گۆرانیوێژ، بەندبێژ و نوکتەزانی #مەریوان#ی: فایەق ئیزەدی، کوڕی حاجی مەلا عەبدوڵڵای بادەڵان، ناسراو بە (حەمە مەلا) ساڵی 1332 ه.-1953 ز. لە گوندی میراوای مەریوان چاوی بە ژیان هەڵهێناوە.
بنەماڵەکەیان لە بنەڕەتدا خەڵکی ئاوایی ولەژێری مەریوانن. باوکی مەلا بووە و بەم هۆیەوە لە دێهاتەکانی مەریوان و #پێنجوێن#دا کۆچاوکۆچی زۆریان کردووە.
کاک محەمەد لەسەر دەستی باوکی دەستی کردووە بە خوێندنی پەرتووکە سەرەتاییە دینییەکان و زۆر زوو بووە بە هۆگری ئەدەبیات و خووی داوەتە شیعر وتن. مەلا عەبدوڵڵای باوکیشی شاعیر بووە و ڕێنموونی باشی کردووە لە نووسینی شیعر و سەروا و کێش و وەزنە شیعرییەکاندا.
لە تەمەنی 16 ساڵیدا و بە گۆرانی وتن لە جەژنی 11ی ئازاری 1970ز.-1348ه. لە شاری پێنجوێن، ژیانی هونەریی دەستپێدەکات و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا لە ناوچەی شلێر و خاومیراوادا ناوبانگ دەردەکات و بەردەنگی خۆی پەیدائەکات. بە پێی باوی ئەو سەردەمە شایەرشادیگێڕ-ەکان لە شادییەکاندا، شەڕە بەند و مونافەسەیان کردووە [ململانێ و زۆرانبازی لە وتنی گۆرانیدا] حەمە مەلای لاویش لەو ململانێیانەدا هەموو گۆرانیوێژەکانی ناوچەکەی بەزاندووە و خەڵک و هونەرمەندانی ناوچە، توانایی و بلیمەتی ئەویان بۆ سەلماوە.
شیعری زۆربەی هەرە زۆری گۆرانییەکانی، خۆی هۆنیونییەوە. لەگەڵ زۆربەی گۆرانیوێژەکانی سەردەمی خۆیدا گۆرانی وتووە و ئاهەنگ یان ئالبۆمی هاوبەشیان هەیە.
لایەنێکی تری ناوبانگی حەمە مەلا؛ قسەی نەستەق و نوکتەی خۆش و مەتەڵ و چیرۆکە شیعرە فوکاهیەکانییە کە لە دووتوێی گۆرانییە مەجلیسییەکانییدا ئەیهۆندنەوە، وەک: هەنگ بڕین، ڕێوییەڕاو، کەروێشکەڕاو، سەنگ کولیەی بزن، زەماوەندی بزن، ڕێواس، کیسەڵ و...
ساڵی 1356ه.-1977ز. هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی 5 منداڵە. زۆربەی کات شۆفیریی کردووە، ماوەی ساڵ و نیوێکیش مەلای گوندی چنارە لە ناوچەی سەرشیو بووە، لەوێ و بەهۆی وەرگەڕانی ماشینەکەی لە ساڵی 1368ه.-1989ز. و بەتوندی بریندار بوونی؛ توانایی کارکردنی نەمابوو و لەو کاتەوە زۆر بە چەرمەسەری ژیانی دەرباز کرد.
ساڵانێکی زۆر ماڵی لە گوندی ولەژێردا بوو، بەڵام دوو ساڵی کۆتایی تەمەنی لە گوندی پیرسەفا لە ڕیزەدێی بەری بەگزادە-بەری زرێباری مەریواندا بەسەربرد. سەرەڕای هەژاری و نەداری، چەند نەخۆشینێک و بەتایبەت هیپاتیت c تەنگیان پێهەڵچنیبوو.
سەرەنجام دوای نیو سەدە خزمەت بە گۆرانی فۆلکلۆری کوردی، نیوەشەوی 25 لەسەر 26ی گوڵانی 1395ه. #2016-05-14#ز. دڵە گەورەکەی ئەم هونەرمەندە شۆخە لە لێدان کەوت و لە ئاپۆرەی لایەنگرانی دەنگیدا لە گۆڕستانی گشتیی شاری مەریوان [داسێران] بە خاکی دایک سپێردرا.[1]