بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی جیهان و عێراق بە گشتی و موسڵمانانی کوردستان بە تایبەتی دەکەم. پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزان لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەروەها کارمەندانی دەزگا ئەمنی و تەندروستییەکانی کوردستان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتیان زەحمەت و شەونخونیی زۆریان بینیوە.
بەداخەوە بەهۆی پەتای کۆرۆنا و قەیرانە سیاسییەکانی عێراق و دۆخی خەراپی ئابووریی ناوخۆیی و جیهانی، هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ناهەموار و هەستیار و لەبەردەم تەحەددیاتی تازەدایە. جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز بە دەرفەت دەزانم کە داوا لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بکەم، لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییات و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ناهەموارە لە ئاست بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا بن و ڕێگەی تەبایی و برایەتی و یەکڕیزی بگرنە بەر. داوا لە گشت لایەک دەکەم لەبری یەکترشکاندن و دروستکردنی گرژی و ناکۆکیی زیاتر، پێکەوە و بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی خەڵک و نەهێشتنی کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم گەلی کوردستان هاوکاری یەکتر بن. ئەوە چاوەڕوانیی خەڵکی کوردستانە لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و هەرچی دەستکەوت و سەرکەوتنی گەلی کوردستانیش هەبووە لە سایەی یەکڕیزی و هەست بە بەرپرسیارێتی لایەنەکان هاتووەتە کایەوە. لەوەیش دڵنیام کە گەلی کوردستان پشت بە خودای گەورە بە سەربەرزییەوە ناخۆشی و قەیرانەکان تێدەپەڕێنێت.
لەو بۆنە پیرۆزەدا هیوای خۆشی و بەختەوەری بۆ گشت هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەخوازم و ئومێدی ئەوە دەخوازم خودای گەورە ڕۆژوو و عیبادەتی هەموو موسڵمانانی قبووڵ کردبێت و ئەو جەژنە ببێتە مایە کۆتایهاتنی تیرۆر و نەخۆشی و نەهامەتییەکان و گەڕانەوەی ئارامی و ئاشتی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی.
مسعود بارزانی
30ی ڕەمەزانی 1441ی کۆچی
23ی 5ی 2020ی زایینی
⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!
ئەڤ بابەت ب زمانا (کوردیی ناوەڕاست) هاتیە نڤیساندن، کلیک ل ئایکۆنا
بکە ژ بو ڤەکرنا ڤی بابەتی ب ڤی زمانا کو پی هاتیە نڤیساندن!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئەڤ بابەتە 2,995 جار هاتیە دیتن
ڕایا خو دەربارەی ڤی بابەی بنڤێسە!