لەچەند ڕۆژی داهاتوودا پشکنینی کەمئەندامان کۆتایی دێت، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی #وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی#ش ڕایدەگەیەنێت: وادەی پکشنین درێژناکرێتەوه و موچەی نزیکەی 30 هەزار کەمئەندامیش دەبڕێت کە نیوەیان فۆرمیان وەرنەگرتووه و نیوەشیان لەپشکنین دەرنەچوون.
بەگوێڕەی بڕیارێکی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، دوا وادە بۆ پشکنینی کەمئەندامان، ڕۆژی 1ی تشرینی یەکەمی داهاتووە.
هەمزە مەغدید بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بە SNNی ڕاگەیاند: ئه و بڕیارە وەک خۆیەتی و لیژنەکانی تەندروستی بەردەوامن لەپشکنین و داوامان لەکەمئەندامانیش کردووە پێش ئه و بەروارە کارەکانیان تەواو بکەن، چونکە ئەوە دواین وادەیه و درێژناکرێتەوە.
وتیشی: تائێستا بەشێکی زۆری ڕاپۆرتە پزیشکییەکانمان بەدەستگەیشتووه و بەپێی ئه و ڕاپۆرتانە (12% بۆ 13)ی کەمئەندامان دەرنەچوون، هەروەها لەکۆی (107) هەزار کەمئەندام، نزیکەی 15 هەزار کەمئەندام فۆرمیان وەرنەگرتووە.
بەوتەی هەمزە مەغدید، ئەگەر دەستکاری ڕێژەی کەمئەندامی نەکرێت، ڕەنگە نزیکەی (80) هەزار کەمئەندام بمێنێتەوە، چونکە وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بەڵێنێ بەڕێکخراوەکان داوە کار لەسەر ئەوە بکەن، ڕێژەی کەمئەندامی کە ئێستا (65%)ە کەمبکرێتەوە بۆ (55% یان 60%).
سەبارەت بەوەی ئایا دوای تەواوبوونی پشکنین موچەی کەمئەندامان زیاد دەکات یان هەر (150) هەزار دینار وەردەگرن، هەمزە مەغدید وتی: بەپێی ئه و یاسایەی پەرلەمان بۆ کەمئەندامانی دەرکردووە، هەر کەمئەندامێک ڕێژەی کەمئەندامییەکەی (100%) بێت، موچەکەی دەبێت بە(300) هەزار دینار، ئەگەر کەمئەندامێک ڕێژەی کەمئەندامییەکەی (50%) بێت، موچەکەی دەبێت بە (225) هەزار دینار، بەڵام کێشەکە ئەوەیە بەپێی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران، یاساکە جێبەجێنەکراوه و داوامان کردووە دوای تەوابوونی پشکنینی کەمئەندامان یاساکە جێبەجێبکرێت. [1]
22-09-2017