لە 22ی نیسانی 1898 دا یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی کوردستان بە دەستپێشخەریی میقداد مەدحەت بەدرخان بڵاوکرایەوە. بەو بۆنەیەوە ڕۆژی 22ی نیسان وەک ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەستنیشانکراوە. لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ کاروانی ڕۆژنامەگەریی کوردیی شانبەشانی خەبات لە پێناو ئازادیی و دیموکراسی و دادی کۆمەڵایەتیدا بەردەوام بووە. ڕۆژنامەی کوردستان لە قۆناغێکدا چاوی هەڵهێنا کە کوردستان لەژێر دەسەلاتی دواکەوتووی عوسمانیدا لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە نوقمی ڕۆژگارێکی تاریک بوو. ئەو ڕوژنامەیە ئەو کاتە دڕی بەو تاریکستانە دا. تا سنوورێکی باش توانی هەواڵەکانی کوردستانی بگەیەنێتە بەرچاوی ناوخۆو دنیا.
ئێستا ئێمە لە سەردەمێکدا ئەژین کە بوارەکانی ڕاگەیاندن لە ڕووی چەندێتیەوە یەکجار فروان و فرە ڕەهەندن. بە ئاسانی ئەگەنە خەڵک. لەبەر ئەوە ڕۆڵ و پێگەی ڕاگەیاندن زۆر کاریگەرترە و زیاتر ئەتوانێ کار لەسەر ئاڕاستەی دیاردە و ڕووداوەکان بکات.
لە کوردستانی ئێستادا، بە دەیان کەناڵی تەلەفزیۆنی ئاسمانیی و ناوخۆیی، بە دەیان ڕادیۆ و بە سەدان گۆڤار و ڕۆژنامە و بە سەدان ماڵپەڕی و هەواڵ هەن. چەندێتییەک کە ئەگەر بە چۆنێتییە کی باڵاتر کار بکات، لە زۆر بواردا بە کردەوە ئەبێتە دەسەڵاتی یەکلاکەرەوە.
هەروەک چۆن دۆخی کوردستان تایبەتە، شەقڵی ڕاگەیاندنەکەشی تایبەتە. ڕاگەیاندنکاری کورد لە لایەکەوە وڵاتەکەی داگیر کراوە. لە لایەکی تریشەوە کۆمەڵگەکەی لە دۆخێکی سیاسی و ئابووریی هەستیاردایە، لە ئاستێکی هۆشیاریی و کلتووری لاوازدایە. لەو شوێنەشدا کە کورد جۆرە ئازادییەکی ڕێژەیی سیاسیی هەیە، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و بێدادیی کۆمەڵایەتی و هەستنەکردن بە بەرپرسێتی نەتەوەیی و مێژوویی، تەنگی بە خەڵک هەڵچنیووە. هەربۆیە ئەرکی ڕاگەیاندنکار، میدیاکاری کورد چەند جەمسەرە.
ئێستا میدیاکاری کورد ناچارە لە لایەکەوە کار لەسەر دۆخی ناوخۆی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردان بکات. لە لایەکی تریشەوە ئەبینێ هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان، ڕۆژانە پیلانی نوێ و نامرۆڤانە لە دژی خەڵکی کوردستان بەگەڕ ئەخەن. سەرەڕای داگیرکاریی و هێرشەکانیان، پیلان بۆ ناکۆکی و شەڕی ناوخۆیی نێوان کوردان دائەڕێژن. وەک ئەوەی ئێستا دەوڵەتی تورکیا ئەیکات. هەربۆیە گرنگە هەموو ڕەهەندەکانی پیشەیی بوون، هاوولاتی بوون و نیشتمانپەروەریی لە کەسێتی میدیاکاری کوردیدا کۆببنەوە. لەو سێکۆچکەیەوە ئەرکی پیرۆزی خۆی بەجێبێنێت.
ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا سڵاوی گەرم بۆ میدیاکارانی کوردستان بە هەموو بەشەکانیەوە، ئەنێرین. دەستخۆشی لە کارو ماندووبوون و شەونخوونییان ئەکەین. سڵاو لە گیان پاکی هەموو ئەو میدیاکارە قارەمانانەی لە بەجێگەیاندنی ئەرکی مەزنی میدیاکاریدا، لە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ داگیرکەران و تیرۆریستان، گیانیان لەدەست دا. سڵاو لە ڕۆحی هەموو ئەو میدیاکارانەی لە پێناو ئازادی ڕادەربڕین و دیموکراسی و بەگژداچوونەوەی گەندڵی و نادادی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری، بوونە قوربانیی. سڵاو لە هەموو ئەو ڕۆژنامەوان و میدیاکارانەی لە زیندانەکانی دەسەڵاتدار و داگیرکەراندان.
جارێکی تر ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە سەرجەم میدیاکارانی کورد، لە تەواوی خەڵکی کوردستان پیرۆز بێت.
#22-04-2020#