شارەزایەکی بواری هاتوچۆ دەڵێت زیانی ئابووریی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان ساڵانە لە 20 ملیۆن دۆلار تێپەڕ دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت پلانیان هەیە بۆ کەمکردنەوەی زیانە گیانی و ماددییەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ.
بەپێی ئامارەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، لە سێ ساڵ و شەش مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 15 هەزار ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویانداوە (7,846 ڕووداو لە دەرەوەی شار و 7,206 ڕووداویش لە ناوشار).
زیانە گیانییەکانی ئەو ڕووداوانە مردنی 2,419 کەس و برینداربوونی 26,141 کەس بووە. زیانە ماددییەکانیشی تێکچوون و لێدرانی زیاتر لە 35 هەزار ئۆتۆمبێل بووە.
مەریوان عەزیز، ڕاهێنەری پێشکەوتوو و جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی هێڵی سوور بۆ هۆشیاریی هاتوچۆ پێیوایە ڕووداوەکانی هاتوچۆ زۆر لەوە پترن، چونکە هەموو ڕووداوەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگاکان تۆمار ناکرێن. ئەویش بەهۆی نەبوونی کۆمپانیای دڵنیایی لە کوردستان.
مەریوان عەزیز دەڵێت بەهۆی جەنجاڵیی شەقامەکان زۆرترین ڕووداوی هاتوچۆ لەنێو شارەکان ڕوودەدەن، بەڵام بەهۆی خێرایی کەمی لێخورین زیانی گیانی و ماددیی پێکدادانەکان بە بەراورد بە ڕووداوەکانی دەرەوە کەمترە، بۆیە زۆرجار ئەگەر مردن و برینداربوونی توندی لێ نەکەوێتەوە، شوفێران لەنێوان خۆیان لەسەر قەرەبووی زیانەکان ڕێکدەکەون و پۆلیسی هاتوچۆ ئاگادار ناکەنەوە، بۆیە لە ئاماری پۆلیسدا تۆمار ناکرێن.
بەپێی هێڵکاری و لێکۆڵینەوەی ئەفسەرانی هاتوچۆ بۆ هۆکاری ڕووداوەکان دەرکەوتووە 59%ی ڕووداوەکان بەهۆی خێرایی لێخوڕین، 8.3% بەهۆی ناتوندوتۆڵیی ئۆتۆمبێلەکان و 32.7%یش بەهۆی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوون بە یاسا و ڕێنماییەکانی هاتوچۆ و خراپیی ڕێگاکانەوەیە.
مەریوان عەزیز دەڵێت بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکان پێویستە هاتوچۆی گشتی گەشەی پێبدرێت و سنوورێک بۆ هاوردنی ئۆتۆمبێل دابنرێت، ڕێگا سەرەکییەکانیش بکرێن بە دوو ئاراستە کە ئێستا تەنیا 11%ی ڕێگاکان دوو ئاراستەن.
بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و دەرخستنی قەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان، دەستەی ئامار ساڵانە ڕاپۆرت لەسەر هۆکار، شێواز، شوێن، کات و ژمارەی ڕووداو و قوربانییەکان ئامادە دەکات، بەڵام ڕاپۆتەکانی ئەم دەستەیە، ئاماری ڕووداوەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین و پارێزگای #هەڵەبجە# و شارۆچکەی #سۆران#ی تێدا نییە.
بەپێی داتاکانی دەستەی ئامار، لە سێ ساڵی ڕابردوودا تەنیا لە سنووری پارێزگاکانی #هەولێر#، #سلێمانی#، #دهۆک# و #گەرمیان# 12,474 ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویانداوە. لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا 1,784 ڕووداو.
راپۆتەکەی دەستەی ئامار داتای وردی لەسەر شێواز و کاتی ڕووداوەکان خستووەتەڕوو، بەجۆرێک لە ماوەی سێ ساڵ و شەش مانگی ڕابردوودا 8,941 ڕووداوی پێکدادان، 2,648 ڕووداوی وەرگەڕان، 2,390 ڕووداوی بەرکەوتن بە مرۆڤ و 520 ڕووداویش بە هۆکاری دیکە ڕوویانداوە.
بەپێی داتاکان 61%ی ڕووداوەکان لەکاتی ڕۆژ و 31.7% ی ڕووداوەکانیش لەکاتی شەو و 7.3 ڕووداوەکانیش لە کاتی ڕۆژهەڵاتن و ڕۆژئاوابوون ڕوویانداوە. زۆرترین ڕووداوەکانیش لە مانگەکانی تەممووز، ئاب و ئەیلوول تۆمارکراون.
