#دیار سۆفی#
برینێکم بەڕوومەتی زەوییەوە بەرهەمێکی نوێی دیار سۆفییە چەند دەقێکی شیعری و پۆستەرە شیعری لە خۆگرتووە لە دوو توێی 130 لاپەڕەدا.
کاری دیزاینی بەرگ و ناوەرۆکی لەلایەن محەممەد زاری و مۆنتیڤەکانیشی لەلایەن گوڵان جەمالەوە بۆ کراوە، بە شێوازێکی جوان و بە تیراژی 500 دانە لە چاپخانەی کارۆ چاپکراوە لە کتێبخانەکاندا دەستدەکەوێت.
تەم بووین
بوین بە دوو دڵۆپە ئاو
تێکەڵ بووین و
بەسەر گۆنای پەنجەرەدا هڵخلیسکاین
دەستت لە دەستم ترازاو
بۆ هەمیشە لێکدابڕاین
سەرت لە ڕێزمان تێکداوە
جاران تۆ بوویت
ئێستا ئەو !
بەنێو ژیاندا ڕامانکرد
تەمەنمان لە ڕۆژەکاندا لێکەوت
کەسانێک بووین
تینوێتیمان لەسەرابی ئومێدەکاندا نەشکا
وەک حەقیقەت، بووین بەهەزار پارچەی جودا و
هەر یەکەمان ئەویترمان لێ بەجێما.
گۆزەی سەر ڕێگای ژیان بووین
هەموو ڕۆژێک
پڕ دەکراین لە دڵتەنگی
لەدەستی قەدەر خزاین و
بۆ ئەبەد نەهاتینەوە.