فەهد گردەوانی
ستۆکهۆڵم
نازانم کەی ئەو پەیڤانە لەدایک بووە
رەنگی باران
بۆسەروەر و بەیان
وەکو ئێوەرەنگی
بارانم خۆش دەوێ
ئەگەر پایز
رەشماڵی خۆی
لەتۆپکی چیا دانەبەستێ
هەر گەڵای دار بوو
گەردەلوولی دروست دەکرد و
خۆی لەقەدی تۆ دا
دەدۆزیەوە.
نەمدەزانی تۆ
دەبێ قەدت ئەوەندەگەورەبێ
هەتا گەردەلوولەبخنکێنی
ئەوەئێستا دەزانم
قەدی خۆت و
قەدی بەیانت تێکئاڵاند بوو
بەدوکەڵی جگەرە
لەیەکترت پێچابوونەوە
لەوێ دوکەڵی ژوورەکەتم
خوێندەوە.
ئەو کاتەی دەرگا دۆزرایەوە
حەزم دەکرد پەنجەرەکان ڕەنگدار بکەم
سەرما نازەکانی خۆی بەمنی هەژار دەفرۆشی و
خۆی لەگەردەن و چاو و لووتم
دەسوێ
سەروەر...!
ئێرەو ئەوێ دەیانەوێ بەسەرما بمخنکێنن
لە بیرتە ڕقم لە سەرمای
هەولێریش بوو
ئێرە تاریکایی دەیەوێ
بمخنکێنی،
ئەوەهاتی، ناسنامەکەت
یا پاسەپۆرتت
وێنەی خۆتی پێوەیە
یا وێنەی شەهیدێکی
لەبیر کراو.
یا نووسەرێکی سوڕیالی
فەقیری داماوی سەر شۆستەی
لە بیرکراو.
کەی دەکرێتەوە
دەرگای سنوور
بۆ ڕیز گرتن
لەشەهیدی لەبیر کراو
کەی یانەی فەرمانبەران
دەبێتە بارەگای نووسەرانی
هەژار و زەحمتکێش و چەوساوەکان.
ئەدرێسەکەت ڕابگەینی یا نا
دەتدۆزمەوە
وەکو مەرجانی ژێر دەریا
وەکو حەمەشێت و ئاسنەکانی،
دەپێم بڵێ کەی
حەمەشێت ئاسنەکانی ناناسێتەوە.
بەرخۆکەو شیوی زەماوەندی بوکێ
کوا کەی زەماوەندی هەولێرەکەم
بەبێ بەرخۆکەخواردنی تیادا خوراوە
نووسەران و گازینۆی مەچکۆ
کامەگەنج خوێندەوار بوو
یا بە ڕۆشەنبیرمان دەزانی
ئەگەر ڕۆژانەسەری لەمەچکۆ
نەدابایەو لەگەڵ تەحسین دۆست نەبایە
یا دوو پێکەنینی نیشانی میوانان نەدابایە
من و تۆ و کتێبخانەی گشتی شارەکەم
کوا ئەو نووسەرانەی
چیرۆکەکانیان لە باوەش دەگرت.
ئەوانەی تر لەژێر زەوی
بەکتێبان هەڵدەگەڕان و
یەکەیەکەشیعرەکانیان ماچ دەکرد و
ڕۆمانی وەرگێردراویان دەخوێندەوە.
ئەو کاتەلەتەمەنیش
لەرامبۆ(20/10/1854 10/11/1891)
بچوکتر بووین
دوستویڤسکی (11/11/1821 9/2/1881) مان
لە جیاتی قورئان خەتم دەکرد
ڕیشمان نەبوو
ئەگەرنا وەکی
تۆڵستۆی (9/9/1828 20/11/1910)
ڕیشمان دادەنا.
ئەدرێسەکەت
لەدڵم دا هەڵکێنراوە
ئەی شارەکەم
هەولێرەکەم
دایکی قەڵا و منارەکەم
ئەو جووتەکۆترە
لەکوێ خۆیان لەمنی ئاوارەشاردۆتەوە
کام شەقام ئازارت دەدات
ناوی چی یەئەو گەرەکەی یەک کەس
دەستی بەسەر داگرتووەو
شەوانەدڵت کون کون دەکات
ناویان چی یەئەو کەسانەی
ئازارت دەدەن،
لێ ناگەڕێن بەتەنها بن
شۆستاکان لەژێر قاچی
هەژاراندا بۆ داخراوە!
