هاوڵاتیانی خۆشەویست، کوردستانیانی ئازیز
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، ئەم نەوەیەش وەک نەوەکانی پێشوو، ڕووبەرووی نسکۆیەکی تاڵ کرایەوە، لە لایەن هەمان چینی سیاسی نا بەرپرس و ناکارامە.
پێشەکی سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنم بۆ هەمو ئه و شەهیدە قارەمانانەی لە بەرەبەیانی 16/ 10 شەهید بون، بە ڕاستی لە ناخی دڵمەوە خەمبارم بۆ دوبارە شەهید و بریندار بون و ون بونی سەدان ڕۆڵەی قارەمانی گەلەکەم. لە ناخەوە خەمبارم بۆ خێزان و خانەوادەکانیان، هەر لێرەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمیان ئاراستە ئەکەم، داوا لە خوای گەورە ئەکەم سەبوریی هەمو لایەکمان بدات. هیوای زو چاک بونەوە بۆ بریندارە سەربەرزەکان و گەڕانەوەی قارەمانە ون بو و دیلەکان ئەخوازم.
ئەمڕۆ گەرچی ڕۆژێکی تراژیدییە بۆ هەموو کوردستانیان، نەک تەنها لە باشوری کوردستان بەڵکو لە پارچەکانی تری کوردستانیش کە هیوایەکی گەورەیان لەسەر ئەزمونی ئێمە هەڵچنی بو،بەڵام نابێت تەنهاخەمناک و دڵتەنگ بین. ڕۆژی لەم جۆرە، لە مێژووی هەموو گەلانی جیهاندا بوونی هەبوە و بوونی دەبێت، بەڵام ئەوەی ئێمە لە خەڵکانی تر جودا ئەکاتەوە ئەوەیە کە ئێمە ئایا ئێمە ئەتوانین بەجۆڕێک خۆمان و هوشیاریمان و واقیعمان بگۆڕین کە جارێکی تر نسکۆی وامان بە سەرماندا نەیەتەوە و، بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە هەستینەوە؟ ئێستا ئیتر ئەمە سەنگی مەحەکە: ئایا ئێمە درێژە دەدەین بەهەمان مۆدێلی شکستخواردو یان دەتوانین مۆدێلێکی سەرکەوتوی نوێ دروست بکەین.
هاوڵاتیانی خۆشەویست، ئەم ڕۆژە، وەک ڕۆژی ڕوناک دیاربوو لای هەر کەسێکی بە ئاگا و بەرپرسیار و خاوەن ویژدان. ئێمە و خەڵکانی تر دەمێکە دژ بەو بنەمایانەین کە ئێمەیان بەم ڕۆژە گەیاند.
دەزانم کە ئاسانە بە بەهانەی جیاواز خۆمان لەم ڕۆژە بدزینەوە، بەڵام ئەرکی ئەخلاقی و مرۆیی و کوردیانە، هەروەها بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر بە خەڵک و خاک و نەتەوە، ناچاری ئەوەمان دەکات کە ڕاستیە تاڵەکان بە ڕاشکاوی بخەینە ڕو.
چەند ساڵێکە ئێمە لە کوردستان دەسەڵاتێکی لەرزۆکمان هەیە لە هەموو ڕوویەکەوە. دەسەڵاتێک کە تەنها لە ئازاردان و قەیران دروستکردن و خۆ تەرخانکردن بۆ بەدیهێنانی خەونی شەخسیدا چالاکە. نەک هەر لە لایەن خەڵکی کوردستان کە بەدەستیەوە دەیناڵاند بەڵکو هەتا دێت لە دونیادا ناشیرینتر و تەریک دەبێت.
پێویستە دان بەوەدا بنێین کە ئێمە ئەمرۆ شکستمان هێنا، خەڵکانێکی تایبەتیش بەرپرسن لەم شکستە، ئەرکی هەموشمانە هەڵوێستمان هەبێت. ئەرکی هەمومانە ئەو بنەمایانە هەڵتەکێنین کە ئێمەیان لە ڕابوردو و لە ئێستادا بەم دۆخە گەیاند.