تارق زیاد حەمۆ، ڕاهێنەر و سەرپەرشتیاری تیمی کارمەندانی کۆمپانیاکانی PVI بۆ پشکنینی ساڵانەی شیاویی ئۆتۆمبیل، دەڵێ: بۆ دیاریکردنی قەبارەی زیانە ماددییەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، دەبێ ڕووداوەکانی ناوشار و دەرەوەی شار جیابکەینەوە، چونکە ڕووداوەکانی دەرەوەی شار بەهۆی خێرایی لێخوڕین زیانی زیاترە، دواتریش بەها و جۆری ئۆتۆمبێل و شێوەی پێکدادان دیاری بکەین، چونکە تێچووی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکان بەگوێرەی جۆر و نرخی ئۆتۆمبێلەکان و توندی و سووکیی شوێنی بەرکەوتنەکە دەگۆڕێت، زیانە ماددییەکەش دوو جۆرە: بەشێکی بۆ تێچووی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل دەڕوات، بەشێکیشی بۆ دابەزینی بەهای ئۆتۆمبێلەکە دوای پێکدادان.
بە گوتەی تارق، زۆربەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردە دەکرێن لاشە و پلێتەکانیان زۆر تەنک و بێهێزن، بۆیە لەکاتی پێکداداندا زیانی گەورەیان بەردەکەوێت، تەنانەت هەندێکیان بە کەڵکی چاککردنەوەش نایەن، بۆیە دڵنیام ئەگەر کۆمپانیای دڵنیایی هەبووایە، نزیکەی 15%ی ئەو ئۆتۆمبێلانە ڕێگەیان پێنەدەدرا جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر شەقامەکان.
بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی هاتوچۆ، تارق حەمۆ بەباشی دەزانێ هۆشیاری لێخورین و ناسینەوەی هێماکانی هاتوچۆ زیاتر بکرێن و مەرجەکانی بەخشینی مۆڵەتیش توندتر بکرێن.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلان و بەدواداچوون لە #وەزارەتی بازرگانی# و پیشەسازی کە پشتی بە داتای وڵاتانی هەناردەکار بەستووە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بازرگانانی کوردستان بایی 700 ملیۆن دۆلار یەدەگی ئۆتۆمبێلی بچوک و بارهەڵگریان بە هەموو جۆرەکانی هاوردە کردووە، بەشێکی لە هەرێمی کوردستان بەکارهاتوون و بەشێکیشی هەناردەی عێراق کراوە.
تارق زیاد حەمۆ، دەڵێت: لەبەر ئەوەی کوردستان پەیڕەوی سیستەمی بازاڕی ئازاد دەکات، بۆیە هەر بازرگانێک ڕیکلام بۆ باشیی کاڵا یەدەگەکانی دەکات و بەنرخی جیاواز دەیفرۆشێت، ئەمەش تێچووی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی لەکاتی پێکدادان و وەرگەڕان زیاد کردووە.
گوتیشی: بەهۆی ئەوەی زیاتر لە 60%ی ئۆتۆمبێلەکانی هەرێمی کوردستان لە جۆری تازەن و بەشێکیان بەهایان بەرزە و نرخی پارچە یەدەگەکانیشان بەرزە، بۆیە دەتوانین لەهەر پێکدادانێکی هاتوچۆ بەتێکڕا سەرووی 2000 دۆلار تەنیا بۆ تێچووی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکان دیاری بکەین و هەمان بڕیش بۆ دابەزینی بەهای ئۆتۆمبێلەکە دیاری بکەین، بەوپێیە هەر ئۆتۆمبێلێک لەکاتی پێکدادان زیانی 4 هەزار دۆلاری بەردەکەوێت.
مەریوان عەزیز، دەڵێت: لەکاتی هەر پێکدادانێک بەلایەنی کەمی دوو ئۆتۆمبێل یان زیاتر زیانیان بەردەکەوێ، ئەگەر بە تێکڕایی بۆ چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکان تەنیا 2 هەزار دۆلار دیاری بکەین و تەنیا ڕووداوە تۆمارکراوەکانی پێکدادان و وەرگەڕان لە سێ ساڵ و شەش مانگی ڕابردوودا وەربگرین کە 11,585 ڕووداو بووە، ئەوا دەتوانین بڵێین هەرێمی کورستان لە سێ ساڵ و شەش مانگی ڕابردوودا تەنیا بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ 23 ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە، ئەگەر کۆی ڕووداوە تۆمار نەکراوەکانیش بە نمونە وەربگرین، ئەوا زیانەکە بۆ نزیکەی 70 ملیۆن دۆلار بەرز دەبێتەوە کە ساڵانە دەکاتە زیاتر لە 20 ملیۆن دولار.
هاتوچۆ پلانی هەیە
لیوا ڕزگار عەلی، بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، بە (رووداو)ی گوت: بەداتا و ئامار، سەرجەم ڕووداوەکانی هاتوچۆ و هۆکاری ڕووداوکان و زیانە ماددی و گیانییەکانمان لە کۆبوونەوەیەکی فراوان خستە بەردەم وەزیری نوێی ناوخۆ، ئَێستا لە هەوڵی داڕشتنی پلانێکی گشتگیرداین بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکان و زیانە گیانی و ماددییەکان، بەڵام تا داڕشتن و پەسەندکردنی پلانەکە هیچ زانیارییەک لەبارەی ناخەینەڕوو.[1]
#01-10-2019#