارییە، وەک: بەدامەزراوە کردنی کاروبارەکانو، سەروەرکردنی یاساو، مرۆڤبوون و هاووڵاتیی بوون کردنە پێوەرو، نەهێشتنی هەیمەنەی حیزب و گرووپ و کەس بەسەر حکوومەت و دام و دەزگاکانیدا، کە ماک و میکڕۆبی گەندەڵیی و قۆرخکارییو... هتدە.
سێ: هەڵبەتە ئەوەی کە بۆتە بپەرچ (مانع)یش لەڕێی چاکسازیی ڕیشەییدا، ئه و بەرژەوەندییە ستەمکارانه و ناشەرعییانەی ژمارەیەک لە بەرپرسانو، دەوروبەرە هەلپەرستەکەیان بوون، چونکە (ڕاوچی خراپ لەئاوی لێڵدا ڕاودەکات) و (دز بازاڕی ئاڵۆزی دەوێ).
چوار: کەواتە ئەگەر دەمانەوێ چارەسەری ڕیشەیی کێشه و گرفتەکانمان بکەین، با کۆتایی بەحاڵەتی ستەمکاریی و قۆرخکاریی و گەندەڵیی بێنینو، دڵنیابین کە بەبێ دادگەریی مەحاڵە پێکەوە گونجان و تەبایی بەرقەراربێ، ئایا هیچ دیوارێک بەبێ بناغە ڕادەوەستێ؟!
پێنج: خوای کاربەجێ لەچەندان ئایەتدا هەواڵی پێداوین کە بەهۆی ستەم و جیاکارییەوە کۆمەڵگاکان هەرەس دێنن، بۆ وێنە خوا فەرموویەتی: (...ۆمَا کُنَّا مُهْلِکِی الْقُرَی إِلاّ ۆأَهْلُهَا ڤَالِمُون) القصص -59-، واتە: وەئێمە ئاوەدانییەکان نافەوتێنین، مەگەر خەڵکەکەیان ستەمکار بێ!
بۆیە ئەگەر دەمانەوێ هەرێمەکەمان بەره و هەرەسوداڕمان نەچێ، با هەرچی زووترە قۆڵی لێ هەڵکەینو، کۆتایی بەسەرجەم جۆرەکانی ستەم (ڤلم) بێنین، هەنگاوی یەکەمیش ئەوەیە کە بەرپرسە باڵاو دەستڕۆیشتووەکان، لەخۆیان و خزم و نیزیک و دەوروبەریانەوە دەست پێ بکەنو، چیدیکە قبووڵ نەکەن: کەسانی مشەخۆر لەپەنای ئەواندا سامانی حەڕام وەسەرێک بنێنو، سەرەنجام حکوومەت و وەزارەتەکانی هەژارو لات بکەونو، کەسانێکیش بەپارەی حەڕام ببنە ملیارد لێر!!
شەش: بێگومان پێکەوە گونجان و پێکگەیشتن و ڕێککەوتنیش، بەبێ بۆ یەکدی دابەزین (تنازل) دەستەبەر نابێو، دیارە دابەزین و خۆ نەوی کردنیش زیاتر لەوانە چاوەڕێ دەکرێ، کە زۆر هەڵکشیون و چوونە سەرەوەو، پشکی زیاترو گەورەتریان لەلایە، ئەگەرنا کەسێک هیچی نەبێ، هیچ نابەخشێ (فاقد الشی و لایعگیه).
بەدڵنیاییش ئه و باجەی کە بۆ تەبایی و ڕێککەوتن دەیدەینو، ئەوەی کە بۆ پێک گەیشتن دەستبەرداری دەبین، زۆر کەمترە لەوەی کە بەهۆی ناتەباییەوە لەدەستمان دەچێ.
حەوتەم: لەکۆتاییدا هیوادارم هیچ کورسیی و پێگەوپایەیەکو، هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتییو، هیچ گرێ و گرفتێکی ڕابردوو، نەتوانێ بەسەر هەوڵ و هیممەتی دڵسۆزانی ئەم وڵات و خەڵکەدا زاڵ بێو، سەرەنجام بتوانین لەسەر بناغەی دادگەرییەکی گشتگیر، تەبایی و یەکڕیزیی و یەکڕەنگییەکی مەحکەم و پتەو، لەهەرێمەکەماندا بێنینەدی، وەخەڵک و جەماوەرە بەدەست چەندان کێشه و قەیرانەوە گرفتارەکەمان، بەگشتییو، پێشمەرگە فیداکارە وڵات و دین و ژین پارێزو خۆڕاگرەکانمان، بەتایبەت، دڵخۆش بکەین و لەسەرەوەی هەمووکەسیشەوە، خوای کاربەجێ و دادگەر لەخۆمان ڕازی بکەین.
عەلی باپیر
21-08-2015