هاوڵاتیانی بەرێز، خەڵکی کەرکووکی خێر نەدیو، هەمومان پێکەوە قوربانیی دەستی نوخبەیەکی سیاسین کە لە بری بەکارهێنانی سامان و خێری وڵات بۆ دەوڵەتداری و خۆشگوزەرانی و، بۆ هێنانەئارای بنەماکانی حوکمڕانییەکی سەردەمیانە، سامانی وڵات بە هەدەر دەبەن و تاڵانی ئەکەن و، بۆ گەورەکردنی دەسەڵاتی خۆیان بەکاری دەبەن.
خوشک و برایانی ئازیز، بە خوین و قوربانیی هەزاران شەهید و بریندار و گیان فیدایی دەیان هەزار پێشمەرگەی قارەمان، دونیا بوو بە دۆستمان. وێنەیەکی جوان و پر لە بەرخۆدانمان بۆ دروست بوو. بەڵام ئەم قوربانیدانە، نەکرایە بنەما بۆ حوکمدارییەکی شەرعی و دەستوری و سەردەمیانە، بەڵکو لە پرۆژەیەکی شەخسیی سەرلێشێواودا بەرەو ئاقارێک برا کە هەرزوو هەموو ڕەنجەکانمان وەلا خران و دونیا بوو بە تەماشاکەرێکی بێلایەن لە کاتی پەلاماردانماندا.
شکستی ئەمڕۆمان لە ئەستۆی ئه و دەستەبژێرە حوکمڕانەیە کە دەزگا و یاسا و ڕای خەڵک و سیستەم و خواستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی وەلاوە ناو و، دوای حەز و خولیا و سەرکێشیی شەخسی کەوتن. بە تایبەت بەڕێز مەسعود بارزانی کە بە شێوەی شەرعی و ناشەرعی وا بۆ دوانزە ساڵە لە سەرەوەی هەڕەمی دەسەڵاتی هەرێمە. ئەمڕۆ، گەورەترین خزمەتێک کە بەریز بەرزانی دەتوانێت بەرامبەر گەلەکەی بیکات، گرتنە ئەستۆی بەرپرسیارێتی و وازهێنانە. پەیامی من بۆ کاک مەسعود ئەوەیە کە بەڕێزم سەرباری ئەوەی جەنابتان و خانەوادە بەڕێزەکەتان وەک سەدان هەزار هاوڵاتیی گەلەکەمان خاوەنی مێژویەک لە قوربانیدانن، بەڵام کاتیەتی دان بە هەڵە و شکستەکانتان بنێن کە قورس لەسەر گەلەکەمان کەوتون. لێگەڕێن با گەلەکەمان خۆی داهاتوی خۆی دیاری بکات، نەک داهاتوەکەی ببەستنەوە بە حەز و ویست و چارەنوسی خۆتانەوە.
بۆیە داوام دەخەمە پاڵ داوای زۆرینەی زۆری خەڵکی کوردستان، خەڵکی ئاوارەبووی کەرکووک، کەس و کاری شەهیدان، کاتی ئەوەیە کە دەستەبژێری حوکمڕانی هەرێم وازبێنن و، سەرەتایەکی نوێ دەست پێبکەین و سیستمێکی نوێ لە ڕەگەوە دروست بکەین. چونکە مۆدێلی حوکمڕانیی دوای ڕاپەڕین و کارەکتەرەکانی شکستیان خوارد و شکستیان بەسەر گەلەکەشمان هێنا.
