- خۆی پرسیارەکە ئەوەنیە: ئەو پەرلەمانتارە کوردانە بۆ فشار لە هەرێم ئەکەن؟
پرسیارەکە ئەوەیە: قیادەی هەرێم بۆچی بەڵێنی ناردنی ئەونە هەزار بەرمیل ئەداو ناشینێرێ؟؟
(بەڵام پارتی پرسیارەکەی لێگۆڕیویت)!
لێرەدا ئیتر تۆ پێویستت بە خستنەگەڕی عەقڵی دووەمە، چونکە حیزب و ڕاگەیاندن و ڕق و ئایدۆلۆژیا.. هەمیشە عەقڵی یەکەمت لە پرسیارکی پێویستەوە ئەبات بۆ لای پرسیارێکی تر!
- لەڕاستیدا هیچ مرۆڤێک بە (عەقڵی یەکەم) عاقڵ نیە، چونکە عەقڵی یەکەم ئەوەنیە کە کارئەکات، ئەوەیە کە کاردانەوە ئەکات! عەقڵی یەکەم ئەوەنیە کە هی تۆبێ لەناو جەمعا، ئەوەیە کە عەقڵی جەمعە لەناو تۆدا! عەقڵی یەکەم ئەوەنیە کە بیری پێئەکەیتەوە، ئەوەیە کە لەسەری ڕاهاتوویت! عەقڵی یەکەم ئەوەنیە کە هەڵسەنگاندن و ئەنجامگیریی پێئەکەیت، ئەوەیە کە حەزی خۆت و ئەوانیتری پێ ڕازیی ئەکەیت!
مەسەلەن تۆ چونکە پارتیت، هەمیشە پێتوایە خەتای ئەوانیترەو عەقڵی یەکەم وات پێئەڵێ، ئەمە بۆ حیزبەکانی تریش وایە.. لەکاتێکا ئەگەر بیرێک بکەیتەوەو سلفێ لە عەقڵی دووەمت بدەی، ئەبینی کێشەی نەوت لە تەرەفی کوردەوە خەتای مەسعودو نێچیرە نەک فڵان و فیسار پەرلەمانتار!
- هەڵوێستی ئەو چەن پەرلەمانتارە نە خیانەتە نە پاڵەوانێتی، ئەوان نە جاشن نە پاڵەوان، ئەوە ئێمەین دنیا ڕەش و سپی ئەبینین!
ئەوان کاری خۆیان ئەکەن و بە دیدی خۆیان باشئەکەن، تۆش ئەتوانی خوێندنەوەی خۆت بۆ کارەکەیان بکەیت.
کارەکەی ئەوان وەک هەرشتێکی تر خوێندنەوەی جیاواز هەڵئەگرێ، خوێندنەوەکانیش بە چاوی سێیەم ئەکرێن، چونکە چاوی یەکەم و دووەم بەس هی (سەح و زەڕب)لێدانی شتەکانەو هی (خوێندنەوە) نیە!
بینینی ئەوان وەکو (جاش یان پاڵەوان) یەعنی تۆ کوێریت و ئەوانت نەبینیوە، چونکە بینین لەدوای ڕەش و سپی و فریشتەو شەیتانەوە دەستپێئەکات.
- تۆ کە پارتیت و #پەکەکە# بە جاش ئەزانیت، ئەمە دیدی تۆ نیە بۆ پەکەکە، ئەمە دیدی پارتییە بۆ پەکەکەو بەناو تۆدا ڕۆشتووە.. (ئەمە تەنیا نمونەیەکەو حیزبییەکان بەگشتی وان)!
لێرەدا بیری تۆ تەنیا ڕاڕەوێکە کەرەستەی ئەوانیتری پێدا ئەڕوات، نەک ئەوەی مەیدانێک بێت بۆ بیرکردنەوەو بەرهەمهێنانی کەرەستەی خۆت!
کاری ڕاستەقینەی حیزب و ڕاگەیاندن و ئایدۆلۆژیاش هەر ئەوەیە کە تۆ تەنیا ڕاڕەوبیت، کاری ڕاستەقینەی تۆش هەرئەوەیە کە بە دۆخی ڕاڕەویی ڕازی نەبیت!
لەو شەڕەشدا ئەوان پێویستیان بە عەقڵی یەکەم و چاوی یەک و دووی تۆیە، تۆش پێویستت بە عەقڵی دووەم و چاوی سێیەمی خۆتە!
- ئەوەی کە تیشکی لەسەرەو زەقکراوەتەوە (ئەگەر بڕێک حەقیقەتیشی تێدابێت) هەرگیز وەکو حەقیقەت وەری مەگرەو تەسلیمی مەبە، چونکە ئەو شتانە لەبەرئەوە تیشکیان نەخراوەتەسەر کە (حەقیقەتن)، بەڵکو بەرژەوەندی و ململانێکان وایان خواستووە کە تیشکیان لەسەربێت!
تیشکی بەرژەوەندی و ململانێکانیش لە پیشاندان و ڕۆشنکردنەوەی گۆشەیەک، مەبەستی پیشاندانی حەقیقەتێک نیە، بەڵکو مەبەستی تاریکاندن و شاردنەوەی گۆشەکانی ترە، حەقیقەتی شتێکیش لە هەموو گۆشەکانی پێکهاتووە!
- (تیشکی فریو) یان تیشکی بەرژەوەندی و ململانێکان، ئەوەیە کە لە دەرەوەی تۆوە ئاڕاستەی شتەکان ئەکرێ، تۆش بە (عەقڵی یەکەم و بە چاوی یەک و دوو) تەنیا تەماشاچی وێنەیەکیت کە بۆت دروستکراوە.
(تیشکی حەقیقەت) ئەوەیە کە لە عەقڵی دووەمی تۆوە دەرئەچێ و ئاڕاستەی شتەکان ئەکرێ، ئیتر بە چاوی سێیەمیش ئەو وێنەیە ئەبینیت کە (هەیە) نەک ئەوەی کە دروستکراوە.
- هونەرمەندی ئێمەش (مەبەستم هونەری ڕاستەقینەو ڕەسەنە، نەک هونەری کۆپی و سلیکۆن، چونکە ئەمانە بەدبەخت نین، بەڵکو لە چینە زۆر بەختەوەرو موستەفیدەکەی دۆخی فەسادن).. بەدبەختییەکەیان ئەوەیە کە لە دۆخێکدا دێن و ئەڕۆن و ئەژین و ئەمرن، کە چاوی سێیەم و عەقڵی دووەمی ئێمە(دەسەڵات و خەڵک) کوێرەو هونەری ڕاستەقینەش سەربەو شوێنەیەو بەر ئەو شوێنە ئەکەوێ! ئیتر ئەوان بێکەسن و ئێمە خاوەندارییان لێناکەین، چونکە ئەو عەقڵ و چاوەمان نەکراوەتە کە هونەرو شتە باڵاکان ئەبینێ و ئەفامێ.
ئینجا ئەی یاری نازدار دەردو لە من
ئەی سابوری بێناز ماڵئاوا[1].