لەنێوان 40% بۆ 60%ی ئەو کەسانەی سەردانی نەخۆشخانەکانی #هەولێر# دەکەن عەرەبن، لەگەڵ ئەوەشدا بەغدا تەنیا 45%ی بەشە دەرمانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
بەگوتەی د. لاوەند سەردار، بەڕێوەبەری نەخۆخشانەی فریاکەوتی ڕۆژئاوای هەولێر ئەو ئامارە لە نەخۆخشانەکەی ئەوان بەرزترە، بەجۆرێک زیاتر لە 70%ی سەردانیکەرانیان نەخۆش و برینداری عەرەبن.
رۆژانە ژمارەیەک لە بریندارانی شەڕی دژی داعش و نەخۆشەکانی دیکە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە بۆ چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێن و سەرجەم خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیشیان بەبێ بەرامبەر پێشکەش دەکرێت، ئەوەش بارگرانی زۆری لەسەر کەرتی تەندروستی دەرستکردووە. لە بەرامبەریشدا بەغدا بەشە دەرمانی کوردستان بە تەواوی نانێرێت.
فەلاح حەمید، تەمەن 35 ساڵ خەلکی شەرگاتە لە پارێزگای سەلاحەدین، چوار مانگە تووشی نەخۆشی گورچیلە بووە. ئەو بەهۆی شەڕی داعش ئاوارەی هەرێمی کوردستان بووە، ئێستا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر هەفتانە دوو جار چارەسەری شووشتنی گورچیلەی بەخۆڕایی بۆ دەکرێت.
شەڕی داعش و ئاوارەبوونی زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار کەس بۆ ناوچە ئارامەکانی باشووری کوردستان بارگرانییەکی زۆری لەسەر کەرتی تەندروستی دروستکردووە، بەجۆرێک لە ساڵی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 223 هەزار نەخۆش سەردانی یەک نەخۆشخانەی پایتەختیان کردووە کە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکارییە، لەو ڕێژەیەش لە 60%یان نەخۆشی عەرەب بوون.
لە پارێزگای هەولێر 22 نەخۆشخانە و 280 بنکەی تەندروستی لە سەنتەری شار و کەمپەکان هەن، ڕۆژانە خزمەتگوزاری پزیشکی پێشکەشی نەخۆش دەکەن.[1]
15-10-2017