تۆ گۆڕاوی یا بەیان گۆڕاوە
سلێمانی ڕادەپەڕی
یا کەرکووک ئاگری گرتووە
گوللەدڵی کێ کون دەکات
لەکوێ ئەو دەستەگەردەنتان ماچ دەکات
هەر پایزەجارێکی تر دەست لەملی
تۆ دەکاتەوەو
گەردەلوولەشۆستەکانت
پاک دەکاتەوە...هەولێرەکەم
دەپێم بڵێ ئەو دوو عاشقە
لەکوێ خۆیان شاردۆتەوە
دەگەڕێنەوەیان من دەگەمەلایان
ئەوکاتەی تۆم ناسی
لەخۆشیان قاچت دەلەرزی و
دەتگووت ئەو نووسینەم بۆ ڕاست کەوە
باسی ژیانی ئێوەدەکا
کۆمونیست بوون یان سوسیالیست بوون
زوو منیش ووردم دەکردەوە
شەهید غەفار جەمال دەیگووت
سارتەر مەخوێنەوە
مەکسیم گورکی (20/3/1868 18/6/1936)
تەواوە
تۆش بە هێمنی پێدەکەنی
هەر کە لێمان جیادەبۆوە
دەیان پرسیارت دەکرد
ئەوە بڕیاری حزبە
یا ئەو کادیرە نەخوێندەوارە.
بۆ تۆ، گەرووم پڵینگەکانی شاری
لەخەو ڕادەپەڕاند
من نەمزانی خەون دەبینم
نەتۆ لەخەو ڕابووی
نەبەیانیش هەواڵی گەیاند
لەشار ڕەنجاو بوون، بۆ لەبەغدا بەبێ ئازار
دوا ئەدرێست ڕاگەیاند.
کامەشەقام هەڵتان دەگری
کوا ئەو میوانخانەیەی سەرینی خۆی بۆ ڕاخستن
کەوتۆتە کەرخ یان ڕەسافە [الکرخ / الرصافه]
سەروەر گیان
دەمزانی بەغدا ئەژدیهایە
قووتت دەدا
حسین مەردانی خستە سەر شەقام و
لە سەر شۆستەکان دەخەوت
خەڵک گاڵتەیان بە عارەق خۆر دەکرد
لێرەش هەموو عەرەق خۆرن
کەس گاڵتە بە کەس ناکات.
بەغدا دێوە دێو
دەمزانی وونت دەکات
یا زیلی عەسکری پانتدەکاتەوە
لە ڕۆمانی بەغدا داگیر کرا
یان کێ بەغدای داگیرکرد
باسی باڕەکانی [مەیخانە] ئەبونەواس
حەمرا و خەزرا و سەفرا م کردووە
ئێمە لە حەمرا لەبەر گلۆپە سوورەکان
خۆمان تێر فەریدە و شەهەرەزاد دەکرد
هەنووکەش نەمزانی
خاوەنەکانیان کێ بوون
رەنگە خاوەنی حەمرا کۆنەپەرستێکی سەگباب بێ
رەنگە خاوەنی خەزرا ئیماندارێکی سەگباب بێ
رەنگە خاوەنی سەفرا نەخۆشێکی سەگباب بێ
ئەوە بەغدا یە بەغدا
کێ خۆی لێدەرباز دەکا
لەو بەغدایە خالد شەیدا
بە کوردی پەتی قسەی دەکرد
دەڵێی فوتوکپی عومەر پەتی خۆمانە
لە بیرتە پێ دەکەنین
هەردووکیان وشەی عارەبیان بەکار نەدەهینا
ئێمە باسی خەباتی چینایەتیمان دەکرد
ئەوان مەسەلەی نەتەوایەتی
بەغدا بۆ ئێمە قوتابخانەی ڕۆشەنبیری بوو
کتێبخانەی ژیانمان بوو.
