ناونیشانی پەرتووک: کاتێ کە من تۆم خۆش ئەوێ
ژیان و شیعری نزار قەببانی
هەڵبژاردن و وەرگێڕانی: #ئازاد بەرزنجی#
ساڵی چاپ: 2018
کتێبی کاتێ کە من تۆم خۆشئەوێ
ژیان و شیعری نزار قەببانی هەڵبژاردن و وەرگێڕانی:ئازاد بەرزنجی
ئەم کتێبە هەڵبژاردەیەکە لە شیعرە سیاسی و عاشقانەکانی شاعیر.
لەو قەسیدانەی لەم کتێبەدا هەن:بەلقیس، نامەیەک لەژێر ئاوەوە، گرێی باران، ژنە قاوەگرەوەکە، بایۆگرافیی شمشێروەشێنێکی عەرەب، پێنج نامە بۆ دایکم، دەسنوێژگرتن بە ئاوی عیشق و یاسەمین و گەلێ شیعری تر...
چەند کۆپلەشیعرێک لە کتێبەکەوە:
کوڕەکەم دێ و
لەسەر چرپاکە لامەوە دائەنیشێ
داوائەکا.. شیعرێکی خۆمی بۆ بڵێم
فرمێسکێ لە چاوم ئەڕژێ و
ئەکەوێتە سەر سەرینەکە
سەرینەکە هەڵئەگرێت و
بەسەرسوڕمانەوە ئەڵێ:
بەڵام بابە
ئەمە دڵۆپی فرمێسکە
شیعر نییە
ئەڵێم: کوڕم
کاتێ کە تۆ گەورە ئەبی و
شیعرەکان ئەخوێنیتەوە
جا تێئەگەی
پەیڤ و فرمێسک دەستەخوشکن
شیعریش خۆی هەر فرمێسکێکە و
لە بەینی پەنجەکانەوە دێتە دەرێ
کوڕەکەم قوتووی ڕەنگەکانی و
قەڵەمەکان
لەبەردەمی منا دائەنێ
داوائەکا: وێنەی نیشتیمانی بۆ بکەم
فڵچەکەم بۆ ڕاناگیرێ
ئەکەومە سەر زەوییەکە و
دەست بە قوڵپی گریان ئەکەم.
------------------------------------
خۆشەویستیت فێری کردم
وەکو مناڵ ڕەفتار بکەم
بە تەباشیر
وێنەت لەسەر دیوارەکان دروست بکەم
لەسەر بایەوانی بەلەمی ماسیگرەکان
لەسەر زەنگەکان
خاچەکان
خۆشەویستیت فێری کردم
چۆن عەشق ئەگۆڕێ نەخشەی زەمان
خۆشەویستیت فێری کردم
کاتێ کە من عاشق ئەبم
زەوی ئەوەستێ لە سووڕان
خۆشەویستیت شتی وەهای فێری من کرد
نە ئەبوون بە میوانی زەین و نە بە هیی گیان
حیکایەتی مناڵانم ئەخوێنەوە و
ئەچووم بۆ کۆشکی پاشای جنۆکان
خەونم بەوەوە ئەبینی
شووم پێ بکا کچی سوڵتان
ئەو دوو چاوەی سافترن لە ئاوی هەموو بەندەرەکان
ئەو لێوانەی کە ئاڵترن.. لە گوڵی دارهەنارەکان
خەونم بینی و لە خەونما
وەکو سوارچاکێ ئەمڕفان
لە خەونما چەشنەها دیاریم ئەدایێ
گەردانەی مرواری و مەرجان
خۆشەویستیت وڕێنەی فێری من کرد و
تێی گەیانم چۆن ساڵانی تەمەن ئەڕوا و
هەرگیز نایەت کچی سوڵتان
خۆشەویستیت فێری کردم
چۆن لە هەموو شتەکانا خۆشمبوێی
لە دارودرەختی ڕووتا
لە گەڵای زەرد و وشکهەڵاتوودا
لە باوبۆرانا
لە کافێکانا
پێکەوە قاوەی ڕەشی تیا نۆش کەین
لە ئێوارانا
خۆشەویستیت فێری کردم
پەنا بۆ ئەو ئوتێلانە بەرم کە بێناون
پەنا بۆ ئەو کەنیسانە بەرم کە بێناون
پەنا بۆ ئەو قاوەخانانە بەرم کە بێناون
خۆشەویستیت فێری کردم
شەو چۆن خەمی غەریبان گەورەتر ئەکا
فێری کردم.. چۆن شاری بەیرووت ببینم
ژنێ.. سەرتاپا کەمەندکێش
ژنێ.. هەموو ئێوارانێ
جوانترین جلی ئەپۆشێ
عەتر لە سینەی خۆی ئەدا
بۆ دەریاوان و شازادەکان
خۆشەویستیت فێری کردم
کە چۆن بەبێ فرمێسک بگریم
فێری کردم چۆنچۆنی خەم
وەک کوڕیژگەیەکی بێ پێ
لەنێوانڕەوشە و حەمرادا
خەو لە چاوانی ئەکەوێ
خۆشەویستیت فێری کردم
کە غەمگین بم
منیش چەندەها سەدەیە
پێویستیم بە ژنێ هەیە
غەمگینم کا
پێویستیم بە ژنێ هەیە
وەک چۆلەکە.. لە ئامێزیا
بەکوڵ بگریم
بە ژنێ وەک
وردەشووشەی بلوورێکی تێکشکاو
کۆم بکاتەوە