ساڵانە لە وەرزی پێگەیشتنی گوێزدا لە ناوچەی هەورامانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، بڕێکی زۆر گوێز بەرهەم دەهێنرێت، بۆ ئەمساڵیش جیاواز لە ساڵانی پێشوو، بەرهەمی گوێز زیادی کردووە، بەرێوەبەری کوشتوکاڵی هەڵەبجەش ڕایدەگەیەنێت، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەدا زیاتر لە 85هەزار داری گوێز هەیه، کە سەرجەمیان گەیشتوونەتە ئاستی بەرهەم.
عیرفان ناسر کە باخەوانێکی ناوچەی هەورامانە بۆ خەندان ووتی: هەرچەندە ئەمساڵ گرفتی گەرما و کەمی ئاو هەبوو، بەڵام بەرهەمی ئەمساڵ زۆره، گوێزی زۆر باش بەرهەم هاتووە، ئەمەش وای کردووە خواستێکی زۆری لەسەر بێت.
وتیشی: هیوادارین وەزارەتی کشتوکاڵ ڕێگری لە هاوردەکردنی کوێز بکات بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە بەرهەمی ناوخۆی ئەمساڵ لە ئاستێکی باشدایە.
باسی لەوەشکرد، لە ناوچەی هەوراماندا 3 جۆر گوێز بەرهەم دەهێنرێت، جۆرێکیان ئەو گوێزانەیە کە توێکڵەکەی بە دەست دەشکێت و جۆرێکی دیکەیان توێکڵەکەی بە چەکوش دەشکێت، جۆری سێیەمیان بەگوێزی کوێر ناو دەبرێت، چونکە گوێزەکە بەناڕەحەت لەناو توێکڵەکەی دەردەهێنرێ، سەرەڕای ئەوەش گوێزی کاکڵە قاوەیی و زەردبا ووسپی هەیە، کە سپییەکەیان باشترینیانە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئەوەی ساڵانە بەرهەمەکەیان خواستی هاووڵاتییانی سنووری پاڕێزگای هەڵەبجە پڕ دەکاتەوە، بڕێکیشی دەنێردرێت بۆ شارەکانی تری هەرێمی کوردستان، تەنانەت بۆ شاری بەغدا و وڵاتانی ئەوروپاش.
ستار مەحموود بەڕێوبەرەی کشتوکاڵی هەڵەبجە بەخەندانی ڕاگەیاند، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەدا 85 هەزار داری گوێز هەیە، کە سەرجەمیان گەیشتوونەتە ئاستی بەرهەم، بەڵام بەرهەمی گوێز بە شێوازێکی ڕێکوپێک ناچێتە بازاڕەکان و پێوەرێکیش نییە، تاوەکو بزانرێت ساڵانە بەرهەمی گوێز چەندە، به و هۆیەشەوە ناتوانرێت ئاستی بەرهەمی گوێز دیاری بکرێت، بەڵام بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەرهەمی کوێز زیادی کردووە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەلەَبجە ئەوەشی ئاشکراکردووە، سەرەڕای دابینکردنی دەرمانی قڕکردنی دەردە کشتوکاڵییەکان، ساڵانە ڕێنمایی هەڵپاچین و ئاودان و چۆنێتیی قەڵاچۆکردنی نەخۆشییەکانیش دەدەین بە خاوەن باخەکان، تا بەشێوەیەکی تەندروست هەڵسوکەت بکەن.
لەبارەی هاوردەکردنی گویزەوە وتی :" بەرهەمی گوێز وەک بەرهەمەکانی دەکە کەم تازۆر لە وڵاتانەوە هاوردەی کوردداستان کراووە، بەڵام هاوردەکردنی کەوتوەتە سور ئەوەی تا چەند بەرهەمی ناوخۆیی کەمتر بێت، ئەوەندە بەرهەمی زیاتر هاوردە دەکرێت، بە پیچەوانەشەوە".
- 19-09-2015