من دەمەوێ یەکەیەکە
داستانەکان بگێرمەوە
لەشەقامی گەورەی شێستی
هەتا سەیداوەو سێتاقان
تا دەگاتە
لای باڕەکەی قەسری شیمال و ئیسکان
یەکەیەکەباسی نووسین
جا تۆ چیرۆک
منیش شیعر و جار جارەش میعر
عەباس عەبدوڵڵا یوسف پێ دەکەنی
بۆ ئێمە چرا بوو
فەرەەنگی ناوی نووسەران بوو
مەوجود سامان نەمزانی ئەو کاتانە
لۆ بودلێری (9/4/1821 31/8/1867) شاعیری
لەباوەش بوو
سمەی خۆمان لە هەمووان زۆربڵێ تر بوو
دەیگوت شێخین کەچی عارەق خۆر بوو.
لەوێ لەبەغدا داوای ناسنامەیەکم دەکرد
هەتا لەشەقامە قەڵەباڵغەکانی
سەعدون و جومەوری و ڕەشید
وون نەبم
گوتیان ناسنامەی تۆ
وا لەژێر باڵی کێشکە
خۆی شاردۆتەوە
هەڵم دەگری
لەبەردەم چایخانەی پەرلەمان
ئەدرێسەکەم دادەنێ و
خۆ لەکەس ناگەینم
ەهموو دەپرسن
ئەو گەنجەکێ یە
وا خۆی دەخواتەوەو هیچ دەنگ ناکات،
قوتابیانی هەولێرەکەم،
ئەوانەی دەیناسنەوە،
لەبن لێویان بەهێمنی دەڵێن
ئەوەسەروەرە،
چاوەڕوانی بەیان دەکات،
هەتا دەگاتەئێرە،
هەر ئاوا کڕهو قسەلەگەڵ کەس ناکات....ا
سەروەر ئەو عیشقە پاکە
عیشقی کێ یە
عیشقی ڕومیو و ژوڵێتی شکسپیرە
یا عیشقی فەرهاد و شیرینە.
خالد شەیدای برادەرم
بە تەلیفون داستانی ژیانی
بەیانی بۆ گێڕامەوە
پێش ئەو داستانە و وون بوونتان
سامیای خوشکم
رۆژی 17/2/1986
نازانم لەهەولێر یا لەبەغدا
(دخان الغرفه)ی بۆ ڕەوانەکردم
سێ چیرۆک
لەناو ئەو کتێبەخۆی شاردۆتەوە،
سەدانیش لە دڵی تۆ
دوو ئەوەندەش لە دڵی گەنجەکان
هەزار خۆزگەش لە دڵی بەیان
چاک دەزانم
سەدان و ەهزاران چیرۆکی تۆ
وا لەئاسماند ا بەئازادی دەسوڕێتەوە
ئەوانە ڕووناکیان بینی
هەنووکە دەخوێندرێنەوە
هاجس (1980 1982)
موت ڕجل (1983)
حلم یقظه (1983)
ئەدرێسەکانی تۆ بوون
ناسنامەی نووسینی گەنجێکی
شارەکەم بوون
کتێبەکە
لەوکاتیەوەهەتا ئەمڕۆ
بۆنی جگەرەکانی تۆی پێوەیە
بۆنی جگەرەی سۆمەر و بەغدای شین و
جارجارەش دیمۆڕۆ
بۆنی تووتنەکانی لای باغی شار
سەروەر ببوورەلەخەوم کردی
بەیان ببوورە
شەوتان خۆش
ئەوە دوا نامەی منە
بۆنی هەناسەتان دەکەم
بیری سەردار و نەجات و هاوڕێ یان دەکەم
شەوتان خۆش
منیش تازە
خەون دەبینم و خەیاڵات دەکەم
بەڵکو لە ڕووبارێک یا ووڵاتێک
دوا نامەی تۆم بۆ بێت و
روحی دایکت شاد بکەم
ڕەنگە ئەوە دوا چیرۆکی ژیان نەبێت
ئەوانەی دەنووسن، دەبێ چەند بە ئازار بن،
بنوو هاوڕێ یەکەم
شەوتان خۆش