دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
بەهۆی بارگرژییەکان و دروستبوونی شەڕ لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ماوەی 14 ساڵدا یەک ملیۆن و 200 هەزار هاووڵاتی مەسیحی و کریستیان بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە، قەشەیەکی مەسیحیش ڕایدەگەیەنێت، ئەمساڵ لە ترسی چەکدارانی #حەشدی شەعبی# کرستیانەکانی دەشتی #نەینەوا# ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووە.
ئەسعەد حەتونا، قەشەی کەنیسەی مارگورگیس لە دەشتی نەینەوا بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، بەهۆی ناسەقامگیری ڕەوشی ئەمنی و بارگرژییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و شەڕی داعش و گروپە تیرۆرستییەکان لە 2003وە تاوەکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار هاووڵاتی مەسیحی و کریستیان ماڵوحاڵی خۆیان جێهیشتووە و بەره و وڵاتانی ئەوروپا کۆچیان کردووە.
وتیشی کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا ئەمساڵ لە ترسی هەڕەشەکانی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان زۆربەیان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.
لەبارەی دواین ژمارەی ئه و هاووڵاتییە مەسیحییانەی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ماون وەحیدە یاقۆ، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لیستی گردبوونەوەی گەلی کلدانی سریانی ئاشووری بە دواڕۆژی وت لە ئێستادا ژمارەی سەرجەم مەسیحییەکان لە هەرێم و عێراق 300 هەزار کەسە کە پێشتر ملیۆنێک و نزیکەی 500 هەزار کەس بوو.
ئه و پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاند، ئه و کاتەی داعش شوێنەکانی مەسیحینشینی داگیرکرد و دواتر پێشمەرگە ئازادی کردەوە بەشێک له و مەسیحییانە ڕۆیشتنەوە شوێنەکانی خۆیان، بەڵام بەهۆی هاتنی هێزە عێراقی و حەشدی شەعبییەوە جارێکی تر هاووڵاتیانی مەسیحی و کریستیانەکان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوونەوە و هەندێکیشیان بەره و دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە.[1]
01-11-2017
ئەڤ بابەت ب زمانا (کوردیی ناوەڕاست) هاتیە نڤیساندن، کلیک ل ئایکۆنا
بکە ژ بو ڤەکرنا ڤی بابەتی ب ڤی زمانا کو پی هاتیە نڤیساندن!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئەڤ بابەتە 5,077 جار هاتیە دیتن
ڕایا خو دەربارەی ڤی بابەی بنڤێسە!