خەڵکی کوردستان لە ماوەی ڕابوردودا دەرفەتی زێڕینیان لە دەستدا لە ڕووی ئابوری و سیاسی و دیپلۆماسیەوە. کوردستان دەیتوانی سود لە پێگەی، لە سامانی، لە هێزی، لە پێشمەرگە و، لە سەقامگیری وەربگرێت، بەڵام هەموو ئەمانە بۆ بەرژەوەندی شەخس و حیزب بەکاربرا و، لە دواجاردا وەک بینیمان دژ بە خەڵکی کوردستان زۆر بە خراپی شکایەوە. پێش ڕیفراندۆم کورد دەرفەتێکی زێڕینی بۆ هەڵکەوت کە کێشەکەی لە لایەن کۆمەڵگای نیودەوڵەتیەوە بناسرێت، نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەرفەتێک بوو کە لە مێژوی سەد ساڵی گەلەکەمان وێنەی نەبو، قبوڵنەکردنی جگە لە خۆپەرستی و بێباکی نەبێت بەرامبەر دۆخی خەڵک هیچ شتێکی تر نیە.
هاونیشتیمانیانی ئازیز، بڕوانن چۆن ئەمانە نەک هەر نەیانهێشت سود له و دەرفەتانە وەربگرین کە بۆمان هاتەپێش، بەڵکو نەشیانتوانی لە مەترسیەکان بمانپارێزن و، خوێنی هەمو شەهیدانی جەنگی دژی داعشیان بەفیڕۆدا و، هەمو ناوچە کوردستانیە جێناکۆکەکانیان دۆڕاند و هەرێمیان گەڕاندەوە بۆ پێش ساڵی 2003.
بێگومان بەڕێز بارزانی بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان بە تەنها نەبوو، سەرکردەی چەند حیزبێک و کەسانێکی تر ڕۆڵێکی خراپیان بینی لە هاندان و دواکەوتنی. ئەوانیش پێویستە بەرپرسیارێتیی ئەم شکستە لە ئەستۆ بگرن.
نابێت کۆمەڵگای کوردستان بەرەو شەڕێکی تری ناوخۆیی و پەرتکردن ببرێت، یەکپارچەیی خاک و گەلی کوردستان، هێڵی سورە و دەبێت پارەزراو بێت. لێرەوە بانگی هەمو ئه و هێز و گروپ و کەسایەتی و هاونیشتیمانیانە ئەکەم کە بڕوایان بە سیستمێکی دامەزراوەیی و دیموکرات و مەدەنی و شەفاف و خەڵک سالار و گەلپەسەند هەیە وەک بەدیلی ئەم دەسەڵاتە شکستخواردوە، ئەوا هەموان لە دەوری پڕۆژەیەکی نیشتیمانیی ئینتیقالی کۆببینەوە و لە ڕێی حکومەتێکی ڕاگوزەر گەلەکەمان بگەیەنینە کەناری ئارامی و سەقامگیر. پێویستە بە زوترین کات لە ڕێی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردەوە، سەرکردایەتیەکی نوێ هەڵبژێردرێت و، لەڕێی دانوستانەوە کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێن.
ئەم نسکۆیە دەبێت سەرەتایەکی نوێ بێت بۆ شێوازێکی نوێ لە حکومڕانی، لە سیستەمی سیاسی کوردستان.
لە کۆتایی دا دەمەوێت بە بۆنەی گیان لەدەستدانی برای ئازیزم د. شوان قەڵادزەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، پرسە سەرەخۆشی ئاڕاستەی خۆمان و بنەماڵەکەی سەرکردایەتیی بزوتنەوەی ئیسلامی بکەم.
د. شوان نمونەی پەرلەمانتاری چالاک و گەلدۆست و دڵسۆز و فیداکار بو. بۆ من وەک برا و هاوڕێ و هاوکار بو.
زۆر بە داخەوە بۆ گیان لە دەستدانی.
خوای گەورە گەلی کوردستان بپارێزێت
د. #یوسف محەمەد# سادق
سەرۆکی #پەرلەمانی کوردستان#
17-10-2017