دواڕۆژ، #ئاوارە حەمید#
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان ئاماری ساڵی 2017ی ڕاگەیاند و بە پێی ئامارەکە نزیکەی هەشت هەزار هاووڵاتی بونەتە قوربانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ.
ئەسعەد کەریم، بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا تایبەت بە ئاماری ساڵی 2017، بەپێی ئامارەکە چوار هەزار و 410 ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویانداوە و کە تیایدا حەوت هەزار و 249 کەس برینداربوون و 689 دیکەش گیانیان لەدەستداوە کە هۆکاری سەرەکی خێرا لێخوڕین بوە.
باسی لەوەشکرد کە لە ساڵی 2017دا نزیکەی دوو سەد و حەفتا ملیار دینار داهاتیان هەبوە و هەروەها حەفتا و هەشت هەزار و 775 ئۆتۆمبێل تۆمارکراون.
وتیشی کۆی گشتی ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 469 هەزار و 887 ئۆتۆمبێلە، جگە لە ئۆتۆمبێلی سەربازی.
لە بەشێکی تری کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتیشی شەست و نۆ هەزار و 97 مۆڵەت دراوە کە دوانزە هەزار و 482 یان بە ئافرەتان دراون.
هەروەها کۆی گشتی مۆڵەت لە هەرێم ملیۆنێک و 647 هەزار و 283 مۆڵەتە.
لەکۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا باسی لەوەشکرد کە سەرپێچییەکان زیادیانکردوە لە 2017دا یەک ملیۆن و 498 هەزار و 155 سەرپێچی تۆمارکراون بەمەش ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی پار 179 هەزار و 928 سەرپێچی زیادیان کردوە.[1]
#08-01-2018#